دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كانی رێبازی بارزانی نه‌مر

دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كانی رێبازی بارزانی نه‌مر
له‌و رۆژه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر وه‌ك سه‌ركاروان و پێشه‌نگی خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی و ئاڵا هه‌ڵگری كوردایه‌تی ده‌ركه‌وت و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی كرده‌ دوا وێستگه‌ی چاره‌سه‌ری پرسی كورد، هه‌ر چوار داگیركاری كوردستان چ به‌ هێز و چ به‌ پیلانگێڕی ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی كه‌وتنه‌ پێشگرتن به‌و ده‌ركه‌وتنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌.
له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو و له‌ گه‌رمه‌ی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلولیش، دوژمنان پیلانگێڕیه‌كه‌یان هێنایه‌ ناوماڵی كورد و ده‌سته‌یه‌ك به‌ فیتی دوژمنان و به‌ناوی ئایدۆلۆژی كه‌وتنه‌ دژایه‌تی بارزانی نه‌مر، ئه‌و ده‌سته‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك سه‌رگه‌رمی ئایدۆلۆژی كرابوون له‌ هیچ شتێك نه‌پرینگانه‌وه‌ به‌ خیانه‌ت و خه‌تای نیشتیمانیشه‌وه‌.
هه‌ر چوار داگیركاره‌كه‌ی كوردستان و پاشماوه‌ی ده‌سته‌ ئایدۆلۆژی خوازه‌كه‌ش له‌ دوژمنكاری نه‌وه‌ستاون و تا ئێستاش به‌ بیانووی جۆراوجۆر له‌سه‌ر دژایه‌تی كردنی هزر و بیر و رێبازی بارزانی نه‌مر به‌رده‌وامن و هیچیان پێنه‌كراوه‌ و پێشیان ناكرێ، به‌ڵام ئێستا له‌ناو پارتیدا ره‌وتێكی گه‌نده‌ڵكار و به‌رژه‌وه‌ندخواز گه‌رای دوژمنكاری داناوه‌ و له‌ هه‌ردوو دوژمنه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌ مه‌ترسیدار تره‌، جا ئه‌گه‌ر سه‌رۆك بارزانی و شوێنكه‌وتوانی رێبازی بازانی نه‌مر سنوورێك بۆ ئه‌و دوژمنه‌ شاراوه‌ی ناو پارتی دانه‌نێن و له‌ به‌ینی نه‌به‌ن، ئه‌وا رێبازی بارزانی نه‌مر ده‌خاته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی بچوك كردنه‌وه‌، به‌وه‌ش هه‌م خواست و ئامانجی داگیركارانی كوردستان و پاشماوه‌ی ده‌سته‌ ئایدۆلۆژیه‌كه‌ دێنێته‌دی و هه‌میش خه‌ون و خۆزگه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ گۆڕاخانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیاندا گۆڕه‌وشار ده‌ده‌ن.
Top