کوشتنی بارزان

کوشتنی بارزان
ئەشكەنجەدان‌و سوتاندن و کوشتنی گەنجێک لەکورکوک کردارێکی هێندە قێزەوەن و وەحشیانەیە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت هەزم و قەبوڵی بکا، شێوازی کوشتنی (بارزان محەمەد)و بینی وێنەکانی کە تامردن ئەشکەنجەدراوە تاوانێكی گەورەی دژبەمرۆڤایەتیە و هەرلایەن و كەسێک بەهەر پاساو و ناوێک ئەنجامی دابێ پێویستە بە توندترین شێوە سزابدرێت و بکرێتە بە پەند.

ئاخر کەی لەعورف و کەلتورو هزریی کوردیدا بووە بەبەهانەی ئینتمابوون بۆ حزبێک یاوەخود لایەنێکی سیاسی تاوانێکی وا قێزەوەن دەرهەق بە گەنجێک ئەنجامبدرێت، (بارزان محەمەد رەحیم) سەر بەهەر لایەنێک بێت و هەر کەسایەتی و سەرکردەییەکی خۆش ویستبێت، کوشتنی بەو شێوەیە کوفرێکی گەورەیەو لیخۆشبون لە بکەرانی ئەوتاوانەش کوفرترە. تاوانی (بارزان) تەنها ئەوەندەبووە کەلایەنگری پارتی دیموكراتی كوردستان بووەو لەبەر خۆشەویستی بارزانی ناو و وێنەکەی لەسەر جەستەی بەتاتۆ نوسیوە بۆیە كوژراوە. بکوژانی (بارزان) هەر بیانویەکی بۆ بهێننەوە تاوانێکە بەهیچ بارێک نابێت جێ بۆبکرێتەوە، دەخوازرێت هەمووان لەبەرامبەر ئەو تیرۆرە جەستەیی و فکرییە بوەستینەوەو ئیدانەی بکەین.

بەداخەوە دەبنین ئەمڕۆ بەرچاووی ئیدارەی کەرکوک لەدوای چەندین ساڵ ئازادی و پاراستنی بەهامرۆییەکان و بەرجەستەکردنی دیموکراسییەت لەشارێکی وەک کەرکوکی چەندین جار بریندار بەدەستی جەلادەکانی بەعس، جەلاد و فیتنەگێڕان دەستیان داوەتە تیرۆرکردنی گەنجانی ئەو شارە، هەرکەس وێنەی لاشەی سوتاو پڕبرین و هەڵکڕوزاوەکەی گەنجەکەی کەرکوکی بینی بێ، تێدەگات ئەو کردەوە وەحشیگەراییەی دەرهەق بەو کراوە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کردەوە قێزەوەنەکانی تیرۆرستانی داعش و بەعسییەکان کە بەرامبەر گەنجانی ئەو شارە ئەنجامدراوە، بێگومان ئەوەش پیلان و نەخشەی ئەوفیتنەگێڕانەیە کە دیانەوێت بەکردەوەو ئەنجامدانی تاوانی هاوشێوەی کوشتنی (بارزان محەمەد) و گەنجانی تر لەوشارەدا ئاشتی کۆمەڵایەتی و یەکریزی کورد و لایەنەکان نەهێڵن. لەسەردەمی بەعسدا لەسەر ناوی کوردبوون بەشێوەی (بارزان)و لەسەر ناوی (بارزان) گەنجان سزا دەران، ئەمڕۆ بەدەستی جەلادەکان و لەژێرناوی جۆراو جۆر گەنجانی کورد لەبەر خۆشەویستی و لایەنداری لایەنێکی کوردی سزادەدرێن، هەربۆیە دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک لەسەروی هەموویانەوە ئاسایشی یەکیتیی نیشتیمانی کوردستان لەکەرکووک بۆ ڕوو سپیکردنەوەی خۆی بەر لەهەمووان دەێت تاونباران لەهەر پلە و پۆستێک دابن دەستگیر بکات و ڕادەستی یاسایان بکات، تاوەکو بە توندترین شێوە سزابدرێن و بکرێن بە پەند بۆ هەموو ئەوانەشی کەبڕیارە کرداری لەم شێوەیە دووبارە بکەنەوە.
Top