زیاترلە رەخنە پێویستیمان بە بیری رەخنەگرە

زیاترلە رەخنە پێویستیمان بە بیری رەخنەگرە
ولاتی ئێمە وەک هەموو ولاتانی پاش دیکتاتۆرییەت و پێشنەکەوتوو و لە دەورانی گۆزار و گۆاستەوەدا پڕە لە کەم وکۆری، کە وابوو رەخنە لە سیاسەت و ئیدارەی ولاتیكی لەم چەشنە هۆنەرێکی ئینتێللێکتوالی و رۆناکبیرانەی ژیر نییە.
ئەوەی لە ولاتی ئێمەدا پێویستە و گرینگە - بیری رەخنەگر- ە بەم واتایە کە بتوانێ بە شێوەی تازە بیر بکاتەوە و بتوانێ رێگا چارەسەر بۆ گرفتەکان پێشکەش بکات. بۆیە زیاتر لە رەخنە پێویستیمان بە بیری رەخنە گڕ هەیە.
لە دوای سالی ٢٠٠٣ئەوە روەتی ئوربانیزاسیۆن و نیشتەجێبوون لە شارەکان وەک ئاکامێکی گۆڕان لە پێکهاتەی تەمەنی دانیشتواندا بە هێزەوە بەردەوام بووە. ئەم دیاردەیە وای کردووە کە پرسی نیشتەجێبوون و پێویستی بە خانووبەرەی تازە ببێتە پرسێکی گرینگ و وەک کەرتیش لە ناو ئابوورییدا ببێتە کەرتێکی سەرەکی چالاکی بازار.
ئەم بیرۆکەیە کە لە سالانی سی دا لە لایەن شارسازیی فەرانسی- کۆربۆزییە - ئەوە لە ژێر بیری پۆزیتیڤیزمی تەواو دا پێشکەش کرا کە خۆی لە بینای گەورە و گەرەکی پڕ لە بینای بەرز دا دەدیتەوە، لە ولاتانی کۆمونیستی جاران وەک میکرۆ رایۆن دووپات کرایەوە و لە هێند ولاتی ئەوروپاش لە سالانی شەست و هەفتادا پیادە کرا، وەک تەجروبەیەکی ناسەرکەوتوو وتێکدەر دەناسرێت، لە کوردستانی ئێمەدا پەیرەو کراوە و ئێستا ئاسەواریی خەراپی ئەم سیاسەتی شارسازییە هەنگاو بە هەنگاو دەردەکەوێت.
ئاکتۆرەکانی بازار بە قازانجیان بوو کە ئەم بینایانە بە وەرگرتنی زەویی لە دەولەت و کۆ کردنەوەی پارە لە خەلک ساز بکەن و دەرهاویشتەکانی سیاسی و ئابووریی و کۆمەلایەتی لەبەر چاو نەگرێن. ئێستا دەبێ کۆمەلگا بە گشتی باجی سوودی – سەرمایەداران- بداتەوە.
ئەم رەوتە بوو بە هۆی ئەوە کە گەرەکی وا ساز بکرێت کە کەس کەس نەناسێتەوە، بوو بە هۆی دابەشکردنی شار و لە یەک پچراندنی دانیشتوانی شار، بوو بە هۆکارێکی سەرەکی لە پرۆسەی کۆکردنەوەی سەرمایە و سوسیال مۆبیلیتی زۆر تازە دەولەمەندی بێ کیفایەت، بوو بە هۆی بەرز بوونەوەی هەلاوسانی ئابووریی بە شێوەیەکی کوشەندە ، بوو بە هۆی شۆر بوونەوەی سەرمایەی بەردەستی خەلک لە جاتی کار و چالاکی بە بەرهەم ، بۆ ئەم کەرتە ،و بوو بە هۆی زەرەر گەیاندنی بە گەشەی ئابووریی ولات.
ئێستا کە بەشێکی زۆر لەو خانوو بەرزانە لە دەستی – سەرمایەداران- دا ماوەتەوە و خەلکی ولاتیش توانای کرینیان نییە بەو مەرجانە کە سەرمایەداران دایاناوە ، لەبەر ئەوە کە لەم سالانە دا ئەوان فێر بوونە کە قازانج لە زووترین کاتدا بگاتە دەستیان، چارەی زۆر – عاقلانە- لە پارێزگای سلێمانییە ئەوەیە کە بە ملکەوە بفرۆشین بە دانیشتوان عەرەب.(دەبێ بگۆترێ کە ئەم رەوتە خەراپە لە هەر چوار پارێزگای کوردستاندا بەرێوە چووە).
چەند پرسیاری جیددی دێتە گۆرێ
١.داخوا لە کوردستاندا خواست نییە بۆ ئەم یەکەی نیشتەجێبوونانە؟
٢.بۆچی -سەرمایەداران- ناتوانن ئەم یەکانە بە قیستی درێژخایەنەوە بفرۆشن بە هاوولاتیان کوردستان؟
٣.داخوا مەترسی تەعریب لە سەر کورد لا چووە و کورد سەرزەمین و لاتی خۆی و سەروەریی بە سەر ئەو ولاتەدا دابین کردووە؟
٤.کورد وەک میللەت و نەتەوە و چارەنووسە سیاسییەکەی دەبێ پاشەکشەی پێ بکرێ لە پێناو سوودی چەند سەرمایەدارێکی بێ فیکر و بێ پلان و سیاسەتی ئیدارەی ولات دەبێ خۆی تەسلیمی بەرژەوەندی وان بکات؟
بە داخەوە کە باسی ئەم هەنگاوانە دەکرێ باس لە مەنتیقی ئابووریش دەکرێ، بەم واتایە کە ئەم هەنگاوە نادروستە دەتوانێ پارە بخاتە ناو بازار و جموجۆلی بازار زیاتر بکات، کەس لە خۆی ناپرسی کە داخوا کەمایەسی بازاریی کوردستان نەبوونی پارەیە ؟ یان گرفتی ترمان هەیە کە بازار جوولە ناکات؟ کۆسپەکانی سەر رێگای چالاک کردنی ئابووریی کوردستان ئەو فاکتۆرانە نین کە باسیان لێوە دەکرێ.
هەر هۆکارێک بۆ ئەم کارەخەراپە دێنن ، فەرموون بەلام باسی مەنتیقی ئابووریی مەکەن . ئابووریی و سیاسەتی کوورت و درێژخایەن بە یەک گرێدراوێن، رەنگە وا بێ کە ئەگەر لە سیاسەتدا مەنتیق ئەوە بێ کە مالیکی بە هاوپەیمان بزانرێ دەتوانین بەلەین کە لە ئابووریشدا وای لێ دێت کە فروشتینی ملک بۆ عەربی بەرپرس لە تەعریب یش مەنتیقی ئابووریی هەبێت. هەر چۆنێک بێت ئەم پرسە لەبەر پێوەست بوونی بە ستراتێژیی نەتەوەیی ناتوانێ لە سەلاحییەتی ئیدارەی پارێزگایەکدا بێت ، حکوومەت بەرپرسیارە.
Top