له‌ وه‌ڵامی هێنانی نوری مالیكیدا

له‌ وه‌ڵامی هێنانی نوری مالیكیدا
هێنانی نوری مالیكی بۆ سلێمانی و ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رموگوڕه‌ی له‌لایه‌ن یه‌كێتی و گۆڕان لێكرا، ئه‌وه‌نده‌ شه‌رمهێن و جێگه‌ی خه‌جاڵه‌تییه‌ كاتێك له‌ گۆرانخواز و هه‌ڵسووڕاوانی گۆڕان و كادیر و به‌رپرسانی یه‌كێتی ده‌پرسی: ئه‌م هێنان و پێشوازیه‌ گه‌رموگوڕه‌ بۆچی؟ بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌جاڵه‌تیه‌ی له‌ هێنانیدا به‌سه‌ریان هاتووه‌ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێن: كاتی خۆی هاتۆته‌ هه‌ولێر و له‌ هه‌ولێر كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی پێكهێنا، كادیرانی پارتیش ئه‌وه‌نده‌ ده‌م مردووله‌ن بێده‌نگ ده‌بن و وه‌ك یه‌كێتی و گۆڕان خۆیان به‌ خه‌جاڵه‌ت ده‌زانن.
راسته‌ شه‌ش ساڵ به‌ر له‌ ئێستا نوری مالیكی هاته‌ هه‌ولێر و هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ كورد و شیعه‌ و سوننه‌وه‌ ره‌زامه‌ند بوون نووری مالیكی سه‌رۆكی حكومه‌ت بێ، ئه‌وه‌ی ناڕازی بوو سه‌رۆك بارزانی بوو، هه‌ر بۆیه‌ش جه‌نابی مام جه‌لال هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناردنه‌ هه‌ولێر، جیا له‌وه‌ش ئه‌وكات مووچه‌ و قووتی خه‌ڵكی كوردستانی نه‌بڕیبوو، به‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌ هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و هاتنه‌وه‌ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆكی نه‌ده‌كرد، بارودۆخی سیاسی ناوخۆیی و هه‌رێمی نێوده‌وڵه‌تی ته‌واو له‌ ئێستا جیاواز بوو، ئێ كادیره‌ ده‌م مردووه‌كانی پارتی ئه‌و راستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌یان پێبلێن و دواییش پێیان بڵێن: ئه‌وكات بۆ پیكهێنانی كابینه‌ هاته‌ هه‌ولێر و دوای ئه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كردن، هه‌ر له‌ هه‌ولێره‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت لادرا، ئه‌ی ئێستا ئه‌گه‌ر بۆ ئاژاوه‌گێڕی نییه‌ بۆچی هێنراوه‌ته‌ سلێمانی؟؟!!‌
Top