له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دونیایه كه رووداوێكی سیاسی یان سه‌ربازی یان ئابووری و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تیش رووده‌دات، سیاسی و شرۆڤه‌كار و رۆشنبیرانی كورد دێنه ده‌نگ و به موزایه‌ده و بۆ مه‌به‌ستی خۆ ده‌رخستن باسی ده‌كه‌ن و به راست و چه‌پدا شت فڕێ ده‌ده‌ن،، به‌ڵام من به نه‌زانی خۆم و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سیاسی و شرۆڤه‌كار و رۆشنبیرانه بۆ رووداوه‌كان ده‌ڕوانم و ده‌ڵێم: دوور یان نزیك.. له هه‌ر وڵات و كونج و كه‌له‌به‌رێكی سه‌ر رووی ئه‌م زه‌مینه كه رووداویك رووده‌دات، ئه‌گه‌ر خێری كوردی تێدابێت و له به‌رژه‌وه‌ندی پرسی ره‌وای كورددا بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵاته ببێته دۆزه‌خ پێشوازی لێده‌كه‌م، خۆ ئه‌گه‌ر رووداوه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی كورد نه‌بێ، ئه‌و وڵاته به‌و رووداوه ببێته به‌هه‌شت، ده‌ڵێم: خۆزگه رووی نه‌دابا، ئاخر كورد ئه‌نفال كرا، كیمیابارن كرا، وڵاتی راگوێزرا و به چۆڵه‌وانی كرا، كۆمه‌ڵكوژ كرا و له بیابانی جه‌هاله‌تدا به زیندوویی ژێر گڵ خرا و ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تیان هه‌بێ ئێستاش هه‌موو ئه‌وانه دووباره و چه‌ندباره ده‌كه‌نه‌وه، له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان كورد ده‌چه‌وسێنرێته‌وه و به تاوانی كوردبوون ده‌كوژرێ و ده‌خرێته ناو زیندانه‌كان، دوای كوشتن و له سێداره‌دانیش تۆمه‌تی ناڕه‌وای ده‌رێته پاڵ، ئایا له به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و تاوانانه چه‌پ و راست و ماركسییه‌ك، موسڵمان و له خوا ترس و فتواده‌رێك، دیموكراتخواز و مافی مرۆڤێك هاته ده‌نگ؟! ئایا دیكتاتۆره‌كان نه‌یانده‌كوشتین و ئه‌وانیش بێده‌نگیان هه‌ڵنه‌بژاردبوو؟! ئایا ئه‌وانه‌ی له ئاستی زوڵم و سته‌م بێده‌نگ ده‌بن قه‌ڵا و پارێزه‌ری زاڵم و سته‌مكاران نین؟! ئه‌ی كه‌وایه من بۆ به رووداوێك خۆشحاڵ ببم كه برینه قووڵ و به ژواره‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌می نه‌دیبێ و نه‌بینێ!!
من نه‌خوێنده‌وارم و فاڵ گره‌وه‌ش نیم تا بزانم سبه‌ی چی رووده‌دات، بۆیه ناچارم له ده‌رگای مێژووه‌وه بۆ داهاتوو ده‌ڕوانم، مێژووی كورد و هه‌موو گه‌لانی دونیاش پێیان گوتووین و پێمان ده‌ڵێن: هه‌موو وڵات و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك و ته‌نانه‌ت تاكیش له روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له رووداوه‌كانیان رووانیوه و ده‌ڕوانن، ئایا كه‌ستان دیوه به رووداو و پێشهاتێك خۆشحاڵ ببێ كه دژی به‌رژه‌وه‌ندیه‌مانی خۆی بێ؟! یان بۆ رووداوی وڵاتێك بكه‌وێته هه‌له‌كه‌سه‌ما كه ئه‌نفال و كیمیاباران و هاوار و ناڵه‌ی منداڵانی كورد راینه‌چڵه‌كاندبێ، ئێ كه‌وایه من بۆچی و له پێناو چیدا خۆم (كه‌ر) بكه‌م و پێچه‌وانه‌ی هه‌موو دونیا له رووداوه‌كان بڕوانم، جا من ئاوام و ئێوه‌ش چۆنن كه‌یفی خۆتانه و چیم پێده‌ڵێن نه‌ك گه‌ردنی خۆتان، گه‌ردنی باب و باپیریشتان ئازاد بێت.