حزبی سرووشت قڕژاڵی

حزبی سرووشت قڕژاڵی
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ قۆناغێكی هه‌ستیار و بۆ گه‌یشتن به‌ دوا مه‌نزڵی خه‌ونه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی رێككه‌وتنی ستراتیجی واژۆ كرد، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ زرۆ ده‌سته‌كه‌وتی گرنگی بۆ كورد به‌ده‌ستهێنان و زۆر قۆناغی هه‌ستیاری تێپه‌ڕاندن و رووداوه‌ مه‌ترسیداره‌كانیشی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد شكاندنه‌وه‌، نوری مالیكی مووچه‌ و بودجه‌ی بڕی، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌ی درووست كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی داگیر كردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و هاتنه‌وه‌ هه‌وێر و سلێمانی دهۆكیشی ده‌كرد، ده‌یویست كورد بگێڕێته‌وه‌ خاڵی ده‌سپێك، یه‌كێتیش له‌ كوردستان پێداگری له‌سه‌ر گرنگی رێككه‌وتنه‌ ستراتیجیه‌كه‌ ده‌كرد و له‌ به‌غداش په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ نوری مالیكی توندوتۆڵ تر ده‌كرد.
رێككه‌وتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌رده‌وامه‌ و له‌ راگه‌یاندنه‌كان و له‌سه‌ر زاری گه‌وره‌ به‌رپرسان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كرێ، گوایه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئاماجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادیش بۆ بچوك كردنه‌وه‌ی كورد و به‌ مه‌به‌ستی سنوور دانان بۆ داوا ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان، له‌ مووچه‌ و بودجه‌ بڕین و هه‌ڕشه‌ی هاتنه‌وه‌ كه‌ركوك و كۆی گه‌مه‌ سیاسیه‌كانی دژ به‌ كورد درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی نوری مالیكی ده‌دات، ئه‌وه‌تا له‌ باتی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌، حه‌شدی شه‌عبی له‌ دوزخورماتووه‌وه‌ چاوی ته‌ماحكاری عرووبه‌ی بڕیوه‌ته‌وه‌ كه‌ركوك و یه‌كێتیش ئه‌و كێشه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌ سیاسه‌تی كات به‌ڕێكردن سپاردووه‌ و رێككه‌وتنی حزبی و نهێنی له‌گه‌ڵ ساز ده‌كات.
یه‌كێتی (25) ساڵه‌ له‌ حكومه‌ت برابه‌شه‌ و له‌ چاك و خراپ و دزی و گه‌نده‌ڵیه‌كانی ئه‌و حكومه‌ته‌ شه‌ریكه‌، له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كان خۆی به‌ برا گه‌وره‌ ده‌زانێ و له‌ شكسته‌كانیش راده‌كات، كورت و كرمانجی باخه‌ڵی له‌ حكومه‌ته‌ و زمانی نه‌ك هه‌ر له‌ ئۆپۆزسیۆنێكی میانڕه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ ئۆپۆزسیۆنیكه‌ كه‌ بۆ كوده‌تا به‌ دوای ده‌رفه‌تدا ده‌گه‌ڕێ.
ئێستا كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌یشتوونه‌ بنبه‌ست و جگه‌ له‌ گشتپرسی و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هیچ رێگاچاره‌یه‌كی تر له‌به‌رده‌م كورددا نه‌ماوه‌، كه‌ باس دێته‌ سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان یه‌كێتی خۆی به‌ پێشه‌نگی هه‌ڵگرانی درووشمی (مافی چاره‌ی خۆنووسین) ده‌زانێ و له‌ ده‌رگاوه‌ هاواری ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كات، له‌ كۆڵانیشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌فدی هاوبه‌ش ده‌نێرنه‌ به‌غدا و مه‌گه‌ر خوا به‌ گه‌وره‌یی بزانێ چ گفت و به‌ڵێنێك به‌ به‌غدای ئه‌نفال و كیمیا و قووت و مووچه‌بڕ دراوه‌؟!
یه‌كێتی له‌سه‌ر كوردانی باكوور و دژ به‌ ده‌وڵه‌تی توركیا دێته‌ ده‌نگ، بۆ كوشتوبڕی كوردانی رۆژهه‌ڵاتیش بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرێ و له‌ ئاست رژێمی په‌ت و سێداره‌ی ئێران ده‌چنه‌ خه‌ڵوه‌تی په‌ناگیری و له ‌ناو قۆزاخه‌ی بێئاگاییدا خۆان مت ده‌كه‌ن، جا ئه‌گه‌ر به‌ ده‌نگ هاتنیان له‌سه‌ر كوردانی باكوور هه‌ڵوێستێكی نه‌ته‌وه‌یی بێ و له‌ په‌رۆشیانه‌وه‌ بێ بۆ كورد؟ ئه‌ی بێده‌نگی له‌ ئاست كوردانی رۆژهه‌ڵات و ئه‌و په‌ناگیری و چوونه‌ ناو قۆزاخه‌ی متبوونه‌ ناو بنێین چی؟!
ئه‌وه‌یه‌ حزبی سرووشت قڕژاڵی، چۆن قڕژاڵ به‌ هه‌موو لایه‌كاندا ده‌ڕوات و ئه‌وه‌ش زۆر جاران رێگه‌ی ئامانجه‌ دیاریكراوه‌كه‌ی لێ ون ده‌كات و سه‌ره‌نجام تووشی هه‌ڵدێر ده‌بێ، یه‌كێتیش وای لێ قه‌ماوه‌ و چه‌ند باڵه‌ و هه‌ر سه‌رباڵێك به‌ ئاراسته‌یه‌كدا و به‌ پێی خواستی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی باڵه‌كه‌یدا خۆی راده‌وه‌شێنێ.
Top