سیاسەتكردن بۆ بەهرەدارانی سیاسییە نەك بۆ نمایشكارانی بەردەم میدیاكان

سیاسەتكردن بۆ بەهرەدارانی سیاسییە نەك بۆ نمایشكارانی بەردەم میدیاكان
مرۆڤی ژیر خاوەنی بەهرەیەكە و ئەو بەهرەیە دەیگەیەنێتە هەموو هەوڵ و ئامانجەكانی، ئینجا ئەگەر ئەو مرۆڤە خاوەنی بەهرەی سیاسی بێت و سیاسەتمەدار بێت، ئەوا ئەو نیشتمان و گەلە سەربەرز دەبن و بەرەو لوتكە هەنگاوەكانیان دەنێن. لەبەر ئەوەی سیاسەتمەداری خاوەن بەهرە هەمیشە بە شێوەی دیراسەكراو و پلان بۆ داڕێژراو و نەخشەڕێژ هەنگاو دەنێت، بۆیە هیچ كات جێی مەترسی نییە ئەگەر ئەو سیاسەتمەدارە هەر هەنگاوێك بنێت و لە لایەن میللەتەوە پشتگیری بكرێت. لە ئێستادا ئەو بەهرەمەندە سیاسییە لە كوردستان ڕێزدار مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە كە توانیویەتی بە سیاسەتی حەكیمانە و ژیرانە كوردستان بگەینێت بە جیهان و كوردستان بگەیەنێتە ئەو ئاستەی كە پرۆتۆكۆل لەگەڵ گەورەترین وڵاتی زلهێزی جیهاندا واژوو بكات، ئەویش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری پێشمەرگەی سەربەرز و بۆ سەروەری زیاتری كوردستان. هەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش نییە كە پشتگیری لە كوردستان و پێشمەرگەی كوردستان دەكات، بەڵكو چەندین وڵاتی زۆر بەهێزی دیكەی وەك ئیسرائیل، ڕووسیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، توركیا، سعودیە و زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەموو ئەو وڵاتانەی لەگەڵ سەربەخۆیی كورد و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانن، لەگەڵ ئەوەن پێشمەرگە ببێتە سوپایەكی بەهێز، چونكە پێشمەرگەیە كە شەڕی هەموو جیهان لە دژی تیرۆر دەكات. بۆیە زۆر لە دەوڵەتی گەورەی جیهان پشتگیری لەو لێدوانەی ڕێزدار (مسرور بارزانی) دەكەن كە چیتر كوردستان نابێت بەشێك بێت لە عێراق و دەبێت عێراق ببێت بە سێ هەرێم و كورد لەگەڵ وڵاتێك نامێنێت كە خەڵكەكەی لەسەر ناسنامە دەكوژرێت، ئەو راشكاوییە سیاسییەش بووە تەوەری گفتوگۆ و باسی میدیا جیهانییەكان، كە بێگومان هیچ كام لەم دەستكەوتانە، دەستكەوتی خۆڕایی نین، بەڵكو سیاسەتمەداری بەهرەمەند گەیاندوویەتە ئەم ڕۆژە.
بەڕاستی ئەم دەستكەوتانەی جەنابی سەرۆك بارزانی، نە كەم دەبێتەوە و نە بەراورد دەكرێت لەگەڵ قسەی چەند نمایشكارێكی بەردەم میدیاكان كە هەموو خەم و ئاواتیان تێكدانی ئەم دەستكەوتانە و ئاژاوەنانەوەیە لە كوردستاندا و دەیانەوێ خەڵكی كوردستان بكەن بە گژی یەكدا و خەڵكی شارێك لەگەڵ شارێكی دیكە یەكیان نەوێت و دوو كەس لە ناو یەك شوێنی كاركردن یەكیان قبووڵ نەبێت، دروستبوونی هەموو ئەمانە دەرئەنجامی دروستبوونی كۆمەڵێك هەرزەكار و نمایشكار بوو لە بەردەم میدیاكانی كوردستان لە كومەڵێك لایەنی دژ بە كورستان و دژ بە پارتی دیموكراتی كوردستان لە حزبەكانی ڕكابەر و میدیا بە ناو سێبەرەكان كە ڕۆژانە كۆمەڵێك سیناریۆی درۆی دژ بە دۆزی كورد و دژ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دروست دەكەن و كۆمەڵێك نمایشی سەیر لە بەردەم میدیاكانی سپۆنسەریان نمایش دەكەن.
بۆیە كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان پێكەوە و لە یەك كاتدا ناویان دەهێنین، چونكە پارتی هەر لە سەرەتای دروستبوونیيەوە هەتا ئەم چركەساتە تەنیا حزب بووە كە هەمیشە سوور بووە لەسەر پێشخستنی دۆزی كورد و سوور بووە لەسەر سەربەخۆیی كوردستان و سەروەری خاكەكەی. بۆیە ناحەزان و ركابەرەكانی كە هەڵگری ئایدیای زۆر جیاوازن كە ئایدیای دژایەتی پارتی و كورد و كوردستانە، هەمیشە لە هەوڵی ئاژاوەنانەوە و نمایشی ساختە و بوختانن، بۆیە دەڵێم سیاسەتكردن بۆ بەهرەدارانی سیاسییە، نەك بۆ نمایشكارانی بەردەم میدیاكان.
Top