کودێتای تورکیا، دەرس و فرسەت

کودێتای تورکیا، دەرس و فرسەت
لە ولاتی تورکیادا کودێتا کرا و سەرکەوتووش نەبوو و راگەیندرا کە دێمۆکراسی تورکیا سەرکەوت.
چەند پرسیار لێرەدا گرینگن، بۆ کودێتا کرا؟ بۆ سەرنەکەوت؟ و ئێستا کێ قازانجی کرد؟ تورکیا وەک ولات چی لێدێت؟
دیارە دەبێ زەمان و دراسات و زانیاریی زیاتر بەشێکی زۆری ئەم ولامانەمان بۆ دیاربکەن، بەلام چەند خالێک گرینگن وجەوهەریین.
با بگەرێنەوە سالانی نەوەد کە ناوەندی سیاسەتی تورکیا بە تەواویی هەرەسی هێنا و ئەحزاب پشتیوانی جەماوەرییان لە دەست دا و سیاسەتی تورکیا تووشی قەیران بوو.
لە دەستپێکی سالەکانی دوو هەزارەوە سیاسەت بە هاتنی ئاک پارتی بۆ سەر دەستەلاتی سیاسی و هاوکاریی دەزگامالییەکانی نێونەتەوەییەوە بە تایبەت ئائ ئێم ئێف ئەوە کە بە تایبەت سامانی دا بە سیستمی بانکی و بوودجە ،ئابووریی دەستی بە گشە کرد و ولات سەقامگیریی بە خۆیەوە بینی و توریزم بوو بە بەشێکی گرینگ لە ئابووریی ولات و سەرمایە دەرەکی رووی لە تورکیا کرد ئەم رەوتە لە دوای دەست پێکردنی پرۆسەی ئاشتی هەنگاو بە هەنگاو کوردستانیشی گرتەوە، سالانی نێوان دوهەزار و نۆ و دووهەزارو چواردە دەکرێ وەک سالانی زێرینی گەشە و پێشکەوتن وئارامی تورکیا لە چەند دەهەی رابردوودا، ناوزەد بکرێن.
بەلام سیاسەتی تورکیا لە لایەن دەرەوەرا لە ژێر کارتێکەریی رووداوەکانی ژیئۆپۆلیتیکی ناوچە و لە نێو خۆشیدا لەبەر ساغ نەبوونەوەی ستراتێژیی لایەنەکان و نەبوونی متمانە لە شێوەی بۆچوون و هەلس و کەوتیان لەگەل ئەو دەولەتە کە هەیانە ، کەوتە ژێر زەختەوە .
شکستی لایەنەکان لە داریشتنەوەی سیاسەتی خۆیان بەم واتایە کە هەر کەسە خۆی بە خاوەن و مودیریی راستەقینە و پارێزەری ئەو دەولەتە دەزانی، رەکەبەرایەتییەکی دروست کرد کە لە کۆتایی دا خەریک بوو سەری دەولەتەکەش بخوات و زەرەرێکی گەورەشی پێگەیاند و لە جاران لاوازتری کرد. ئەم رەکەبەرایەتییە ناسالیمە ریشەی لە نادێمۆکرات یان کەم دێمۆکرات بوونی هێزەسیاسییەکاندایە و ریشەی لە جێگیر نەبوونی بیر وبۆچوونی دێمۆکراتیکی هەلس و کەوت لەگەل دەولەتدایە. دەولەت لە جەوهەریی خۆیدا کۆکەرەوەیە، جێگای بە تەنیا یەک لایەن نییە، ئەم خالە لە بیریی نادێمۆکراتیدا پێگەی دیار نییە.
بۆیە سیاسەتی تورکیا جارێ هەر لە خۆی دەگەرێ، کەچۆن پێناسەی خۆی بکات؟بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان خۆیانی تێدا ببیننەوە ؟ لە خۆی دەگەرێ کە چۆن هەموو دژبەرییەکان لە سەر پاراستنی دەولەتی دێمۆکراتیک دا رێککەوێن؟ ئەم پرۆسەیە دیارە پێ دەچێت. ئەگەر لایەنەکان ئیسرار لە سەر هەمان سیاسەتی جارانی خۆیان دا بکەن دیارە هێند تر لاوازتر دەبن و ولات بەرەو داڕمان دەروات.
ئەوەی ئێستا دیارە تورکیا لە سیاسەتی ناوچەدا لاواز تر دەبێت و لە سیاسەتی نێو خۆ دا شک و گۆمان دەبێتە بەشێک لە سیفاتی ستراکچرالی سیاسەت.
لە پێوەندی لەگەل پرسی کوردییدا رەنگە ئێستا دەرفەتێکی باشی تر بێتە پێش بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، بە تایبەت کە ئێستا ئەرتێش زەربەی کوشەندەی وێ کەوتووە و بەشێک لەوانەش کە دەستبەسەر کراوێن بەرپرسی سەرکووتی جزیری بۆتان و نۆسەیبین و سوری ئامێد و شۆێنەکانی تری کوردستان بوونە . لە رۆژئاوادا ئەم لاوازییەی ئەرتێشی تورکیا دەستی کوردەکان دەکاتەوە کە بتوانن ئاجێندای خۆیان بەرێنە پێش و پەرە بە دەستکەوتە نیزامییەکانیان بدەن. سیاسەتی دروستی کوردیی لە تورکیا دەبێ نەک لە سەر بنەمای رەددی بوونی لایەنەکانی تر لە دەولەتدا و بوون بە بەشێک لەو گرفتە ستراکچرالەی ناکۆکیی تێکدەرانە لە تورکیا دایە، بەلکوو لە سەر بنەمای بەشداریی کورد بنا بنرێت. دەرسێکی گرینگ لەو تەجروبەیە بۆ باشور ئەوەیە کە نابێ رەکەبەرایەتی لایەنە سیاسییەکان بگاتە ئەو ئاستە کە سەری موجودییەتی کورد و پرۆژەی رزگارییەکەی بخوات، ئەمەش بەرپرسیارییەتی گشت لایەنەکانە.مەیدانی رێککەوتن لە سەر دەستور، سیستم و .... لە باشووردا کراوەیە، ئەوەی خەلک رەنج دەدات و چارەنووسی ولات لێل دەکات ناکۆکی و ئەو جۆرە رەکەبەرایەتییە ی ئەحزابە ، کە لە سەرەوەداباسمان لێوە کرد. رووداوەکانی تورکیا هەم دەرسن بۆ ئیمە و هەمیش دەتوانن بە قازانجی کورد بشکێنەوە.
حوسێن کوردنەژاد
Top