كوده‌تا له توركیا و چه‌پڵه له سلێمانی
July 17, 2016
وتار و بیروڕا
ئه‌وان ئه‌وه‌نده كورتبینن و هه‌ر ئه‌و كورتبینیهشه تووشی ده‌یان هه‌ڵه و خه‌تای نیشتیمانی كردوون، له ئه‌نجامی ئه‌و كورتبینیه و خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یان بۆ رووداوه‌كان، پێیان وابوو به سه‌ركه‌وتنی كوده‌تاچیه‌كان و رووخانی حكومه‌تی توركیا پارتیش له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ی ده‌چێته گۆڕه‌وه، به‌وه‌ش ده‌روازه‌ی تێكه‌ڵبوون به جیهانی ده‌ره‌وه به‌سه‌ر كوردانی باشوور و حكومه‌تی هه‌رێمدا داده‌خرێن، ئه‌وكاتیش هه‌م موزایه‌ده‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه پێشبینیه‌كانیان راست ده‌رچوون و هه‌میش رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌غدا و پرۆسه‌ی به جاش بوونه‌وه‌یان دهشهرعاند، ئه‌و كورتبینانه ئه‌وه‌نده به كورتبینی له كوده‌تاكه و ده‌رئه‌نجامه‌كانیان ده‌ڕوانی هه‌موو ئه‌و وێستگه گرنه‌گه مێژووییانه‌ی خواره‌وه‌یان له‌بیر كردبوون.
1ــ پارتی هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه تا دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق و رووخانی رژێمی به‌عسیش، یه‌كێك له دوژمنه سه‌رسه‌خته‌كانی توركیا بووه و له خه‌بات و قوربانیدانیش به‌رده‌وام بووه.
2ــ له دوای رووخانی كۆماری كوردستان و داخرانی ده‌رگا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به دوو جه‌مسه‌ره زلهێزهكهشهوه، بارزانی نه‌مر به (500) جه‌نگاوه‌ر دڕی به هێزی سێ ده‌وڵه‌تی دوژمن به كورد و داگیركاری كوردستان دا‌و ده‌روازه‌ی داخراوی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جارانی به رووی خۆی و دۆزی ره‌وای كورد و ئاڵای سه‌ر كۆشكی كۆماری كوردستاندا كرده‌وه، ده‌زانن یه‌كێك له‌و سێ ده‌وڵه‌ته داگیركا‌ر و دوژمن به كورده توركیای ئێستا بوو؟!
3ــ كاتێك بارزانی نه‌مر له‌سه‌ر زوڵم و سته‌می داگیركارانی كوردستان و چه‌وسانه‌وه‌ی كورد نامه‌ی ئاڕاسته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رۆك كۆماری هه‌موو وڵاتان كرد، یه‌كێك له‌و سه‌رۆك كۆمارانه‌ی نامه‌كه‌ی نه‌كرده‌وه و ناردیه‌وه سه‌رۆك كۆماری ئه‌و توركیایه بوو، ئایا ده‌زانن ئه‌و سه‌رۆك كۆماره باپیره‌ی ئه‌و كودهتاچیانهی ئێستا بوو؟!
4ــ هه‌موومان له بیرمانه دوای ئازادی پرۆسه‌ی عێراقیش توركیا هێزی دێنایه سه‌ر سنوور و هه‌ڕه‌شه‌ی هاتنه ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كرد، سه‌رۆك بارزانیش وه‌ك ئێستای ناو سه‌نگه‌ره‌كانی به‌ره‌ی جه‌نگی داعش له به‌ره‌ی پێش‌گرتن به سوپای توركیاش ده‌وه‌ستا و ده‌یگوت: مه‌گه‌ر تانكه‌كان به‌سه‌ر لاشه‌ی مندا بڕۆن، هه‌ر ئه‌و توركیایه له‌باتی ئه‌وه‌ی به تانكی جه‌نگه‌وه بێته ناو خاكی هه‌رێم، به تانكی دیبلۆماسیه‌وه كونسوڵگه‌ری له هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان كرده‌وه و به ئاڵای كوردستانیشه‌وه پێشوازی له سه‌رۆك بارزانی ده‌كات.
پارتی و سه‌رۆك بارزانی خاوه‌نی ئه‌و وێستگه مێژووییانه‌ن و له زۆر قۆناغی هه‌ستیار و ترسناكیشدا رێڕه‌وی مێژوویان گۆڕیوه، ئاخر ئه‌و حزبۆكانهی سلێمانی پێمناڵێن: دڵیان به‌چی خۆش ده‌كه‌ن و خۆزگه‌كانیان به چ خه‌ونێكی زڕاو ده‌سپێرن؟! بۆیه روو له هه‌موو كورتبین و داخ له دڵه‌كان ده‌كه‌م و لێیان ده‌پرسم: حزبێك خاوه‌نی (70) ساڵ خه‌بات و قوربانیدان بێ و به هێزی رێبازی بارزانی نه‌مر و بیری كوردایه‌تی بچێته ناو رووداوه‌كان، له خه‌باتی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیدا چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی مێژوویی و سه‌ركه‌وتنی بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر كردبن و له چه‌ندین كه‌وتن و شكستیشدا به گوڕتر له جاران هه‌ستابێته‌وه و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ده‌یان پیلانگێڕی ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیش بووبێ، تۆ بڵێی به ئاڵوگۆڕیكی ناو توركیا ئه‌وه‌نده لاواز ببێ؟! نه‌یارو دوژمنه‌كانی كوردایه‌تی به درزی ئه‌و لاواز بوونه‌دا بگه‌نه خه‌ون و خۆزگه و مه‌رامه شاراوه‌كانیان؟!
كورتبینی و رق و كینه‌ی ئه‌وانه له پارتی و سه‌رۆك بارزانی وایكردووه چاره‌نووسی كوردانی باكووریش بكه‌نه پێخوستی حه‌ز و مه‌رامه‌كانیان، چونكه خۆشحاڵ بوون به سه‌ركه‌وتنی كوده‌تایه‌ك وه‌ك كوده‌تاچییه‌كان خۆیان گوتیان: گێرانه‌وه‌ی كورده بۆ ناو مهرگخانهی ئه‌تاتورك و دووباره به توركی كێوی كردنه‌وه‌ی كورده، ئایا ئه‌وكاته سه‌ركه‌وتنی ئێوه‌ی كورتبین و دژه سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی له كوێدا ده‌بوو؟ یان ئێوه هه‌موو پلان و كارنامه‌یه‌كی سیاسیتان بۆ دژایه‌تی كردنی پارتی و خانه‌واده‌ی بارزانی نه‌مره و هیچی تر.