پرسیارگه‌لێكی وه‌ڵام نه‌دراوه‌ی پشت تیرۆر كردنی دكتۆر قاسملو
July 13, 2016
وتار و بیروڕا
ناوی دكتۆر قاسملو بكه‌وێته به‌ر چاوی هه‌ر كه‌سێك جیا له پسپۆڕیه‌كه‌ی خۆی، دنیایه‌ك شاره‌زایی و ئه‌زموونداری له سته‌مكاری دوژمنان و سیاسه‌تی دوژمنناسی به به‌ر چاویدا گوزه‌ر ده‌كات، به تایبه‌تیش مێژووی فارس كه چه‌ندین جار به‌ناوی گفتوگۆ و ئاشتی سه‌ركرده كورده‌كانی خستوونه داوی تیرۆره‌وه، لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه: دكتۆر قاسملو له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو شاره‌زایی و ئه‌زموونداریه‌ی چۆن كه‌وته ئه‌و داوه‌ی كه پێشتر چه‌ندین سه‌ركرده‌ی تر له ئه‌نجامی نه‌شاره‌زایی و كه‌م ئه‌زموونی كه‌وتوونه‌ته ناوی؟ لایه‌نی سێیه‌م كێ بوو؟ كێ زه‌مینه‌ی ئه‌و دانیشتن و گفتوگۆ نه‌هێنیه‌ی نێوان دكتۆر قاسملو و ئیتلاعاتی ئێرانی رێكخستبوو؟ دكتۆر قاسملو چۆن متمانه‌ی كردبووله‌گه‌ڵ رژێمێك بچێته ژوانی ئاشتی كه بڕوای به ئاشتی نییه و پێشینه‌یه‌كی قوڵی تیرۆریستیشی هه‌یه؟ چونكه ئه‌و دانیشتنه‌ی دكتۆر قاسملو له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته تیرۆریسته له وڵاتێك و بێ ئاگاداری وڵاته‌كه و بێ به‌شداری لایه‌نی سێیه‌م، ئه‌و راستییه ده‌رده‌خات كه ده‌ستێك هه‌بووه دكتۆر قاسملوی دڵنیا كردۆته‌وه له‌وه‌ی هیچ كارێكی نه‌خوازراو روونه‌دات، ئه‌و پرسیارانه دوای تێپه‌ڕبوونی (27) ساڵ به‌سه‌ر تیرۆر كردنیدا هێشتا بێ وه‌ڵام ماونه‌وه، ئه‌وه له كاتێكدا پێویست بوو وه‌ڵامیان درابایه‌وه.