بەرنگاربوونەوەی تیرۆر پێویست بە فەرموو ناکات...

بەرنگاربوونەوەی تیرۆر پێویست بە فەرموو ناکات...
تیرۆرهەڕەشەیە لەسەر هەموو جیهانی، بەرنگاربوونەوەو شەڕکردنی ئەو هەڕەشەیەش ئەرکی هەموو لایەکە بەشداربێت بەبێ جیاوازی، ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر ئەرکە، کەس ناتوانێ خۆی لەو ئەرکەدا بشارێتەوە. بەتایبەت لەمڕۆدا کە تیرۆر بۆتە هەڕەشە یەکی جدی بۆ هەموو شتێک، هەربۆیە دەبێت لەهەموو لایەکەوە ئیرادەی هەبێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر، شەڕی تیرۆر و تیرۆرستانیش فەرمووی کەسی ناوێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ لایەک لەسەر هەمووان پێویستە ئەو ئەرکە جێ بەجێ بکەن.

هەموولایەک لەوە ئاگادارن و ڕۆژانە دەیبینین تەواوی جیهان چۆن بۆتە قوربانی دەستی تیرۆرە، بێگومان کوردستانیش بەشێکە لەو قوربانییە، بۆ ئەو قۆناغەش دەخوازێت هەموو تاکێکی ئەو نیشتیمانەو تەواوی حزب و لایەنە سیاسیەکان بەشداربن لە بەرگرتن و شەڕکردنی تیرۆر، لەم ڕووەشەوە هەروەک وتمان فەرموو لێکردنی کەسی ناوێت و پێویست بەمۆڵەت وەرگرتنیش لەکەس ناکات، تا بەشداربن لە شەڕی دژ بە تیرۆرستان.

کاتێک ئەو دۆخە بەراورد دەکەیت و بەیاننامەی شەش فراکسیۆنەکەی پەرلەمانی کوردستانیش دەبینی زۆر بەسەیری دێتە بەرچاو کە چۆن ئەو فراکسیۆنانە لەو کات و ساتەدا، باس لە ڕاگرتنی یاسایەک دەکەن کە ڕاستەوخۆ بابەتی تیرۆرو هەڕەشەی تیرۆرستانە، داواکاری ڕاگرتنی ئەو یاسایەو کار پێنەکردنی ئارامی و ئاسایش و وڵات نا سەقامگیر دەکات و ڕێگە بۆ تیرۆرستان خۆش دەکات، لە هەرێمی کوردستانیشدا ئارامی و سەقامگیری ئەمنی لە سەرووی ھەموو شتێکە، ناکرێت بەوشێوەیە ئەو فراکسیۆنانە بابەتێکی وا هەستیاریان لەبەرچاوو نەبێ و بەهەندی وەرنەگرن، بێگومان دەبێت ئەوە بزانن کە ئەو داواکارییەیان سەرەنجام زیانە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان، زۆر باشتر لە هەموو لایەکیش لەوە حاڵین ئەگەر لەهەر شوێنێک ئاسایش بەرقەرار نەبێ یاسا هیچ ئه‌هه‌میەتێک و قیمەتێکی نییە.

ئەوەی ئەو فراکسیۆنانە لەوکات و ساتەدا بەهەر مەبەستێک دەیکەن کارێکی باش نییە، چونکە لەهەموو کات زیاتر کوردستان ئەمڕۆ پێویستی بە جێ بە جێکردنی یاسایەکی لەوجۆرە هەیە کەزیاتر پەرەی پێبدرێت و هەموواربکرێتەوە نەوەک بوەستێندرێت و کاری پێنەکرێت. لەکاتێکدا خودی ئەو یاسایە بۆتە ھۆی نەھێشتنی تیرۆرو بەهۆیەوە چەندین باندی تیرۆریستی گیراوەو چەندان ھەوڵی تیرۆریستی پێ پوچەڵ کراوەتە، ڕاگرتنی ئەویاسایە لە زیانی هاوڵاتیانی کوردستان و قازانجی تیرۆرستانە، بۆیە هەق نیە هیچ کەس تەنانەت لایەنە سیاسیەکانی ئەوفراکسیۆنانەش ئەوە داواکارییەی شەش فراکسیۆنەکەیان قەبوڵ بێت.
Top