ئەمریكا تابۆی شكاند!
July 13, 2016
وتار و بیروڕا
واژۆكردنی بەفەرمیی پڕۆتۆكۆڵی لێکتێگەشتنی سیاسی و سەربازی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ئەمریكادا، خۆی لە خۆیدا ئیعتیرافێكە بە كیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان، لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە، ئەمەش شكاندنی ئەو تابۆیە بوو، كە ئەگەری هەیە وڵاتگەلێكی دیكەش یاداشتنامە و پڕۆتۆكۆڵی فەرمی لەگەڵ هەرێم ئیمزا بكەن بە تایبەت لە بواری سەربازیدا، چونكە لە تێكشكاندنی داعشدا جیهان بە سەرسامی و ئینجا متمانەوە گیانفیدایی و ئازایەتیی پێشمەرگەی بینی، كە تاكە هێزی سەر زەمینە داعش بەرگەی ناگرێ و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ئەفسانەی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی و پشتیوانەكانیشی لە ناوچەكەدا تێك دەشكێنی.
ئەگەرچی پێشتریش ئەمریكا و هەرێم ڕێكەوتننامەیان ئیمزا كردووە وەك: ڕێككەوتننامەی سێقۆڵی (هەرێمی كوردستان- عێراق – ئەمریكا) بۆ بڵاوپێكردنی هێزێکی هاوبەشی هەرسێ لا لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ناردنی هێزی پێشمەرگە بەڕەزامەندیی ئەمریكا و ناتۆ و بە سنوری سێ دەوڵەتدا بۆ كۆبانێ، بەڵام ئیمزاكردنی ئەم یادداشتنامەیە ڕەهەندێكی نێودەوڵەتیی هەیە و بەشێكی گرینگیشە لە ئیهتیماتی كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە هەولێر، ئەم پڕۆتۆكۆڵە جگەلەوەی سیمبوڵێكی سیاسی و بەڵگەنامەیەکی دیپلۆماسیی گرینگە بۆ وەدیهاتنی ئامانجی خەباتی سەربەخۆیی كوردستان، هەموو لایەكیشی بە ڕوون و زوڵاڵی تێگەیاند، كە وشەی هەرێمی كوردستان بە مانای دەساڵ لەمەوبەر نییە، بەڵكو هەرێمێكی جێی متمانە و گرینگیپێدراوی جیددیی ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
ئێستا هەرێمی كوردستان ئەمری واقیع نییە، بەڵكو كیانێكی سیاسیی قانوونی نێودەوڵەتییە، هەرێم دەوڵەتی سەربەخۆ بێت یان نەبێت، خاوەن پێگەی ستراتیژی و سیادەی خۆیەتی، لەو ڕوانگایەشەوە وەكو كاراكتەرێكی چالاك، ڕەسمیی دەوڵەتێكی نوێی سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكات و لە سەر ئەم بنەمایەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا مامەڵەی فەرمیی لە گەڵ دەكرێت.
لە ڕاستیدا وجوودی ئەمریكا بەم سەنگ و قورساییە سیاسیی و سەربازییە لە هەرێمی كوردستاندا، نیشانەی ئەوەیە، كە ئەم هەرێمە مەكانەتێكی سیاسی – ستراتیژیی پڕ بایەخە لە خەریتەی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا، لە ئانی شەڕی داعش و دوای داعشیش، بوونی ئەمریكا هەر دەمێنێ جونکە بناغەی پەیوەندییەكی پتەوی لە گەڵ هەرێم داڕشتووە، ئێستاش (بنکەی سەربازیی گەیارەی) داناوە كە دەكەوێتە خوارووی سەر تخووبی هەرێمی كوردستان و پتر لە 500 سەربازو جۆرەها چەكی گەورە و فڕۆكەی لێ جێگیر دەکات.
كەواتە ئەمە پێچەوانەی هەندێك بۆچوونە كە پێیان وایە، بە گرتنەوەی موسڵ بوونی هێزی ئەمریكاش كۆتایی دێت، وانییە، بوونی ئەمریكا لە كوردستان یەكێكە لە سەوابتەكانی سیاسەتی كۆشكی سپی، داعش وا زوو تەواو نابێت، ئەمریكاش دەستبەرداری كوردستان نابێت، بوونیشی كاتیی نییە، بەڵكو پلانێكی دوور مەودای ستراتیژیی درێژخایەنە، هەرێمی كوردستانیش لە هەر جۆرە هەڕەشەیەكی نێوخۆیی و ئیقلیمییەكان دەپارێزێ وەك چۆن لە هێرشی داعش پاراستی.