سەربەخۆیی كوردستان و گەلانی ناوچەكە
July 11, 2016
وتار و بیروڕا
بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەكە لە عەرەب و تورك و فارس لە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستاندا بەشدار بكرێن و ڕابهێنرێن، كە سەربەخۆبوونی گەورەترین میللەتی بێدەوڵەت مەترسی نییە، دڵنیایی و ئارامیی و متمانەی نێوان گەل و پێكهاتە جیاوازەكانی ناوچەكە پتەوتر دەكات، كورد تەجرەبەی پێكەوەژیانی دێرین و ئاشتیانەی لە مێژینەی لەگەڵ ئیتنیە جیاوازكاندا هەیە،.
ئەوە ئەركی كوردە لە پێوەندی بە مافی نەتەوەیی و بندەستبونی سەدان ساڵەی خۆیدا هەموو ئەو چەواشەكارییانە بڕەوێنێتەوە و ڕاستیان بكاتەوە.
سەربەخۆیی ڕەوابوونی ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستانە، پێویستە ئەو ڕەوابوونە لەنێو مێشك و هزر و كولتووری نەتەوە دەسەڵاتدارەکانی ناوجەکەدا بچەسپێ و لەوە تێ بگەیەنرێن كە كورد نەتەوەیەكی جیاوازە، ڕاستە دەستەواژەی برایەتی بۆ بەکارهێنراوە، بەڵام کورد ماڵی جیایە، قەومیکن قەت عەرەب و فارس و تورك نەبوون، میللەتێكی تایبەتمەندن و كولتوورەكەیان بە قووڵی ڕەگی لە ناخیاندا داكوتاوە، سیستەمی ژیان و ڕەفتاریان، مومارەسەی دینیان، یاسا و ئادابی ژیانیان تەواو جودایە.
ئەوەی تا ئێستاش بە ناوی برایەتی كورد و عەرەب لێكی گرێداون بڕوابوون و ئاشتی و پێكەوەژیانی هاوڵاتیبوون نەبووە، بەڵكو حكوومەتە ستەمكار و دیكتاتۆرەكان بوون بە تۆبزیەوە پێكەوەی لكاندوون، كورد خاوەن مافی سرووشتیی خۆیەتی وەك كۆمەڵگای نەتەوە خاوەن دەسەڵاتەکان، دانی پیدا بنرێت، ناكرێت چیتر كورد بە نایەكسان تەماشا بكرێت .
ئەگەر كورد بتوانێ كاریگەریی ئەرێنیی لەسەر كولتووری سیاسیی، كۆمەڵایەتی و پەروەردەی وڵاتانی داگیركەر دابنێت و خۆی وەك نەتەوەیەكی ئاشتیخواز، خاوەن مێژوو و شارستانییەت بە كۆمەڵگاكانی ئەو وڵاتانە زیاتر بناسێنێت لە چەندین دەستكەوتی سیاسی بە باشتر خۆی پێناسە دەكات.
ئیستاش زۆرینەی كۆمەڵگەی نەتەوەی باڵادەست هەمان ڕوانگەی چەواشەكارانەیان لە بارەی كوردەوە هەیە. ئەوەی كە دەبوو كورد بیكات پتر ڕووبەرووی كۆمەڵگەی نەتەوەی باڵادەست بدوێت و ڕوونكردنەوە بدات، بەداخەوە تا ئیستاش ئەمە نەكراوە یا کەم کراوە.! میدیای كوردی بە زمانی غەیرە کوردی، یان نییە، ئەگەر هەشبێت، لە داڕشتنی ستراتیژیی نەتەوەیی زۆر لاوازە، یا خەریکی ئیشی کەیە!!.