شەری داعەش چی لە کورد کرد؟

شەری داعەش چی لە کورد کرد؟
زەنگی خەتەر و مەترسی ، بۆ گشت تاکی کورد و کوردستانی، هەژار و دەولەمەند ، سیاسی و ناسیاسی، مۆسلمان و مەسیحی و تورکمان و کاکەیی و یەزیدیی و ............ لێدرا. زەنگی خەتەر و مەترسی جیددی بوو ئی مان ونەمانی فیزیکی بوو.
زەربەیەک کە لەشی کورد لە ناوچەی یەزیدییەکاندا کەوت کوردی لە سەر پێکهاتەکانی کۆمەلگای خۆیدا هۆشیار کردەوە، دەریخست کە ئەوانەی دەکۆژرێن و ئەسیر دەکرێن هۆیەکەی کورد بوونیانە وەک کورد کەوتوونە بەر ئەو شالاوە.
لە هەمان کاتدا دەستەلاتی کوردی ئەرکی پاراستنی میللەتی لێ بوو بە ئەرکێکی مان ونەمان و بەردەوامیی سەرکەوتوو بوونی لەم ئەرکە دا پێویستی بە دامەزراندنی دەولەتە و بۆیە دەبێ مۆسڕ بێ لەسەر ئەم داوایە دەنا لە ئەرکی مێژووی خۆیدا درەنگ یان زوو سەرکەوتوو نابێ
ئەم شەرە کوردی هۆشیار کرد کە بۆ پاراستنی خۆی ناتوانێ پشت بە هیچ لایەنێکی بێگانە ببەستێت و ئەوەی دەیپارێزێت تەنیا و تەنیا دەستەلاتی کوردییە.
لە پرۆسەی ئەم شەرەدا پشتیوانی و دۆستایەتی رێکخراویی و کردەیی ولاتانی جیهان بوو بە بەشێک لە ژیانی سیاسی کوردیی و مەرحەلەیەکی مێژووی گرینگی لەم رویەوە بری، ئێستا لەبەرانبەر هەرەشەکاندا تەنیا نییە و ئەم دۆستایەتییە هەنگاو بە هەنگاو مێکانیزمی بەرگری لە کورد ساز دەکات و پەرەی پێدەدات.
لەم پێوەندییەدا گرینگە بزانین کە ئەم پشتیوانییە بە تەنیا پشتیوانی عەسکەریی و چەک و چۆل نییە بەلکوو دنیاش تێگەیشت کە ئەو میللەتە کە لەم ناوچەیدا لەگەل وان بەهای هاوبەش دەپارێزن لە مەترسی مان ونەمان دایە ، بۆیە پردی دۆستایەتی لە گەل هاوپەیمانان ستراتێژکن.
گشت ئەمانە بیرێکی سەر دەستی لە نێو گشت کۆمەلگادا ساز کرد کە لێوێدا نەک تەنیا ئەوەیان لێ روون بووە کە دژی چین و دژی کێن و لە بەرانبەر کێدا بەرگری لە خۆیان دەکەن و سەرەرای گرفتی مەعیشەت و ژیانی سەخت حازر بوون رۆلەکانیان بنێرنە سەنگەری بەرگری بەلکوو لە نێو کۆمەلگادا ئەمەش جێگیر بوو کە دەبێ دەولەتمان هەبێ تاکوو بمانپارێزێت.
ئەم خالە و ئەم تێگەیشتنە تەنیا لە باشووردا جێگیر نەبوو بەلکوو سنووری بەزاند و لە بیریی گشتی کوردی هەموو کوردستاندا جێگیر بووە. بە واتای تر ئەوەمان لێ روون بووە کە چیمان دێۆێ.
ئەم دوو خالە، کە دژی چین و چیمان دێۆێ ئەوەش نەک هەر لە ئاستی نۆخبە و رۆناکبیر و ... دا بەلکوو لە ئاستی گشتیی جەماوەردا یەک لە گرینگترین ئاکامەکانی شەری مان و نەمانی ئێستای کوردە.
بۆیەشە کە سەرکەوتن مسۆگەرە لەبەر ئەوە کە بیریی گشتی کوردی لە سەر پێداویستی هەبوونی دەولەتی کوردیی و سیاسەتی سەرۆکایەتی گەیشتوونە یەک و بوونە یەک، ئەمەیان مەرجێکی گرینگە بۆ گشت گۆڕانی کۆمەلایەتی و سیاسی گەورەی مێژوویی.
هەر لەبەر ئەم هۆیەشەوە ، وەک هەموو ولاتی تر لە پرۆسەی رزگارییدا لایەن و کەمایەسی و خەلک دەبن کە دژی پرۆسەکە دەبن یان رای جیاوازیان دەبێت بەلام کاریگەر و بریاردەر نابن، دەتوانن گرفت و کێشە ساز بکەن بەلام بریار دەر نابن.
لەبەر یەکانگیر بوونی بیری گشتی و جەماوەریی و بیر و سیاسەتی سەرۆکایەتی، داهاتوومان چارەی تری نییە هەردەبێ روون بێت.
Top