کوردستان پێویستی بە مەردە

کوردستان پێویستی بە مەردە
هەندێ کەس هەن ڕەزیلن دەست و دڵیان هەند خراپە هەرچەند دەکەن بۆیان چاک ناکرێت، هەرچەندە دیار نییە ئەگەر هەوڵی چاککردنی بدەن.
جا ئەم ڕەزیلییە هەر هی پارە نییە ، هەیە ڕەزیلە لە زەردەخەنەیکدا، هەیە لە ئەخلاق و هەیە لە ئاخافتنی جوان، هەیە لە ڕاستگۆیی، هەیە لە ڕێزگرتن و هەیە لە دڵسۆزی ئەمەشیان ناشرینترین و قێزوێنترینیانە بە تایبەت ئەگەر ئەم دڵسۆزییە ڕەزیلی تێدا بکرێت بەرانبەر نەتەوە و نیشتمان، کەم تەرخەمی بکرێت لە هەوڵدان بۆ هەڵچنینی بناغەی ووڵاتێک.
ئای چەند قێزوێن و چڵکن و پیسە کاتێ پشتی بێگانە و دوژمن بگریت بۆ تێکدانی ئەو بناغانەش کە هەتا ئێستا درووست کراوە هەرچەندە ئەگەر لە قوڕیش بێت.
کەم نییە ئەو دەستکەوتانەی هەتا ئەمڕۆ دەست کورد کەوتووە، تۆبڵێی ئەوەندە خۆ نەویست بین لە دژی یەکتر هەمووی زیندەبەچاڵ بکەین؟ لە وەڵامدا: بەڵێ.
جا خۆ کورد هەر ئەوە بەشی بووە، هەر نەیزانیوە ببێت بە برا لە نێو خۆیدا، هەمیشە ئەوەی پێ باشتر بووە بە پاڵپشتی دوژمن پشتی براکەی بشکێنێت، ئەوە نییە هەموو ئەو نەتەوە هەتیوە بێ باوکانەی دەور وبەرمان بوون بە دەوڵەت و کورد هێشتا لە قۆناغی (راوح) دایە هێشتا بیسمیلای نەکردووە!
نازانم بۆ هەندێ کەس هەن هەرچەن دەکەن مێشکی خۆیان بەکار ناهێنن و داویانەتە دەست چەند قسەزانێکی ووتاربێژ؟ ئێمە نابێت وەک نوستوی موگناتیسی دوای عەقڵ و بیری خەڵکیتر بکەوین ، ئێمە هەموومان دەزانین ئەوەی کوردستانی نەوێت بە بیانوی کات یان بناغە و بنەمای درووست بوون ئەوانە هەمیشە لە ڕابوردوو و داهاتودا خائینن و کورد نەویستن جا کێ ئەم قسەیەی گرتە خۆی ئەوە دەبێت جارێکیتر بە خۆیدا بچێتەوە.
ئێ ئاخر نابێت ئەگەر لەسەر یەک بیروڕا نەبوین ئیتر دوژمن بین و ئەوەنەش دوژمن بین لە قینا ورگی مناڵی خۆمان بدڕین، لە قینی یەکتر ورگی کوردستان بدڕین.
ئەرێ بۆ تەمێ نابن و پیاچونەوەی وانە کۆنەکان ناکەن؟ خۆ هەمووی کە بەسەرمانا دێت لە وانە کۆنەکاندا هەیە ! هەمووی لە مێژووی دوور ونزیکدا نوسراوەتەوە!
تکایە بەس ڕەزیلی بکەن لە خۆشەویستیدا، بەس کەمتەرخەمی بکەن لە ووتەی بەڕێز و جواندا، تکایە بەس جنێودان بکەنە نەریتێکی کوردەواری، ڕۆژێک لە ڕۆژان هەمووان کاڵەک بە ئەژنۆ دەشکێنن کە ئەخلاقی نەتەوەیەک لەسەر بنەمای شەڕەنگێزی و جنێو و یەک نەویستن درووست بوو.
ئەم شەڕەنگێزی و جنێودان و هێرشکردنە بە هیچ جۆرێک ناچێتە خانەی ڕۆشنبیرییەوە، ناچێتە هیچ خانەیەکەوە ڕەزیلی نەبێت، ئەمە لە کەم کەس دەوەشێتەوە کە هەمیشە هەر ئەوە ئیشی بووە، چونکە نە نامەردی ئیشی مەردە و نە مەردی ئیشی نامەرد.
جنێودان، یەک نەویستن، ڕق و کینە، هێرش و بوختان کردن ئەمانە و زۆری تریش لەلای من ئیشی نامەردە، لە کاتێکدا زەردەخەنە، خۆشەویستی، ووتەی ناسک، هەستی بەرز و ڕێزگرتن ئیشی مەردە.
کوردستانیش پێویستی بە مەردە.


Top