هه‌ڵسووڕاوه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چی پێگوتم؟

هه‌ڵسووڕاوه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چی پێگوتم؟
براده‌رێكی خۆشه‌ویسته‌ و هیچ كاتێك جیاوازی بیروڕا كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانمان نه‌بووه‌، هه‌ردووكیشمان له‌ رووی یه‌كتری سه‌رسه‌ختانه‌ داكۆكیمان له‌ راستی و درووستی بیروباوه‌ڕی خۆمان كردووه‌، رۆژێك ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و دوای هه‌واڵ پرسین گوتی: كاكه‌ خێره‌ ماوه‌یه‌كه دیار نیت و هه‌واڵیشم ناپرسی؟ وتم راست ده‌كه‌ی.. به‌ڵام تۆش دیار نه‌بوویت! به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ گوتی: مادام وایه‌ وه‌ره‌ یان بمپارتێنه‌ یان ده‌تگۆڕم، چووم و دوای هه‌واڵ پرسین و كه‌مێك دانیشتن بوخچه‌ی گله‌یی و گازه‌نده‌كانی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كردنه‌وه‌ و به‌ راشكاوی گوتی: ئه‌وه‌ی تۆ له‌سه‌ر گۆڕان ده‌تگوت مشتێكن له‌ خه‌روارێك و زۆر كه‌مت گوتووه‌، پێمگوت: كه‌وایه‌ بۆچی لێیان دوور ناكه‌ویه‌وه‌؟ كه‌مێك راما و گوتی: ئه‌وانه‌ ئابڕوویان نییه‌، تا له‌گه‌ڵیان بی ئه‌گه‌ر دز و جه‌رده‌ و تاڵانچیش بی لای ئه‌وان پاك و گۆڕانخوازیت، هه‌ر كه‌ لێیان دوور كه‌وتیه‌وه‌ ده‌تكه‌ن به‌ جاسووس و خۆفرۆش و خیانه‌تكاریش، نابینی دكتۆر محه‌مه‌د حاجی تا له‌گه‌ڵیان بوو ره‌مزی گۆڕانخوازی بوو! دوای ئه‌وه‌ی لێیان دووركه‌وته‌وه‌ و بوو به‌ پاتی و كه‌مێك راستیه‌كانی دركاندن، هه‌زار و یه‌ك تۆمه‌تی ناڕه‌وایان دایه‌ پاڵ، فه‌ره‌یدون عه‌بدوقادر كه‌سێكی ناو زیدان و زه‌مه‌نێك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و هاوشانی نه‌وشیروان مسته‌فا بوو، ‌هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گوتی: كاك مه‌سعود من ده‌ناسێ و به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی ده‌زانم، ئیتر كه‌وتنه‌ تۆمه‌ت دانه‌ پاڵی و ده‌ڵێن: له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ به‌ندیخانه‌ جاسووسی به‌سه‌ر هاوڕێكانیه‌وه‌ كردووه‌، ئێ.. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ راسته‌ بۆچی دوای (40) ساڵێك باسی ده‌كه‌ن؟! بۆچی رێگه‌یاندا خۆیان گوته‌نی: ئه‌و جاسووسه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و بڕیار به‌ده‌ستی ناو یه‌كێتی بێت؟! یان ده‌ڵێن: به‌ناوی پرۆژه‌وه‌ چه‌ندین جار پاره‌ی له‌ مام جه‌لال وه‌رگرتووه‌ و پرۆژه‌كه‌شی ئه‌نجام نه‌داوه‌ و پاره‌كه‌شی نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ده‌درێنه‌ پاڵی له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وان ناكا و كاك مه‌سعودیش به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌زانێ، ئه‌گه‌ر منیش لێیان دوور كه‌ومه‌وه‌ تۆمه‌تی خراپتریشم ده‌ده‌نه‌ پاڵ، كاكه‌ به‌ نه‌زانی كه‌وتوومه‌ داویان و ده‌بێ به‌ زانایی له‌ داوه‌كه‌یان بێمه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و ده‌مشڕ و جنێوفرۆش و هه‌رزه‌كارانه‌ كارێكم پێده‌كه‌ن با به‌ ده‌واری شڕی نه‌كردبێ، له‌ كۆتادا پێمگوت: كورد ده‌ڵێ پاكبه‌و له‌ رێگای شێره‌وه‌ بڕۆ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تۆ گه‌یشتوویه‌ راستیه‌كان و له‌ ئێستادا كورد پێویستی به‌ كه‌سانی وه‌ك تۆیه‌.
Top