وەهمی عێراقچیتی!

وەهمی عێراقچیتی!
دەتانەوێت لە وەخەتێكدا ڕوو لە بەغدا بكەنەوە كە هەردوو فەرهەنگی سوننە و شیعەتان تاقیكردۆتەوە، ئاخۆ چ لەو عێراقە دەچننەوە كە پشت لە برا ڕەسەنەكانتان بكەن . لە ڕاستیدا ئەودەمەی نەتەوەکەتان خەونی سەروەری و سەربەخۆیی دەبینێ، بەغدا ئێوەی تەنیا بە كۆیلەیی دەوێ و خەونی لەناوچوونتان دەبینێ.
بۆچی لەو زەمەنەی كە ئیرادەی سەربەخۆییخوازیی گەلەكەتان لە هەموو كات زیاتر بۆ سەربەخۆیی كوردستان دڵگەرمە، هاتوون دڵساردی دەكەنەوە و هەیكەلی بەغدایەكی هەڵوەشاوەی بۆ دەڕازێننەوە و كەوڵی مەڕی بۆ دەكەنەوە بەر ئەو گورگەی تامەزرۆی خوێنمانە!
ئێوە بۆچی لەگەڵ براكانتان تەگبیری دیاریكردنی چارەنووسی ماڵی خۆتان ناكەن و، مشوورێك لە نێوماڵی خۆتان ناخۆن، كەچی ئیرادە و توانتان بۆ بنیاتنانەوەی عێراقێكی داڕماو یەك دەخەن، عێراقێك كە تەنانەت سەركردە عەرەبەكانیشی هاتووونەتە سەر ئەو قەناعەتەی ئیتر خۆی ناگرێ و لێك ترازاوە ولە گیانەڵادایە.
بۆچی روون و ئاشكرا پێمان ناڵێن، بۆچی ئێوەش وەك هەندێ دەستەڵاتی ناوچە و دەوروبەرمان لە سەربەخۆبوونی كوردستان دەترسن؟ بۆچی زراوتان چووە لەوەی میللەتەكەمان لەسەر پێی خۆی راوەستێ؟
ئاخۆ جیابوونەوە لە عێراق بەرژەوەندییەكانی ئێوە دەخاتە مەترسییەوە؟ كام بەرژەوەندیتان؟ ئەو بەرژەوەندییانەتان كە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا هەتانە؟!
دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، نێزیك لە سەدەیەكە لە سەر شوناس سەرمان دەبڕێ و ئەنفال و كیمابارانمان دەكات، بۆچی ناچارمان دەكەن لە ناو یەكپارچەیی عێراقدا ئەوەی هەشمانە لە كیس بچێ و بتوێینەوە؟ بۆ لە یەكێتیەكی ئارەزوومەندانەوە دەمانبەنەوە یەكێتییەكی زۆرەملێیانە، بۆ ئەوەی نەتەوەی سەردەست جارێكی دی لە ناو بێشەی خۆیدا دەمكوتمان كاتەوە و گوندەكانمان كاول و شارەكانمان سەركوت بكاتەوە؟
خۆ ئێوە بوون ڕۆژانێك داوای مافی دیاركردنی چارەی خۆنووسینتان بۆ كورد دەكرد و لایەنی دیكەتان تۆمەتبار دەكرد كە گوایە شیعاری ئۆتۆنۆمیی هەڵگرتووە – ئه‌رێ ئه‌وده‌مای بۆ ئه‌و داوایه‌تان هه‌بوو؟!!!- بۆچی ئێستا ئەدەبیاتی دەیان ساڵەتان لە ئەرشیفدا پێچایەوە و دەتانەوێ بۆ ملشكاندنی براكانتان سازش بۆ ( برا عەرەبەكانتان بكەن!!) ئاخر جەماوەرەكەتان چۆن ئەم هەموو دروشم و وتار و ئامانج و ئەدەبیاتەیان لە زاكیرەدا دەسڕێتەوە.!
لە جیاتی ئەوەی حزبەكان بە یەكگرتوویی بەرەوڕووی دۆخی هەستیاری ناوچەكە و پرسە چارەنووسسازەكان ببنەوە، كەچی شاندی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی، هەوڵی لێکترازانی نێو ماڵی كورد دەدەن و، لە بەغدا هەڵوێستی گەلی كوردستان بە جیاواز و لاواز و لێكترازان پیشانی هێزە عێراقییەكان دەدەن!
هیچ پاساوێك نییە جارێكی كورد چارەنووسی خۆی تەسلیم بە بەغدا بكاتەوە، خەڵكی كوردستان داوای رێفراندۆم و دیاریكردنی چارەنووسی خۆی لە حزبەكان دەكات نەك تەسلیمكردنەوەیان بە دەستەڵاتدارانی عێراق.
Top