سامان دان بە ئابووریی پێویستی بە دامەزراندنی دەولەتە

سامان دان بە ئابووریی پێویستی بە دامەزراندنی دەولەتە
لە دوای زۆر دراسە و پێشنیاریی جۆرها پلانی ئابووریی دەگەینە ئەم ئاکامە کە جگە لە کەم و کۆرێیەکانی ئاکتۆرەکان دەبێ هۆکارێکی بنەرەتی تر هەبێت بۆ گشت گرفتەکانی ئابووریی ولات.
زیاتر لە فەلسەفە و زانستی ئابووریی دەبێ سرنج بدەینە پرۆسەی سیاسی و سەقامگیریی سیاسی کوردستان کە بەستێنی پیادەکردنی هەر جۆرە سیاسەتێکی ئابووریی پێک دەهێنێت.
لە ولاتێکدا کە ستاتۆسی یاسایی دیار نەبێ و داهاتی نیشتمانی بەند بێ بە دژبەریی سیاسی لایەنەکان وەک بوودجە لە دەست مالیکی و عەبادیدا بێت و تیجارەتی دەرەوە بەند بێ بە سیاسەتی رۆژی ئێران و تورکیا ئەوە دیارە پلان و دیسیپلینی بۆدجە دانارێژێت و جێگیر ناکرێت.
سەرەرای ئەمانەش لەبەر نەبوونی دەولەت حکوومەت دەبێتە ئامرازی سیاسەتی رۆژی ئەحزاب کە بەشداریی حکوومەتن. لەبار و دۆخێکی لەم جۆرە پلانی بوودجە ، پلانی گەشەی ئابووریی و سامان دان بە ئابووریی ولات بە شێویەکی جێگیر و درێژخایەن دەبێتە خالی دووهەم لە ئەولەوییاتدا ، سەرەرای هەر جۆرە پرۆپاگاندایەکی سیاسی. ئەوەی لە بارودۆخێکی نۆرمال و ئاساییدا بوودجە دادەرێژێت و ئیدارەی ئابووریی ولات دەکات دەولەتە کە حکوومەت نۆێنەرایەتی دەکات و بۆچوونی ئەحزابیش بەرێگای پارلامان و کۆمیسیۆنەکانییەوە کارتێکەرییان لەسەر ئەو سیاسەتدا دەبێت.
ئەوەی لە کوردستاندا هەمان بووە بە بارمتەگرتنی حکوومەت، دەستپێشخەریی حکوومەت و پلانی ئابووریی حکوومەت بووە لە لایەن ئەحزابی سیاسییە وە کە زۆر جارانیش بێ تەجروبەیی لایەنی بەرچاوی ئەو هەلس وکەوتانە بووە.
لەکاتێکدا پلان و سیاسەتی ئابووریی بە شێوەی سەقامگیر و درێژخایەن دەکرێ بکەوێتە مەیدانی کارکردن کە حکوومەتی دەولەت بارمتەی ئەحزاب نەبێت و رزگار بکرێت.
ئەمەش لە بار و دۆخی کوردستاندا تەنیا بە رێگای دامەزراندنی دەولەتەوە مومکینە.
بۆیە ئێستا خالی یەکەم لە ئەولەوییات دا لە حالەتێکی لەم جۆرەدا دەبێتە ئیدارەی رۆژانەی ئابووریی، ئەوەی حکوومەتی هەریم بە تایبەت سەرۆکایەتی کاک نێچیروان بارزانی کردویەتی.
بە شێوەی جیددی دەتوانین بلەین ئەوەی کە لە پێوەندی لەگەل ئابووریدا سیاسەتێکی سەقامگیر پەیرەو ناکرێ هۆکاری سەرەکی بریتییە لە سەقامگیر نەبوونی باری سیاسی ولات بە تایبەت ستاتوسی نەتەوەیی کورد.
ئێستا قەناعەتی تەواو هەیە کە یان دەبێ قەبوول بکەین کە قسەکانمان هەمووی بێ بنەما بوونە یان دەبێ رابگەینین کە سیاسەتی ئابووریی ولات پەیرەوی بار و دۆخی سیاسی ناوخۆ و ناوچەییە .بۆیە لە سەر کەوتن و ناسەرکەوتندا هەموو لایەن وەک یەک بەرپرس نین.
ئەوەی ئیدارەی کردوە سەرەرای تەنگ و چەلەمەکان لایەنی کاریگەر و سەکەوتووە و ئەوەی لە ئیدارەدا نەبووە و تەنیا لە پەرەپێدانی ناسەقامگیرییدا بەشدار بووە ، بەرپرسی شکستەکانە.
چارەسەر ئێستا خۆ کۆ کردنەوەیە ، چالاک کردنی چالاکانی ئابوورییە لە ژیانی رۆژانەی ئابووریی ولاتدا و هەروەها خەبات و یەکگرتوویی و ئیدارەی ئابوورییە تا کوو دەگەینە ئستاتوسێکی دانپێنراوی، دەولەت.
کە بووین بە دەولەت ئەو جا داهات و تێچوو، بوودجە و دیسیپلینی بوودجە و پێوەندییەکان لە گەل بەغدا و ئێران و تورکیا و ناوچە و جیهان لێمان روون دەبێتەوە .
ئەو کات دەتوانین باس لە پلانی ستراتێژیک بکەین، ئەرکی ئێستا مان بریتییە لە ئیدارەی ئابووریی و بەرپرسیارییەتی بە رانبەر بە بژێویی رۆژانە خەلک. سیاسەتی ئابووریی ئێستا وەک سیاسەتی ئابووریی ولاتانە لە کاتی شەردا.
Top