پەیامەکەی بارزانی درەنگ گەیشتە یەکێتی
June 30, 2016
وتار و بیروڕا
هەرچەندە لەرێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی پرسی ڕیفراندۆم باسکراوە، بەڵا لە راستیدا چوونەوەی گۆڕان و یەکێتی بۆ بەغدا لەدوای پەیامەکەی بارزانی جۆرێک بوو لەکاردانەوە، چونکە لەوێ تەنیا قسەیان لەسەر پرسی رێککەوتنەکەیان نەکرد، بەڵکو باسی یەکپارچەی خاکی عێراق و گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی و کەم بوونەوەی ژمارەی کورسیەکانی کورد کراوە، کە ئەم پەیامە زۆر راشکاوە بەوەی هێشتا ئەوان لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم نین، ئەگەر ئەم قسەیەش وانییە لەماوەی رابردوو فراکسیۆنی پارتی بەفەرمی داوای لێکردوون کە ڕوونکردنەوە بدەنە سەرجەم راگەیاندنەعێراقییەکان بەوەی ئەوان لەگەڵ بابەتی ڕیفراندۆم و پرسی سەربەخۆین، بەڵام داواکارییەکە رەتکراوەتەوە.
ئێستاش پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە ئەگەر لەجیاتی رێککەوتنی سیاسی گۆڕان و یەکێتی رێککەوتنی ستراتیژی چالاک بوایە چی ڕوویدەدا؟ لە کاتێدا زوو واژۆکردنی ئەم رێککەوتنەی گۆڕان و یەکێتی بۆ ئەوەی شوێنی رێککەوتنی ستراتیژی بگرێتەوە گومانی زیاتری لای پارتی دروستکرد بەوەی پێش ئەوەی پەیامەکەی بارزانی ئاراستەی بکرێت ئەوان ئاراستەی یەکێتی بکەن.
لەلایەکی دیکە لەوە دەچێت یاریەکەی گۆڕان و یەکێتی بەشێوەیکی دیکەبێت، بەوەی پەیامێک بگەیەننە پارتی کە ئەوان دەتوانن پارتی گۆشەگیر بکەن، و بەبێ ئەوان نەتوانرێت بڕیار بدرێت یان باشتر ئەوەیە کە ئەوان پێیان وایە پرۆژەکەی ڕیفراندۆم پرۆژەی پارتییە، ئەگەر سەر بگرێت دەسکەوتی بۆ ئەو حزبە دەبێت، بۆیە دەیانەوێت بەچوونەوە بەغدا بە پارتی بلێن کەرێککەوتنەکەیان پشگیری بەهێزی هەیە، بەتایبەتی لەئاستی عێراق و ئێرانیش بۆ ئەوەی پەیامەکەیان بەتوندی بگەیەننە پارتی چونکە یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە لە بەغداوە گوتی: "رێککەوتنەکەمان رکابەرەکەمانی تووشی هستریا کردووە، چونکە ئێستا ئێمە فراکسیۆنی گەورەین". واتە پەیامی دوای رێککەوتنەکە زۆر جیاواز بوو لە پەیامی پێش رێککەوتنەکە چونکە پێش چوونە بەغدا دەیان گووت ئەم رێککەوتنەکە بۆ دژایەتی هیچ لایەنێک نییە بۆیە پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئەیا یەکێتی درەنگ پەیامەکەی بارزانی پێگەیشتووە یان ئەدەبیانی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕانە نایەوێت لەو بارەوە بیر بکاتەوە؟.