كوردایه‌تی و ژیانی رۆژانه
June 27, 2016
وتار و بیروڕا
گشت ئه‌حزاب روانینیان بۆ سیاسه‌ت كه‌م و زۆر روانینێكی ده‌وڵه‌ت ناوه‌ند- ئیستێت سێنتریك-ـه ،به‌و واتایه كه سیاسه‌ت به ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌ست پێده‌كات و له ده‌وڵه‌تیشدا خه‌لاس ده‌بێت، بۆچوونێكی كۆن و ناكارامه، به‌تایبه‌ت ئێستا كه ده‌وڵه‌تیشمان نییه، ته‌ركیزی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌تی دیفاكتۆیه.
گشت مه‌یدانه‌كانی تری ژیانی سیاسی ته‌ریك ماونه‌وه و جێ سرنجی جددی ئاكتۆره‌كان نین. له نامه‌كانی زیندانیدا بیرمه‌ندی ده‌ستپێكی ١٩٠٠،ئا‌نتۆنیۆ گرامشی باس له خاڵێك ده‌كات كه گرنگ و جێی بایه‌خ و سووده بۆ ئێمه‌ی كورد له ئێستای ژیانی سیاسیماندا؛ ئه‌ویش بریتییه له پرۆسه‌یه‌ك كه له‌وێدا ناوه‌رۆكی سیاسه‌ت لاواز ده‌بێت و داده‌به‌زێت، ئه‌و كاته‌یه كه زانست له نێو ستراكچری ئه‌حزابدا، كز ده‌بێت و به‌یان، رۆژنامه و كتێب و بڵاوكراوه‌كان كورتتر وكورتتر ده‌بنه‌وه، كتێب ده‌بێته بڵاوكراوه، بڵاوكراوه ده‌بێته به‌یان،به‌یان ده‌بێته ره‌سته، ره‌سته ده‌بێته شیعارێكی چه‌ند وشه‌یی. ئێستا ئه‌حزابی باشوور خه‌ریكن تووشی ئه‌م ده‌رده ده‌بن و هاوشان له‌گه‌ڵ بۆچوونی -ده‌وڵه‌ت ناوه‌ندی- خۆیان له جیاتی هێزی چاره‌سه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵگه و دابینكردنی ژیان بن، زۆر جاران ده‌بنه كۆسپ له سه‌ر رێ ژیانی خه‌ڵك و ره‌وتی گه‌شه‌ی پرسی وڵات و...! ئه‌مه جێی مه‌ترسییه و له شۆێنێكدا ده‌بێ بوستین و بیر بكه‌ینه‌وه.
پرسیار ئه‌مه‌یه كه باشه بیر له چی بكه‌ینه‌وه؟ به مه‌به‌ستی دروست بیركردنه‌وه ده‌بێ خۆمان له ناو كۆنتێكست و به‌ستێنی ژیانی واقیعدا شی بكه‌ینه‌وه، ده‌نا به بێ ره‌بتی خۆمان له‌گه‌ڵ به‌ستێندا و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌ستنیشانكردنی چاوه‌ڕوانییه‌كان، ناتوانین سه‌ره‌ده‌ری له بارودۆخ و رۆڵی خۆمان ده‌ربێنین.
به‌ستێنێك كه ئێمه تێداین، بریتییه له وه كه سه‌ددام نه‌ماوه، به‌غدا خۆی له نێو خۆیدا رووخاوه، چاودێرێكی زۆر ده‌ڵێن عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت خه‌لاس بووه، كورد بوونێكی به‌هێزی دیفاكتۆی جێگیر كردووه، له پرۆسه‌ی ره‌كه‌به‌رایه‌تی ئه‌حزابدا پارتی دیموكراتی كوردستان بۆته هێزی یه‌كه‌م، یه‌كێتی نیشتمانی له پێگه‌ی په‌نجا به په‌نجاوه بۆته هێزی دووه‌م و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌حزابی ئیسلامیش بوونه‌ته هێزی له‌و چه‌شنه كه ناتوانرێ ناده‌یده‌یان بگرن.
كه چاو له كوالیتی هێزی كاری كوردستان ده‌كه‌ین به گۆێره‌ی ئاماری زۆر باشی ساڵی ٢٠١١نێزیكه‌ی نیوه زیاتری هێزی كاری كوردستان له بازاڕی كاردا بوونیان نییه و له‌و چل و چه‌ند له سه‌ده‌ش كه له بازاڕی كاری كوردستاندا چالاكن، یان به دوای كار دا ده‌گه‌رێن، زیاتر له هه‌شتا له سه‌دیان یان نه‌خۆێنده‌وارن، یان هه‌تا پۆلی شه‌شیان خۆێندووه.
ئه‌م لاوازیی مێژووییه‌ی سه‌رمایه مرۆڤییه بێگۆمان كارتێكه‌ریی هه‌یه له سه‌ر كوالیتی سه‌رمایه‌ی مرۆڤی نێو ئه‌حزابیشدا، بۆیه‌شه گۆتاره‌كانیان كورت، توند و زۆر جاران بێ ئانالیزه، دیاره گۆتاری له‌م چه‌شنه‌ش ناتوانێ به‌ننا و كانستراتیڤ بێت، حه‌تمه‌ن ده‌بێ تێكده‌ر و رووخێنه‌ر بێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م راستییانه له نێوان ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٦دا چوارسه‌د هه‌زار گه‌نجی دیكه گه‌یشتوونه‌ته ته‌مه‌نی كاركردن و به هێزی كاری وڵات زیاد بوون، ژماره‌ی خۆێندكارانی وڵات كه له سالی ٢٠٠٣دا پێنج سه‌د هه‌زار خۆێندكار بووه، له سالی ٢٠١٦دا بۆته یه‌ك میلیۆن و هه‌شت سه‌د هه‌زار خۆێندكار. ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌م دینامیكی گه‌شه‌ی هێزی كار و گه‌نجه‌كانمان له ژینگه‌یه‌كی گۆنجاودا مه‌جالی پێشكه‌وتنی بۆ بڕه‌خسێنین، ده‌توانین جورئه‌ت به خۆمان بده‌ین و ئاسۆ و داهاتووی وه‌ك كوریای باشوور و میلله‌تانی دیكه‌ی سه‌ركه‌وتوو بۆ خۆمان ته‌رسیم بكه‌ینه‌وه.
كورد به‌تایبه‌ت له باشووردا له دووڕێیانێكی مێژووییدایه؛ ده‌توانێ خه‌ونی ئازادی و سه‌ربه‌ستی و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ی وه‌ك كوریای باشوور و وڵاتانی دیكه ببینێت، ده‌شتوانێت به ده‌رجه‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ستی خۆی گشت فرسه‌ته‌كان له ده‌ست بدات و به‌ره‌و كۆیله‌تی و تاریكی هه‌نگاو بنێت و له‌م ره‌وته تاریكه‌دا هێزی به‌هێزی تریش هه‌ن كه یارمه‌تی بده‌ن تا له نێو چالی تاریكی‌دا نۆقم ببێته‌وه.
عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت ته‌واو بووه، كورد وڵاتی خۆی پاراستووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه كه گشت ده‌وری ئاگر و وێرانكارییه، هه‌رچه‌نده زه‌ربی گه‌وره‌مان له شنگال و .... وێ كه‌وت، به‌ڵام له‌م شه‌ڕه‌دا له سه‌ركه‌وتنداین، له پرۆسه‌ی به‌رگریی له خۆمان خه‌ریكین ده‌بینه خاوه‌ن سوپا و ئه‌رته‌شێكی پڕۆفیشناڵ كه بۆ چه‌ندین ده‌هه‌ی دیكه ده‌توانێ میلله‌تی ئێمه بپارێزێت، پێگه‌ی دیپلۆماسی به‌هێزمان له دنیادا وه‌دست هێناوه و به‌رژه‌وه‌ندی زۆرێك له ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی كورد یه‌كی گرتووه و خاوه‌ن سه‌رۆكایه‌تییه‌كین كه ئیسباتی كردووه ده‌توانێ ئه‌م كاروانه بگه‌یێنێته ئامانج و جێ متمانه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه، ئه‌مانه گشتیان لایه‌نی گه‌شی بارودۆخی ئێستامانه.
لایه‌نی لاواز، كوالیتی هێزی كار، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م نزمیی ئاستی كوالیتی سه‌رمایه‌ی مرۆڤییه له نێو ئه‌حزابدا، ئه‌حزاب به شێوه‌ی سه‌ره‌كی له به‌ر نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و ئورگانه‌كانی بوونه‌ته ته‌نیا میكانیزمی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی تاكه‌كان- سوسیال موبیلیتی-، هه‌بوونی دوژمنی ناوچه‌یی به‌هێز و قبووڵنه‌كردن وپابه‌ندنه‌بوونی ئه‌حزاب به شرووتی یاریی سیاسی گشتی و پێكڕایی، ئه‌مانه گشتیان لایه‌نی لاوازی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌ن.
بۆیه له سه‌ر دووڕێیانێكداین، بۆیه ده‌توانین له نێوان داهاتووی گه‌ش و كۆیله‌یه‌تیدا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرین، بۆیه ئێستا له سه‌ر بنه‌مای ئه‌م دوو ئالترناتیڤه روونه‌وه، ده‌توانین رۆژانه بڕیار و كرده‌وه‌كانی خۆمان و ئه‌حزابمان هه‌ڵبسه‌نگێنین.
وتاری له‌م جۆره داخوا هه‌ر ده‌بێ وه‌ك نه‌سیحه‌تی پیره‌پیاوان چاویان لێ بكرێت، یان ده‌بێ پێشنیاری كرده‌ییش بخاته‌ڕوو؟ ئه‌ركی ئه‌م وتاره یه‌كه‌م پێشنیاره بۆ جۆری بیركردنه‌وه، جۆری بیركردنه‌وه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بڕیار و كرده‌وه‌كانی رۆژانه‌مان و هه‌روه‌ها خستنه‌ڕووی پێشنیاری كرده‌ییه، كه بریتییه له‌م خاڵانه:
گشت گه‌نج و تاكێكی كوردستان له ده‌روونی خۆیاندا ده‌بێ ئه‌وه‌ی قبووڵ بكه‌ن كه بۆ كوردستانی باشوور رێگای گه‌ڕانه‌وه به دواوه نه‌ماوه، ئه‌و رێگایه گیراوه، تاریكه و كۆیله‌یه‌تییه وهیچی دیكه نییه.
كه وابوو ده‌بێ گشت بیركردنه‌وه‌مان ته‌رخان بكه‌ین بۆ داهاتوو، له ئێستادا ته‌نیا ئساتوسی لێگال و یاسایی بۆ كورد، فێدڕاڵیزمه له ده‌ستووری عێراقدا كه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ كرابا، ژیانی بۆ كورد دابین ده‌كرد، ئه‌و نووسین و ئستاتوسه‌ش ئێستا هه‌موو لایه‌نه‌كان شه‌پ شه‌پێنی پێ ده‌كه‌ن و عێراق خۆی وه‌ك ده‌وڵه‌ت خه‌لاس بووه، كه وابوو ده‌بێ بڕۆین به‌ره‌و دابینكردنی ئستاتوسێكی لێگالیتر، ئه‌وه‌ش سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه. ئه‌مه‌یان ئه‌ركی ئه‌م میلله‌ته‌یه ئێستا. له‌م ره‌وته‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم ئاڵاهه‌ڵگری گۆتاری و كرده‌یی ئه‌م ستراتیژیه‌ته‌یه، هه‌ر جووڵه‌یه‌ك بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی ئه‌و له دژی پرۆسه‌ی رزگاریی و ئازادیی كورده.
گشت گه‌نج و تاكێكی كورد ده‌بێ رۆژانه له شوێنی ژیانی خۆیاندا به شێوه‌یه‌كی داهێنه‌رانه كۆببنه‌وه وبیربكه‌نه‌وه كه چمان له به‌رده‌سته و چمان پێ ده‌كرێ و به شێوه‌یه‌كی چالاكانه به‌شدار بن له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی خۆیاندا( وڵات‌دا). به‌شێكی زۆر له قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستان و كادره‌كان ده‌توانن خۆیان ته‌رخان بكه‌ن به كاری مه‌یدانی به‌ننا له مه‌كته‌ب و یارمه‌تی خۆێندكاران و زۆر شتی تردا. سه‌رمایه‌دار و چالاكانی بازاڕ ده‌توانن له شۆێنی ژیانی خۆیاندا كۆببنه‌وه و هێز و وزه‌ی خۆیان بخه‌نه سه‌ر یه‌ك و بزانن به شێوه‌یه‌كی داهێنه‌رانه بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه چی‌یان پێ ده‌كرێ، به‌م جۆره ده‌توانین بڕۆێن به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی. له مه‌یدانی سیاسی‌دا ده‌بێ رۆژ له دوای رۆژ له مه‌نتیقی -ئه‌وه‌ی به ده‌ستی خۆم نه‌كرێ حه‌رامه- خۆمان دووربخه‌ینه‌وه و له سه‌ركه‌وتن و ژێركه‌وتندا حورمه‌تی هاوكاریی سیاسیی سالم كه بناغه‌ی پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه بگرین.