په‌ندی وانه‌یه‌ک

په‌ندی وانه‌یه‌ک
*هزری مرۆڤ، لە ئەزەلەوە گوزارشتی ترپەی دڵی تاکەکانی ئەو فۆڕمە جوگرافیە بووە، کە تێدایە زیندەگی كردووە، بۆیە هەر باهۆز و شەپۆلێكی نەخوازراو، لوولیدابێت، بەرەنجام گەڕاوەتەوە سەر ئەو پنت و خاڵەی ناكرێ چوستیی داهاتووی بكاتە قوربانی تەوژمە نەخوازراوەكانی رابردوو!. گومان لەوەدا نییە ئەو هەوڵ و تەقەڵایە، بێ كەند و كۆسپ و هەڵزنان و داگەڕان جێی مەحاڵە.


*بەیداخی ئەو ڕەوتەش مرۆڤە گەورەكان دەیشەكێننەوە كە ڕابەرایەتی هزر و بزاوەكەن.


23/6 وانەیەكی مێژوویی بوو، كە ناكرێ لانی كەم لە ئەمڕۆدا بەخێرایی هەڵوەستەی لەسەر نەكەم. لەو رۆژەدا هەر پێنج وڵات (ئینگیلترا، وێڵز، ئیسكوتلەند، ئێرلەندای باكوور و باشوور) بەزۆرینە گوتیان نا بۆ مانەوە لە فۆڕمی یەكێتی ئەوروپا لە كیشوەری پیر. ئەمە رێك ئەو دێڕەی ئه‌بولقاسمی شاببیی سەلماند كە دەڵێ؛ گەر گەل ژیانی بوێت دەبێ قەدەر به‌ده‌نگییه‌وه‌ بێ.
*ئینگلیزەكان ساڵی (1975) لە ریفراندۆم بۆ ئەندامبوون لەو یەكێتییە (%67،2) دەنگیان پێ دا، لە چەند رۆژی رابردووش پتر لە سەدا پەنجا و دوو دژی وەستانەوە، ئەم وەرچەرخانە گەر واتایەكی زۆر كاریگەری هەبێ ئاماژەیە بۆ ئەوەی ساڵانی گوزەشت تەواو، ئیدی میللەت و گەل و زوبان و ئاینزاكان مافی خۆیانە دەیان سایكس پیكۆ لەناو ببەن.


بەریتانیەكان خەڵكی ئاسایی نین، داڕێژەری نەخشەی سەدەی بیستەمی جیهانن، بەڵەدی ئەوەشن یەكێتی ئەوروپا تەنها بریتی نییە لە فۆڕمێكی سیاسی رووت بەڵكو پێكهاتووە (لە یەكێتی گومرگی ناوخۆی وڵاتەكان، یەكێتی گومرگ و ئابووری تەواوی ئەوروپا، یەكێتیەكی فراوانتری گومرگی كە لە ئێسلەنداوە بۆ توركیا و مەغربی عەرەبی درێژەی هەیە). واتا مەودا و دوورایی رەهەندی كارەكەیان دەزانن. بۆیە، دەرەنجام سڵیان نەكردووە و بوێرانە و چاو نەترسانە بڕیاری خۆیاندا و، خۆیان گوتەنی قەیرانه‌ ئابووری و سیاسییەكانی ئەو بارودۆخە بەخێرایی تێدەپەڕێنن، چونكە بڕیارەكە، هی میللەت و گەلێكی خاوەن شارستانیەتە.


*ئەم دیباجەیەم بۆ وەڵامی ئەوانەیە كە پێیانوایە هەل و كەشی ڕامیاریی كوردستان و ناوچەكە فەراهەم نییە بۆ پەیامی سەرۆكی كوردستان، مەسعود بارزانی، كە داوای ریفراندۆم و (پاشان دەزانین چی تر) دەكات، دەبێ گوێ قوڵاغ بن بارزانی لە تەمەنی خەباتی خۆی و شۆڕشی بارزانی نەمر، تەمەنی بەخاتری ئەو بڕ و بیانووە نا گونجاو و نەشیاوانە تەرخان نەكردووە، بەڕێزی دەزانێ چی كردووە و چی دەكات، كورد لەوە زیاتر بەرگەی زەلالەتی داگیركەران ناگرێ، ئەوەتا بەریتانیا كە خاوەنی نەخشەی ستەمكارییە بەرامبەر كورد، ئەمێستا خۆی لە یەخەی یەكێتییەكی مۆدێرنی سەردەمییانە (بەڵام نەخوازراو بە ویست و ئیرادەی هاووڵاتیانی) دەرباز دەكات.


*بارزانی . میللەتەكەت لە دواتەوەیە، دڵنیا و بێ گومانم بۆ خەونی نەتەوایەتیمان بێ سڵەمینەوە دەكۆشێ، بەڵێن بێ وەك پێشمەرگە تا دوا تنۆك پشتیوانتبین .
Top