حزبەكان ڕاست ناكەن

حزبەكان ڕاست ناكەن
بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بگاتە سەربەخۆیی دەبێ حزبەكان ڕازی بن، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان ببن بە خاوەنی ناسنامە و سنوور و سەروەری دەبێ بەرژەوەندیی حزبەكان ڕەچاو بگیرێت، ئەو هێزە دژبەیەكانەی كە هەموو شتێك كۆیان دەكاتەوە جگە لە ئاساییشی نەتەوەیی، ئەو دیاردەیە لە مێژووی هیچ گەلێك بەدی ناكرێت، هەم جێگەی پێكەنینە و هەمیش گریان.
حزبەكان لەڕێی دەمڕاست و نووسەرەكانیان وەڵامی بانگەوازی سەرۆكیان دایەوە بۆ بەدەستهێنانی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر سەربەخۆیی. وەڵامەكان شتی تازە نەبوون و لێدانی قەوانە كۆنەكان و قسەی زبر بوو. ئەوان بەرژەوەندیی و ویستی خۆیان لەسەرووی ویست و ئیرادەی گەل دەبینن، ئەگینا ناكۆكیی سیاسیی چ پەیوەندییەكی بە سەربەخۆیی هەیە كە موڵكی گەلە و موڵكی سەدساڵ قوربانیدان و موڵكی شەهیدان و پێشمەرگەیە. دوای یەك ساڵ قەیران و بنبەستی سیاسی تەنیا سەربەخۆییە دەتوانێ لایەنەكان كۆبكاتەوە و كۆدەنگیی دروست بكات. دەبێ زەمینەسازی بكرێ، دەبێ پارلەمان كارا بكرێ، نابێ بارزانی سەرۆكایەتیی دانیشتنەكە بكات و كۆمەڵێك قسەی زبری دووبارە و ...هتد.
بەڵام ئایا حزبەكان لەوەدا ڕاست دەكەن؟ وەڵامەكەی نەخێرە، حزبەكان مەبەستیان ئازاردانی بارزانی و بەدەستهێنانی دەستكەوت و پۆینتی حزبییە. با بگەڕێینەوە ساڵێك لەمەوبەر....
دوای ئەوەی ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە و بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی تێكشكا، سەرۆك لەگەڵ شاندێك كە لە نوێنەرانی یەكێتی و گۆڕان پێكهاتبوو سەردانی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی ئەوروپیی كرد لەسەر بابەتی سەربەخۆیی و هاوكاریكردنی پێشمەرگە. بە ڕاشكاوانە داوای ڕەوای گەلی كوردستانی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا و سەركردەكانی تری ڕۆژئاوا باس كرد.
سەرۆك بەدەستێكی پڕ گەڕایەوە، كوردستان لە لووتكەی بەهێزیی خۆیدا بوو. سەرۆك ویستی دەستكەوت و دەرئەنجامی شەڕ و سەردانەكەی لەگەڵ حزبەكان باس بكات.
لە 18ـی 5ـی 2015 كۆبوونەوە مێژووییەكەی سەرۆك و لایەنەكان و دامەزراوە ڕەسمییەكان دەستی پێكرد. هەموو ئەسحابی بڕیاری حزبەكان بە گۆڕان و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و كۆتاكان و حزبەكانی تر ئامادەبوون، سەرۆكی پارلەمان و جێگری سەرۆكی هەرێم و حكوومەت و چەند وەزیرێكی حكوومەتیش.
لەم دانیشتنە مێژووییەدا بڕیار لەسەر پێكهێنانی كۆمیتەی سەربەخۆیی درا. ئەركی كۆمیتەكە كە لە كەسی یەكەمی دامەزراوەكان و حزبەكان پێكدەهات مێژوویی و بێوێنە بوو. كۆمیتەی سەربەخۆیی ئەركی بریتی بوو لە( یەكخستنی پێشمەرگە و یارمەتیدانی بۆ شەڕی داعش و دیاریكردنی سنوور)، (یارمەتیدانی پارلەمان و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی)،(هەماهەنگكردنی ڕاگەیاندنەكان بۆ خۆشكردنی زەمینەی سەربەخۆیی و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و ڕێگەگرتن لە شەڕی ئیعلامی)،(دەستەبەركردنی ئابووریی سەربەخۆیی و یارمەتیدانی حكوومەت بۆ چاكسازی و باشتركردنی ژیانی خەڵك)،(یارمەتیدانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و گەییشتن بە كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر سیستەمی سیاسی بۆ دەوڵەت و میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك)،(پێكهێنانی شاندی دانوساندكار بۆ گفتگۆ لەبارەی سەربەخۆیی لەگەڵ وڵاتان)،(پێكهێنانی شاندی دانوساندكار بۆ گفتگۆ لەگەڵ بەغدا لەبارەی سەربەخۆیی و كێشەكانی تر).
لەو ڕۆژەدا كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر هەموو ئەو پرسانە هاتە ئاراوە كە جێگەی نیقاشی لایەنەكان بوو هەر لە سیستەمی سیاسییەوە بگرە تا دەگاتە سەربەخۆیی. جێگەی داخە حزبەكان پشتیان لەو بەڵێنانە كرد كە لە كۆبوونەوەكە بڕیاری لەسەر درابوو. هیچكامێكیان نوێنەریان بۆ كۆمیتەكە نەنارد. خەریكی خۆڕێكخستن بوون بۆ گەرمكردنی شەڕی ڕاگەیاندن و پڕۆژەكانیان لە پارلەمان و ئەنجامەكەیش ئەو قەیرانەیە كە ماوەی ساڵێكە خەڵكی كوردستان ئازار دەدات.
خۆ ئەو كات زەمینە هەبوو، پارلەمانیش كارابوو، زرووفی مەوزووعیش لەبار بوو و كوردستان لەشەڕ و دیپلۆماسیدا سەركەوتبوو، ئەگەر حزبەكان ئێستا بە دەنگی بەرز بە بیانوویەك كە هیچ پەیوەندیی بە سەربەخۆییەوە نییە، ڕەفزی داواكەی سەرۆك دەكەن باشە بۆ ئەو كات بەڵێنیان شكاند؟؟؟؟ ئەوان بچووك بیریان كردەوە و ویستیان بارزانی بشكێنن و ئازاری بدەن ئەو بارزانییەی سەركەوتن و دەستكەوتەكانی لەگەڵ هەمووان بە ڕۆحێكی پێشمەرگانە بەش كرد. با حزبەكان وەڵامی مێژوو و گەلی كوردستان بدەنەوە بۆچی وا بەرتەسك و بچووك جووڵانەوە.
Top