دار پوازی لە خۆی نەبێت ناشکێت

دار پوازی لە خۆی نەبێت ناشکێت
نکۆڵی ناکرێت کە بارزانی گەورە هەموو ژیانی لە شاخ بەرانبەر دوژمنانی کورد یەک لە دوای یەک جەنگی و هەموو هێزی خۆی لە پێناو کورد و کوردستان بەکار هێنا و زۆریش نەهامەتی هاتە ڕێگا لەو پێناوەدا.
نکۆڵیش ناکرێت کە ئێستا نەوەکەی لەسەر هەمان ڕێباز بەردەوامن، هەروەها نکۆڵیش ناکرێت کە کورد و سەرکردە دڵسۆزەکانی دوژمنیان زۆرە.
نەهامەتییەکە لەوەدایە دوژمنەکە خۆماڵی بێت، پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت ( دار پوازی لە خۆی نەبێت ناشکێت)، هەرچەندە ئەم پەندە بۆ هەندێ جار بەکار دێت بەڵام من هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم کورد وکوردستان و سەرکردە دڵسۆزەکانی پوازێکی خۆیی بیشکێنێت لەگەڵ هەموو ڕێزم بۆ هەموو کوردێکی کوردپەروەر.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم پوازەی کەوتۆتە قەدی دارە بەرزەکەی کوردەوە پوازی خۆیەتی یاخود پوازی دارێکی دییە؟
ئەگەر بێتو پوازی دارەکەی خۆمان بێت چارەسەرەکەی زۆر ئاسانە، بەڵام ئەگەر پوازی بێگانە بێت و هەموو ئامانجی ئەوەبێت کوردستان لەناو بەرێت و ئێمەش بەو بیر و باوەڕە هەڵفریوێنێت ئەوە دەبێت خۆمانی بۆ ئامەدە بکەین و خۆمان لەو ڕاستییە بێ ئاگا نەکەین، پاساو بۆ سەرکردەکانمان نەهێنینەوە کە کاتێک هەڵەیان کرد و لە دژی پارتێک بونە پوازی داری بێگانە بچەقنە قەدی خۆمان، دوژمن نەکەینە ملی خۆمان کە وەک مار لە ملمان ئاڵا هەتا نەمان خنکێنێت بەرمان نەدا.
گەورەترین کێشەی کورد ئەوەیە بیری زۆر لاوازە و هەرچەند دەکات لە وانەکانی ڕابوردوو فێر نابێت، نازانم بۆ هەموو بە چەپڵە لێدان خۆشمان و سەرکردەکانیشمان گێژداوە، خۆ خۆمان مێشکی بیرکردنەوەمان هەیە، ئایا کەس دەزانێت بۆ چەپڵە بۆ میدیاکان لێدەدەین کە کاتێ هەموومان دەزانین ئەوەان بازرگانی بە مێشکی گەنجمانەوە دەکەن ؟ ئەرێ کەس دەزانێت بۆ ئێمە خەریکی شەڕە جنێو و سوک کردی یەکترین ؟ کەس هەیە حەزی بە دەوڵەت بوون نەبێت بە زووترین کات ؟
من لە دوورەوە و دەرەوەی بابەتەکە سەیر دەکەم و بە چاوێک هەمووان دەبینم ، ئەو خەڵکە خۆی خستۆتە گێژاوێکەوە خۆشی نازانێت بە کاملادا دەشکێتەوە و ئاخۆ دێنە دەرەوە یاخود سەرەونوگوم دەبن.
دوژمنانی کورد هەمدیس یەکیان گرتۆتەوە بۆ لەناو بردنمان، پوازەکەشمان هەر خەریکی بەزمەکەی خۆیەتی و چاوی لە ڕاستیەکان کوێر کردووە
Top