موفاجه‌ئه‌كه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا !...

موفاجه‌ئه‌كه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا !...
ئه‌گه‌ر موفاجه‌ئه‌كه‌ى خێرو خۆشیه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان بۆچى پێش جه‌ژن نییه‌ و نایكاته‌ جه‌ژنانه‌ بۆ دواى جه‌ژن ده‌بێ؟
نامه‌وێ باسى مێژوو بكه‌مه‌وه‌ كه‌ به‌ درێژایی مێژوو موفاجه‌ئه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ كوردستان و گه‌لى كوردستان دیارن، هه‌ر له‌ سه‌رده‌مى كۆمه‌ڵه‌ى ره‌نجده‌ران و هاورَێكانى و شه‌ڕى ناوخۆى شاخ و ناو شاره‌كانى كوردستان و له‌وه‌ى وتى "هه‌ولێر گوندێكى گه‌وره‌یه‌ چ پیرۆزیه‌كى هه‌یه‌ تاوه‌كو شه‌ڕى تیانه‌كرێت"، تا ده‌گات به‌ جیابوونه‌وه‌ى له‌ یه‌كێتى و مه‌ینه‌تیه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنى 2009 به‌تایبه‌تى خه‌ڵكى سلێمانى و 17 شوبات و 23 حوزه‌یران تا ده‌گات به‌ چوونى بۆ ئه‌وروپا و گه‌ڕانه‌وه‌ى و دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو ئه‌گه‌ر هۆشداریه‌كه‌ى ئه‌مریكا نه‌بووایه‌ جه‌وله‌یه‌كى دیكه‌ى شه‌ڕى براكوژیمان هاته‌وه‌ پێشه‌وه‌.
به‌ڵام له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ده‌كرێ ئومێدێك له‌ هزرى نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌بێت به‌وه‌ى ئه‌مجاره‌ موفاجه‌ئه‌كه‌ى له‌و ته‌مه‌نه‌ى ئێستایدا به‌خێر بۆسه‌ر خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بشكێته‌وه‌.
هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ى زانیارى نزیك له‌ گۆڕان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌ دواى جه‌ژن نه‌وشیروان مسته‌فا دیسان موفاجه‌ئه‌ى بۆ خه‌ڵكى خێر له‌ خۆنه‌دیوى كوردستان پێیه‌، ئه‌گه‌رچى ئه‌وه‌ هه‌ر خۆى ده‌ڵێت كه‌ موفاجه‌ئه‌ى ئه‌مجاره‌شیان به‌دبه‌ختى و مه‌ینه‌تیه‌كى دیكه‌یه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر موفاجه‌ئه‌یه‌كى باشه‌ فه‌رموو بۆ پێش جه‌ژن نایدات به‌ خه‌ڵكى كوردستان تاوه‌كو جه‌ژنه‌كه‌یان به‌ خۆشى به‌ڕێبكه‌ن و بۆیان ببێت به‌ جه‌ژنانه‌، ئه‌وه‌ خۆى گومان ده‌كات هه‌مدیسان مه‌یلێكى شه‌ڕانگێزى یه‌خه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فاى گرتبێته‌وه‌!.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شیاندا ده‌كرێ و ده‌شتوانێ نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌و مێژووه‌ خراپه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى سپى بكاته‌وه‌، ده‌كرێ نه‌وشیروان مسته‌فا گه‌وره‌یی بنوێنێت و به‌ ده‌ستخستنه‌وه‌ ناو ده‌ستى بارزانى بۆ پرسى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌موو ئه‌وانه‌ى رابردوو له‌سه‌ر خۆى لابدات و مێژوویه‌كى گه‌وره‌و پڕشنگدار له‌م قۆناغه‌ى ئێستا بۆخۆى تۆمار بكات، چونكه‌ لاى بارزانى پرسى پشتیوانیكردن له‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌موو شتێك گه‌وره‌تره‌ و به‌و هه‌نگاو موفاجه‌ئه‌یه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌توانێ زۆر شتى گه‌وره‌ بۆ خۆى و حزبه‌كه‌ى ده‌سته‌به‌ر بكات، چونكه‌ بارزانى خۆى وتى ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌سه‌رده‌ستى منداڵێك بێت ئاماده‌یه‌ ده‌ستى ماچ بكات، ئه‌و هه‌نگاوه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى له‌م پرسه‌ له‌لایه‌ك بزووتنه‌وه‌كه‌ى له‌و چوونه‌ قه‌فه‌زه‌ى سلێمانى ده‌هێنێته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ ناو پڕۆسه‌ى سیاسى، له‌لایه‌كى دیكه‌ش ئاشته‌واییه‌كى گه‌وره‌ى سیاسى روو له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات كه‌ رێگه‌ خۆشكه‌ر ده‌بێ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ى فراوانى نیشتمانى كه‌ تیایدا هه‌موو پارته‌كانى كوردستان كۆده‌كاته‌وه‌ و له‌وێشه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و پرسى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌نێن، هیواخوازین ئه‌وه‌ موفاجه‌ئه‌كه‌ى بێت.
Top