میسداقیەت ئاوا دروست نابێتەوە!

میسداقیەت ئاوا دروست نابێتەوە!
لە سیاسەتدا، میسداقیەت زۆر گرنگە، بزووتنەوەی گۆڕان كە دەستی بە بن باڵی یەكێتییەوە گرتووە، تا زەوییەكەی بۆ تەخت بكات، ماڵەو ماڵی حزبەكان دەگەڕێن و گوایە نیەتیان ڕێكخستنەوەی نێو ماڵی كوردە!


تا ئەم وەختە بزووتنەوەی گۆڕان هیچ متمانە و میسداقیەتێكی لای پارتی نەماوە، تەنانەت لای هەوادارانی خۆیشیەوە هەموو بەڵێن و ڕاستبێژییەكی لەدەست داوە، بۆیە ئیستا تۆپەکە لە ساحەی بزووتنەوەی گۆڕانە کە ئایە چ سیاسەت و ستراتیژێک دەگرێتە بەر تاوەکو شایستەی ئەوە بێت جارێكی دی بخرێتەوە ناو بازنەی بایەخپێدانی پارتییەوە؟
ئاخر حزبێك هیچ سەنگ و متمانەیەكی لای حزبەكان و خەڵك نەمابێت، ئیمزای نووكەقەڵەمێكیشی لەم كوردستانە لە دەستدا نەمابێت، بەم خۆنمایشكردنی نێو كۆبوونەوە و كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكان، دەتوانێ كاری چەوت و سیاسەتی بەلاڕێدابردن و فریودەری خۆی ڕاست بكاتەوە!؟ بە بڕوای من نەخێر، تەنها دەتوانێ لە چاوەڕوانی گۆدۆدا بژیت!
پێویستە خەڵكی كوردستان ئەو پرسیارە لە گۆڕان بكەن، ئێوە پتر لە حەوت ساڵە بە دروشم و پەیامی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی گوێتان كاس كردبووین. ئێوە گەندەڵیتان بە سەر دوو جەمسەردا دابەش كردبوو، بەشی پارتی و بەشی یەكێتی! خێرە ئێستا لەگەڵ ئەولایەنەدا كە بە دزێكی سەرەكیی سامانی كوردستانتان ناو دەبرد! وا بوونەتە ئاشقە و ماشقە و دەستتان خستۆتەوە ناو دەستییان؟! کەواتە هەرچی تەمومژە نەماو دەركەوت ئێوەش نەك هەر شەریكی گەندەڵكارانن، بەڵكو هەڵخەڵەتێنەری خەڵكی كوردستانیشن.!
پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای ڕێككەوتنە سیاسییەكەیان، ڕای گەیاند، بیرۆكەی ڕێككەوتنەكە، بۆنی دژایەتیی پارتی و تێكدانی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكانی لێ دێت، هەروەك لە گوفتاری ڕێكخەری گۆڕان و سەروسیمای لیژنە هاوبەشەكەوە دیارە، کە ڕاستی خوێندنەوەكەی پارتی سەلما، كە بەڵێ لە ڕوانگا و نیەتی گۆڕانەوە ڕێككەوتنەكە تەنها بۆ دژایەتیی پارتییە، بۆیە پارتی هەقی خۆیەتی كە هیچ نرخێك ڕێككەوتن و مناوەرە سیاسییەكانیان دانەنێت و هیچ مامەڵەیەكیشی لە گەڵدا نەكات، هەموو ئەو سەردانانەش هیچ بەرهەمێكیان نییەو تەنها ئیستیڤزازین بۆ ئەوەی دەهۆڵەكەیان بكوتن و بڵێن، پشتیوانیی لایەنەكانمان لە دژی پارتی دەستەبەر كردووە!
ئاخر سەردانی كامە حزب دەكەن؟ ئەو حزبانەی نەوشیروان مستەفا بە پاشكۆی پارتی و بە دووكاندار وەسفی دەكردن، ئەو حزبانەی گۆڕان ڕازی نەبوو لە كۆبوونەوە فراوانەكانیشدا بەشداری پێ بكرێن.؟ ئەو پێکهاتە مەسیحی و توركمانانەی گۆڕان و یەكێتی داوای نەهێشتنی (كۆتا)یان بۆ دەكردن، ئەمڕۆش كە بارت كەوتۆتە لێژێ، كڕنۆشیان بۆ دەبەیت!
ڕێگای ڕاست و دروست گەڕانەوەیە بۆ مەنتیقی ئەقڵ و هەستپێکردنی واقیعی سیاسیی کوردستان و پێگەو سەنگی پارتی تەوافوقی سەرجەم لایەنە سییاسییەکان، ئەمەیە بڕواو متمانەی سیاسیی دەگێڕێتەوە، کە تاكە چارەسەرە بۆ زاڵبوون بە سەر كێشەكان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، چونكە سیاسەتی نینۆكبڕین و دەستبادانی یەكتر ئەزمونێكی دۆڕاوە، نەخاسمە بۆ باباییەک كە پێشتر تەجرەبەی زۆریی لەوبارەییەوە بوبێت! هیچ وەختێك نامان گەیەنێتە مەنزڵێكی ئارام و ڕزگاری و ئازادیی یەكجارەكی و سەربەخۆیی گەلی كوردستان.
Top