چەكێك كە زیاتر لە فڕۆكە و زرێپۆش ناسیۆنالیزمی كوردی پێویستی پێی بووەو نەیزانیوە
June 18, 2016
وتار و بیروڕا
بێگومان من لێرەدا ناتوانم پێناسەی ناسیۆنالیزمی كوردی بكەم و ئەمە هەڵدەگرم بۆ كات و شوێنێكی دیكە و راستەوخۆ دەڕۆمە سەر خودی پرسیارەكە و ناوەڕۆكە ئاڵۆزەكەی.
خەیاڵدانی كۆلێكتڤی ناسیۆنالیزمی كوردی مەخزەنێكی لێوانلێوە لە "بڕیاری پێشینە" و یەكێكیش لەوانە بریتییە لە تاوانباركردنی ئیسلام بەوەی كە بەرپرسیارە لە دواكەوتنی پرسی سیاسیی كورد. من نەك هەر بۆچوونەكەم پێ هەڵەیە، بەڵكو میتۆدی گەیشتن بەو بۆچوون و دەرئەنجامەشم پێ هەڵەیە.
ئیسلام ستراكتۆرێكی بەستراكتۆركراوی ستراكتۆر دروستكەر نییە تا بەشێوەیەكی ترانساندانس بێت و پرسی نەتەوەیەك بەرز بكاتەوە بۆ ئاسمان و پرسی نەتەوەیەكی دیكە غەرقی نێو دەریاكان بكات. ئیسلام وەك ئاینێكی یونیڤێرسال، دۆستی نەتەوەیەك نییە و دوژمنی نەتەوەیەكی دیكە، كولتوری نەتەوەیەك نییە و دژە كولتوری نەتەوەیەكی دیكە.
هەڵەن ئەو كەسانەی بۆ تێگەیشتن لە واقیعی كۆنكرێتی سیاسی و كۆمەڵایەتیی نەتەوەیەك یان كۆمەڵگایەك پەنا بۆ ئیسلام دەبەن وەك ئەوەی ئیسلام جەوهەرێكی نەگۆڕی مێژوویی هەبێت. نەخێر، ئەوەی قسە دەكات، ئەوەی كە دەجووڵێت، ئەوەی ئەكشن بڵاودەكاتەوە، ئەوەی دەستنیشانی شتەكان دەكات، موسوڵمانانن نەك ئیسلام.
ئەوە ئیسلام نییە كە پێماندەڵێت موسوڵمانان چین و كێن، بەڵكو ئەوە موسوڵمانانن كە پێماندەڵێن ئیسلام چییە و چۆنە. لێرەوە پرسیاری ئەوەی كە تا چەند ئیسلام بەرپرسە لە دواكەوتنی پرسی سیاسیی كورد؟ من بە نێگەتیڤ وەڵامی دەدەمەوە و پێموایە ئەوە خودی كوردە موسوڵمانەكانن كە ئاستێكی وشیاریی هێندە بەرزیان نەبووە بۆ ئەوەی ئیسلام وەك سەرچاوەیەك مۆبیلیزە بكەن و بیخەنە خزمەت پێشكەوتنی پرسە سیاسییەكانی خۆیانەوە.
فارسەكان عەرەب نین، ئیسلامیش لە تاران لەدایك نەبووە، بەڵام فارسەكان توانیویانە هەر لە سەردەمی عەباسیەكانەوە تا دەگاتە ئیمام خومەینی، ئیسلام وەك سەرچاوەیەك مۆبیلیزە بكەن بۆ شەرعیەتدان بە پرسەكانیان. ئیسلام لە پاكستاندا سەری هەڵنەداوە و پێغەمبەری ئیسلامیش پاكستانی نەبووە و قورئانیش بە زمانی ئۆردو نەهاتووەتە خوارەوە، بەڵام پاكستانیەكان توانیویانە ئیسلام وەربگێڕنە سەر میكانیزمی شەرعیەتبەخشین بە "وجودی" دەوڵەتەكەیان. كە سوپای سووری سۆڤێتی ئەفغانستان داگیر دەكات، ئەفغانیەكان دێن و ئیسلام وەكو سەرچاوەی بەرەنگاری و راپەڕین و شۆڕش دژ بە داگیركەران بەكاردەهێنن. ئەم هاوكێشەیە بۆ توركەكانیش راستە: ئەوان لەڕێگای شەرعیەتی ئیسلامیەوە، نەك هەر توانییان دەوڵەت دروست بكەن، بەڵكو دەوڵەتەكەشیان (ئیمپراتۆریەتی عوسمانی) بەسەر نیوەی جیهاندا فەرزكرد.
بەدیوێكی دیكەدا، ئەكتەرە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان دەتوانن ئیسلام وەربگێڕنە سەر كولتورێك لە جەنگ و دواكەوتوویی و گەندەڵی و شكست. لەنێو قورئان و فەرموودە و ترادیسیۆنی ئیسلامیدا، هێندە دەق و نموونە هەن كە بە ئاسانی ئەكتەرەكان بتوانن بۆ شەرعیەتدان بە دروستكردنی قەیران و تراژیدیاكانیان بەكاریان بهێنن. گەڕانەوەیەكی خێرا بۆ سعودیە، قەتەر، كوێت، میسر، مەغریب و... وردكردنەوەی هەلومەرجی كێڵگەی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی بەئاسانی ئەم تێزەمان بۆ دەسەلمێنن.
بەڵام لە ئاستێكی دیكەدا هەمان ئەم ئەكتەرە سیاسی و كۆمەڵایەتیانە دەتوانن ئیسلام وەربگێڕنە سەر كولتورێك لە پێكەوەژیان (وەكو ئەندەنوسیا) و گەشەی ئابووری (وەكو توركیا) و بەهێزكردنی پرسی ناسیۆنالیزم (وەكو فەلەستین).
لێرەوە بەخشینی ناوەڕۆكێكی مەنگی مێژوویی نەگۆڕ بە ئیسلام هیچ مانایەكی نییە و لەگەڵ واقیعدا یەك ناگرێتەوە. تراژیدیای ئەكتەرە سیاسییە كوردەكان لەوەدایە كە نەك هەر نەیانتوانیوە ئیسلام وەك سەرمایەی سامبۆلیكی زیاتر لە نەوەد لە سەدی كۆمەڵگای كوردی بەكاربێنن بۆ خزمەتكردنی پرسی كورد، بەڵكو جاهیلانە هەوڵیان داوە ئیسلام وەك دوژمنێكی نەگۆڕی جەوهەرگەرا بینا بكەن و بەمشێوەیەش هەم جەماوەرە موسوڵمانە كوردەكەیان لەدەستداوە، هەم خۆشیان مەحروم كردووە لەبەكارهێنانی چەكێك كە زیاتر لە فڕۆكە و زرێپۆش ناسیۆنالیزمی كوردی پێویستی پێی بووە.
رووداو