ئەو پرسیارانەی دەبێ پەكەكە وەڵامیان بداتەوە!؟

ئەو پرسیارانەی دەبێ پەكەكە وەڵامیان بداتەوە!؟
رۆژگارێك بوو پەكەكە ئیدیعای دامەرزاندنی كوردستانی گەورە و سەربەخۆی دەكرد! بەڵام دواتر بە كردەوە و لەسەر ئەرزی واقیع ئەوەی سەلماند، كە فڕی بەسەر خەباتی نەتەوەیی و كوردستانی سەربەخۆوە نییە، بەڵكو هێزێكی مەترسیدارە دژی بزووتنەوەی راستەقینەی ڕزگاریخوازی كوردایەتی، حزبێكە بەردەوام دەستی لە سەر سینگە و لە ژێر ئەوامری تەحتە تەلەبی داگیركەرانی كوردستانەوە بۆ دژایەتیكردنی هەموو ئەو هێزە كوردیانەی كە خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوەیەكان و مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردستان دەكەن.
سەركردەكانی پەكەكە بە تایبەت جەمیل بایك بۆ چەندینجار لەرێگای میدیاكانەوە ئەوەیان دووپات كردووەتەوە كە حزبەكەیان دژی كوردستانی سەربەخۆیە، دژی خەباتی نەتەوەییە، هەروەك دروشم و ستراتیژی هێزە كوردییەكانیان لە بارەی سەربەخۆیی كوردستانەوە، (بەكارێكی كونەپەرستانە و دژی پێكەوە ژیانی گەلان وسف كردووە) و خویانیش وەكو پارێزەری یەكپارچەیی توركیا و ئومەتی توركی ناساندووە و تا ئەم دەموساتەش ئەوەی بەناوی خەبات كردوویانە، هەر لە خزمەت داگیركەرانی كوردستانداو بە تایبەتی لە خزمەتی سیاسیەتەكانی توركیاشدا بووە و لە كاولكردنی كوردستان و مالوێرانیی خەڵكەكەی بترازێ، هیچ سوودێكی بۆ كوردی باكووری كوردستان نەبووە!
با لەوە گەڕێین، وەكو هەندێ لە دەروێشانی پەكەكە بۆی دەچن ، گریمان ئەمە (سیاسەتێكی تاكتیكیە!!) ئەی ئەوەی لە ڕێی حزبە كارتۆنییەكانی خۆیەوە لە رۆژئاوای كوردستان دەیكات، چ ناوێكی لێ بنێین.!؟ ئایا رۆڵی پەكەكە چ جیاوازیەكی لەگەڵ رۆڵی هێزەكانی حزبوڵای لوبنانی هەیە لە سووریا؟!
ئەی ئەوەی پەكەكە لەسەر سنوورەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان دەكات چ ناوێكی لێ بنێین ؟! ئەو هەموو دژایەتیەی بۆ كوردستانی سەربەخۆ و چ مانایەك دەبەخشێت؟! لە ئەڵمانیاوە تا قەندیل هەرچی توانیان كردیان بۆ ئەوەی دژایەتیی پڕچەككردنی پێشمەرگە بكەن لەلایەن هاوپەیمانانەوە، ڕۆژانە هەموو هەوڵێكیان بە فیتی داگیركەرانی كوردستان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی كێشە بۆ حكوومەتی هەرێم دروست بكەن و بەرد بخەنە سەر رێگاكانی پێشكەوتنی كورد لەم بەشەی كوردستاندا و، ئەوەی داگیركەران لەو قۆناغەی مێژوودا لەدەستیان نایە بیكەن، بە ئەمانەت و وەك ئەركێك بە پەكەكەیان ئەسپاردووە و خوا هەڵناگرێ ئەویش ئەمانەتپارێزانە و خۆبەخشانە بۆیان جێبەجێ دەكا و لە پێناو چەند کارتۆن گوللە ئارپیجی و كڵاشینكۆفدا خەونەكانیان وەدی دێنێ.
خەڵك پرسیاری ئەوە دەكات و پەكەكەش بێ وەڵامە ئایە ئەو سیاسەتەی پەكەكە لەدەڤەری شنگال پیادەی دەكات، بۆ چ ئامانجێكەو خزمەت بەكی دەكات ؟! باشە سیاسەتی پەكەكە لە باكووری كوردستان، چ دەسكەوتێكی بۆ كورد لێكەوتۆتەوە، جگە لە كارەسات و ماڵوێرانی كوردان ؟!
ئایە بۆچی سەرانی پەكەكە رێگا نادەن هەدەپە بەناوێكی كوردیی و بەرگ و ڕەنگێكی كوردستانییەوە چالاكی بكات ؟! بۆ رێگای نەدا هەدەپە بۆ یەكجاریش لەبەرنامەی هەڵبژاردندا ناوی كورد یان كوردستان بێنێت ؟! بۆ هێندە دژی ئاڵای كوردستانن ، لە هەر كوێ ئەو پەرچەمەی كوردان ببینێ وەكو شۆڤێنییەكان توشی هێستریا دەبن و یەكسەر بە فەتوای هاوڕێ جومعە پەلاماری دەدەن ودەیسوتێنن ؟! بۆچی هێندە دژی ناوی كوردستانە و رێگا نادات هیچ دەزگاو رێكخراوێكی، سیاسی و سەربازی خۆیان پاشناوی كوردستانیان پێوەبێت؟!
Top