کێن ئەوانەی تەقە لە ماڵی تاڵەبانی دەکەن؟

کێن ئەوانەی تەقە لە ماڵی تاڵەبانی دەکەن؟
جارێکیان بەرپرسێکی یەکێتی لە ئاستی مەکتەبی سیاسی پێی گوتم: “مام جەلال لە ساڵی ٢٠١٠ لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی زۆر نیگەران بووە لە نەوشیروان مستەفا و بەوە بەراوردی کردووە کە تەقە لە ماڵی ئەو دەکات، بە جۆرێک نەوشیروان مستەفا هەموو دەسەڵاتەکانی لەناو یەکێتی هەبووە کەچی هاتووە ناوماڵی یەکێتی جیاکردوەتەوە”.
ئێستاش هەربیر لەوە دەکەمەوە کە بە جیاکردنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان چەندە تاڵەبانی نیگەران کردووە، تا ئاستێک لەناو کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی بە تەقەکردن لەناو ماڵی باس بکات، کە بێ گومان ئەگەر لەهەموو روویێکەوە شیکردنەوە بۆ دۆخی ئەو کاتەی یەکێتی بکەین، ئەو قسەیەی تاڵەبانی راست بووە، چونکە لەلایک بەرانبەر بە پارتی بێ هێز بوو، لەهەمان کاتدا لە ئاستی نێودەوڵەتیش مامەڵەکرن لەگەڵ یەکێتی جاران باشتر بوو لە (یەکێتی و گۆڕان)واتە ئەوەی لەناو یەکێتی کرا لێدان بوو بە ئاراستەی لاوازکردنی یەکێتی لە ئاستی هەرێمیایەتی و نێودەوڵەتی.
تائیستاش ئەو پرسیارە لە مێشکم ماوە بۆچی تا ئەو کاتەی تاڵەبانی لە ژیانی سیاسیدا مابوو پەیوەندی یەکێتی و گۆڕان ئەوەندە لە ئاستێکی خراپدابوو؟ تۆ بلێت جیاکردنەوەی گۆڕان لە یەکێتی پەیوەندی بە گرفتی نێوان بەرێز نەوشیروان مستەفا و بەڕێز جەلال تاڵەبانی نەبووبێت؟، ئێستا پرسیارەکە ڕوونە و وەڵامەکەشی دراوەتەوە نەوشیروان مستەفا بەقسەی تاڵەبانی بێت جاری یەکەم تەقەی لەناو ماڵی یەکێتی و سکرتێری ئەو حزبە کردووە، بەڵام بۆ جاری دووەم هەندێک زانیاری مەترسیدارە هەیە ئەویش دوای رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی قسەیەک لەناو یەکێتی دروست بووە کە بۆ جاری دووەم نەوشیروان مستەفا تەقەی لەناو ماڵی تاڵەبانی کردووەتەوە، چونکە دژ بەری راگەیاندنی لەنێوان بنەماڵەبانی تاڵەبانی و هەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دروست بووە کە لەجیاتی ئەوەی نەوشیروان مستەفا ڕۆڵی براگەورەی ببینێت کەچی ڕۆڵی تەماشاکەری پێدراوە، بەتایبەتی لە دوورخستنەوەی چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە تائێستا پرسیار نەکراوە ئەمانە لە پێناوی چی دوورخراونەتەوە؟ بەشێکیان لەسەر قۆرغ کاری و بەشێکی دیکەش لەسەر پەراوێزخستن لە یەکێتی دابڕوان لە کاتێکدا ناکرێت حزبێکی گەورەی وەک یەکێتی لە پێناوی یەکگرتن و دابڕانی حزبێک لەناو هەناوی ئەو هەموو قوربانییە بدات، دەبێت پێش هەمووشتێک یەکێتییەکان خۆیان بپرسن حزبەکەیان شیاوی ئەوەیە کە ئەوەندە ئازار بدرێت؟؟.
ئەی ئەگەر وایە بۆچی یەکێتییە دڵسۆزەکان لە ئاستی خوارەوە بەس دەبێت شایەتی ئەوەبدەن بڵێن باشە و لەگەڵین جارێک بۆ پرسیان پێنەکراوە ئەی بۆچی لە ئاستی سەرەوە و بڕیار بەدەستانی یەکێتی و گۆڕان لەسەر چی وا لەئایندەی شۆرش و رابردووی خۆیان دەکەن؟ لەم دۆخەی ئێستادا هەندێک لە یەکێتییەکان باش لە قسەکانی تاڵەبانی گەیشتوون لێرە و لەوێ باسی دەکەن بەتایبەتی کاتێک تاڵەبانی کاتی خۆی رووی دەمی کردە نەوشیروان مستەفا و گوتی: “ئەوەی یەکێتی بەدڵە بەم قەوارەوە بابێتەوە و ماڵی یەکێتی هەمیشە کراوەیە، بەڵام ئەوەی بیەوێت شەرت و مەرج بەسەر یەکێتی و یەکێتییەکان فەرز بکات جێگای نابێتەوە”. واتە قسەی گرنگ ئەوەیە کە کێ پارێزگاری لە ماڵی تاڵەبانی دەکات و قسەکانی بەجێ دەهێنێت؟ ئەگەر کەسێک هەبوایە پارێزگاری لە ماڵی تاڵەبانی بکات دەبوو رێگا نەدات بەهۆی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئەو هەموو سەرکردە بتۆرێن، چونکە دواجار قسەی تاڵەبانی شکێنرا و رێزیش بۆ یەکێتییەکان نەگیرا لەهەمووشت خراپتر ئەوە بوو کە لەپێناوی شەرعیەت بەخشین بە رێککەوتنەکە بەرێزیان هێنرایە ناو رێککەوتنەکە و واژۆیان پێکرا کە پێم وابوو مەترسیداترین یاری لەگەڵ ماڵی مام جەلال کرا ئەوەبوو کە شەرعیەت لە دەرەوەی ئیرادەی تاڵەبانی بەسەر یدا فەرز کرا کە ئەمە بەڵگەیەکە بۆ مێژوو بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو دەنگانە کپ بکرێن کە لەناو گۆڕان و یەکێتی هەیە.
Top