ئەمەش نامەیەکە بۆ ئەو کارمەندە باڵادەستەی هەفتەی ڕابوردوو لە خزمەتیا بووم.

ئەمەش نامەیەکە بۆ ئەو کارمەندە باڵادەستەی هەفتەی ڕابوردوو لە خزمەتیا بووم.


نامەیەک بۆ بەڕێز (.......)

جەنابی فەرماندە ، جەنابی وەزیر ، جەنابی بەڕێوەبەر ، جەنابی پەرلەمانتار، هەموو جەنابەکانی تریش
پاش ڕێزێکی گەورە و بێپایان
من وەک هاووڵاتییەکی سادە و بڵێین تا ڕاددەیەکیش نەزان، لە جەنابتان دەپرسم ئایا جەنابتان دەتوانن بۆمان ڕوون بکەنەوە ئێوە چین؟
ئایا بەڕێزتان موچەخۆرن ؟ یان کارمەند ؟ یان کار دەکەن بۆیە موچە وەردەگرن ؟ یان هەر کار ناکەن و موچە وەردەگرن ؟ یان کار ناکەن و کاتێک موچە نییە هاوارتان لێهەڵدەستێ؟ یان بڕی مووچەکەی وەرتانگرتووە هەندە زۆر بوو سەد ساڵیتریش کار بکەن بێ مووچە هێشتا هەر کەمە؟
قوربان کاتێ بە هەزار واستە دەگەمە لای بەڕێزت ، دیارە کێشەکە زۆر گەورەیە ،چونکە بەڕێزتان لە تەلەفزیۆندا نەبێت نابینرێن تا وامان لێهاتووە بڕوا ناکەین مرۆڤی ڕاستەقینە بن
قوربان پاش ئەوەی کاتێکی دیاریکراوم بۆ دادەنێین کە بێمە خزمەتتان، نازانم بۆ دەبێت هێشتا نیو کاتژمێریدیش دانیشم ؟ تۆ بڵێی لەبەر پریستیج بێت؟
قوربان پاش ئەوەی گەیشتمە خزمەت بەڕێزتان و دەمم کردەوە کێشەکەم باس بکەم تکایە یەکسەر مەکێشە بە دەمما و نەهێڵیت قسە بکەم وبمنێریتە لای سکرتێرەکەت کێشەکەم بۆ چارەسەر بکات خۆ جەنابتان ئاگاتان ڵێنییە من پێشتر لای ئەو بووم و ئەویش گووتی لای بەڕێزتانە، بەڕێزتان ئەوە یەکێکە لە کارە سەرەکییەکانتان، گوێ لە خەڵکەکە بگرن
قوربان من بۆم نییە بەڕێزتان فێری کارەکەی خۆتان بکەم هەرچەندە ئەو کارەی بەڕێزتان دەیکەین بە هیچ جۆرێک پەیوەندی نییە بە بڕوانامەکەتانەوە، بەڵام هەردوکمان باش دەزانین کە بەڕێزتان ئەم کارە دەکەن وموچەی لەسەر وەردەگرن، هەر بۆ ئەوە نییە کە جار و بار لەسەر تەلەفزیۆن بتبینین بەڵکو بەڕێزتان کارمەندن و دامەزراون بۆ خزمەتکردنی خەڵکێکی وەک من .
قوربان خۆ ئەگەر تۆ تۆزێک لە کەسایەتی بەندەت کەمکردەوە لە بوونی بەڕێزتانا، بڕوا بکە بە هیچ جۆرێک ئەو کەمەی من ناچێتە سەر تۆ بەڵکو بە هەمان شێوە لە کەسایەتی خۆت کەم دەکەیتەوە بەرانبەر من.
قوربان کوڕەکەت لەسەر جادە بە ئۆتۆمۆبیلەکەی کە حکومەت داوییەتیە جەنابت بۆ کار و باری دەستگاکەت، وا ملی هەموومان دەشکێنێت، وا بە پۆزەوە دەیشکێنێتەوە سەرمان، و کەسیش ناوێرێت لایتێک یان هۆڕنێکی بۆ لێدا نەوەک (.......).
من هەمیشە لە چاکەی هیچ کەس دەرناچم، بە تایبەت ئەگەر یارمەتی دابم یان هەر ئاوڕێکیشی لێدابمەوە، بەڵام قوربان کە بەڕێزتان کارە گرنگەکەی منتان پشت گوێ خست و منتان بە (بەند) زانی نەک هاووڵاتی، ئەوا منیش ئەگەر وەک ڕۆژانی سەدامی گۆڕ بە گۆڕ سەرم بکەیت بە داریشا هەرچی هەیە ئەیڵێم.
ئاخر خۆ من لەو کەسانە نیم هەر بڵێم ئەشهد و بیللا.

Top