دوور لە سیاسەت!
June 1, 2016
وتار و بیروڕا
هەڵە دەكەین ئەگەر هیوای منداڵبوونی زۆر بۆ دایك وباوكان بخوازین، باشترە ئومێدی چەندایەتیی كەم و چۆنایەتیی باش و پەروەردەیەكی ڕۆشنگەر و تەندروست بۆ نەوەكانمان بخوازین.
كارێكی باش نییە، خێزانەكان بێ پلان زیادبوونی منداڵ بدەنە دەست قەدەر و، تەنها بۆ كەیف و دڵی خۆیان منداڵ بخەنەوە، دواتر لەم دونیایەدا، چارەنووسیان بەشمەینەتی بێ، ئازار بكێشن و بارگرانییش لە سەر كۆمەڵگە و وڵاتدا دروست بكەن.
منداڵ نیعمەتێكی مەزنی خودایی و بەشەریەتە، دایك نابێ دڵی بەوە خۆش بێت، تەنها منداڵی هەبێ بۆ ئەوەی پێی بڵێن: وەجاغی كوێر نییە، گرینگتر لەوە وەختێك منداڵی دەبێ، منداڵەكەی لە سەردەمی منداڵیەتیدا، منداڵی بەخۆیەوە ببینێ، لە سەردەمی گەنجێتیدا گەنجیێتی بە خۆیەوە ببینێ.
پێویستە حكوومەت هۆشیاری و ڕێنمایی بدات بۆ ئەوەی خانەوادە بپارێزێت، هەموو خێزانێك لە سەریەتی بەرنامڕێژی بۆ منداڵبوون بكات، نابێ دایك و باوك و بنەماڵەكان گرێی كچبوون و كوڕنەبوونیان هەبێ، یا بە پێچەوانەوە، كچ یا كوریان بێ، ئەوان خاوەنی بەهاو سەروەتێكی ئینسانین و سەرمایەكی مەزنیان بۆ بەردەوامبوونی ژیان بەرهەمهێناوە.
منداڵ مافی خۆی هەیە، پێویستە پارێزگاری لێ بكرێ، لە ڕووی جەستەیی و ڕۆحییەوە چاودێری ورد و باش بكرێ. منداڵ پێویستی بە خوێندن و خوێندەواری و هۆشیاری و گەورەكردن هەیە، بۆ ئەوەی كەسایەتییەكی پێگەیشتوو و هەڵكەوتوو بەنرخ و سەنگینی لە نێو خێزان و كۆمەڵگەدا، منداڵ پێویستی بە پەروەردەیەكی زانستی و ئینسانناسی و مرۆڤدۆستی هەیە، بۆ ئەوەی خۆیی و خێزان و میللەتەی، خۆشبەخت و بەختەوەرانە بژین.