دواجار شانازی ده‌وڵه‌ت به‌ر ئه‌وانه‌ ده‌که‌وێت که‌ نیشتمان ده‌پارێزن

دواجار شانازی ده‌وڵه‌ت به‌ر ئه‌وانه‌ ده‌که‌وێت که‌ نیشتمان ده‌پارێزن
نه‌ک ئه‌وانه‌ی به‌سه‌ر گردێکه‌وه‌ خۆیان له‌ ماڵ ناوه‌ و له‌ ناخۆشیه‌کاندا بێ هه‌ڵوێست و نوزه‌یان لێوه‌ نایه‌ت و کوردستانیان جێ هێشت، ئه‌وانه‌ی له‌م شه‌ڕه‌ چاره‌نوسسازه‌دا هیچ ڕۆڵێکیان له‌ پێناو به‌رگری خاک و گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌کانی کوردستان نه‌بووه‌ و نیه‌، ئه‌وانه‌ی که‌ به‌رده‌وام به‌ دروشمی بڕوخێ تانه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م نیشتمانه‌ داوه‌ و به‌ڵام هه‌موو شیرینی و پشکێکی ده‌سه‌ڵاتیش بۆ خۆیان به‌ ڕه‌وا ئه‌زانن و له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌شدار بن له‌ داڕشتنه‌وه‌ی سنوره‌کان و ئازادی خاک و هه‌وڵ بده‌ن پریشکێکی ئه‌م سه‌رفرازییه‌ بیانگرێته‌وه‌ که‌چی خه‌ریکی خه‌و بینینن و بێ بایه‌خ کردنی سه‌رکه‌وتنه‌کان و گیانفیدایی پێشمه‌رگه‌ن. ئه‌وانه‌ نه‌ک ناتوانن به‌ پیلان و دارده‌سته‌ بوونی نه‌یاران ببنه‌ ڕێگر له‌ له‌دایک بوونی ده‌وڵه‌تێک که‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ خوێنی خۆیان سنوریان بۆ کێشاوه‌ و بوونه‌ته‌ قه‌ڵغانی بناغه‌یه‌کی پته‌وی ئاینده‌ی ده‌وڵه‌تێک که‌ ته‌نها پێشمه‌رگه‌ و سه‌رۆکێکی پێشمه‌رگه‌ بە شانازییەوە خاوه‌ندارێتی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن، به‌ڵکو ئه‌وانه‌ ده‌بێ شه‌رم له‌م میلله‌ته‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ هێنده‌ بێ هه‌ڵوێست بوون له‌گه‌ڵیان و ڕۆژێک له‌ ڕۆژان هاوبه‌شی خه‌م و ناخۆشیه‌کانیان نه‌بوون و ته‌نانه‌ت به‌شداری پرسه‌ی شه‌هیدێکی پێشمه‌رگه‌ نه‌بوون و بێ ویژدانانه‌ هێشتاش سوکایه‌تی به‌ قاره‌مانێتی و گیانفیدایی پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن، با باش بزانن دواجار پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵکی دڵسۆز و نیشتمان دۆست ده‌بنه‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و ئه‌وانیش وه‌کو هه‌میشه‌ مۆرکی تاوان ده‌درێت له‌ نێوچاوانیان و سه‌ری شۆڕییان هێنده‌ی تر کز و شۆڕ ئه‌که‌ن و وه‌کو ئێستا به‌ناچاری و بە بێ ده‌نگی ده‌ژین.

سه‌نگه‌ر مسته‌فا
Top