گوڵە لە کانی هاتەوە

گوڵە لە کانی هاتەوە
هەبوو نەبوو کەس لە خوا گەورەتر نەبوو، کەس لە کورد نەگبەتتر و سەرلێشێواوتر نەبوو.
ئەگێڕنەوە ئەڵێن لە لادێیەکدا ژنێک دەبێت ناوی گوڵە دەبێت، مناڵێکی چوار ساڵانەی دەبێت کاتێک دەچێت بۆ ئاو هێنان لە کانی، مناڵەکەی لای دایکی دادەنێت، دایکەکەش زۆر تاقەتی خزمەتکردنی کچەزاکەی نابێت، لەبەرئەوە کچەزاکەی داوای هەرچی دەکرد پێێ دەگووت با گوڵە لە کانی بێتەوە، بەم جۆرە مناڵەکەی دەخڵافان هەتا ئێوارە.
من باش بیرم دێت کە باسی شەمەنەفەرەکەی سلێمانی دەکرا دەیانووت با ( گوڵە لە کانی بێتەوە) شەمەنەفەرەکە دەگات، با ( گوڵە لە کانی بێتەوە) کوردستان دروست دەکەین، ئەمە وەک شتێک بوو کە جارێ بەتەما مەبن
ئێستا گوڵە لە کانی هاتۆتەوە و خەریکە زۆر خەو لە خەونەکانمان دێتە دی لەوانەش گەورەترین خەو کە کوردستانە.
کەچی...............
گوڵە وا قوڕ دەپێوێت ، هەڕەشە دەکات دەڵێت دەڕۆمەوەو بۆ کانییەکەم و جارێکیتر لای داپیرە جێتان دەهێڵم، ئێوە نە شەمەنەفەرەکەی سلێمانیتان هێنا و نە پێڵاوە تازەکەتان بۆ کچۆڵەکەی دراوسێمان کڕی و نە گەشتێکمان کرد.
گوڵە دەگری دەڵیت خۆ من هاتمەوە، بۆ تا ئێستا کوردستان دروست نەکراوە خۆ ئەگەر ئەمجارە سەری خۆمم هەڵگرت و ڕۆشتمەوە تازە نایەمەوە، چونکە دڵم دەڕەنجێت.
گوڵە دەگری دەڵیت بۆ هەتا ئێستا کورد هەر ناکۆکە، خۆ ئەوان دەیانگووت کە من بێمەوە ئیتر ڕێک دەکەوین.
خۆ ئێمە بڕیارمان دابوو هەموو ئاواتەکانمان بێتە دی، یەکەم ئاواتمان ئەوە بوو ووڵاتێکمان هەبێت و لەسەر نەخشەی گۆی زەوی خەتێک کێشرابێت و لێی نوسرابێت کوردستان
زۆر جار گوێم لە خەڵک بووە کە دەیانگووت : شەرت بێ نان و ئاویش نەخۆم گەر کوردستان درووست بێت ، شەرتبێت هەموو کوڕەکانم بەم بە کوشت لە پێناوی دروست بوونی کوردستان.
ئەدی ئێستا چی ڕوویدا؟ چییە کە وا دەکات بڵێین کاتی دروستبوونی کوردستان نییە ؟
ئایا پارە نییە ؟ ئێ قەیچێکە نان ناخۆێن
ئایا سیاسیەکانمان دزن و لە قوتی خەڵک دەخۆن لە دژی ئەوانە ئێستا کاتی درووست بوونی کوردستان نییە؟ ئێ قەیچێکە گرنگ ئەوەیە من کوردستانم هەیە (کوردستان) تازە ئەوان ئیشی خۆیان کردووە دوای کوردستان لێیاندەسینەوە
ئایا دراوسێکانمان پێیان ناخۆشە ئێمە کوردستانمان هەبێت ؟ ئێ قەیچێکە ئەوان هەمیشە پێیان ناخۆش بووە و هەمیشە خەریکی فیتنەیی و ئاگر خۆشکردن بوون لە نێوانماندا
ئایا ئەم سەرکردە و ئەو سەرکردەمان بەدڵ نییە ؟ ئێ ئاخر ئەمە کەی هۆیە بۆ ئەوەی کاتی دروستبوونی کوردستان نەبێت
ئایا پەرلەمان کارا نییە؟ سا با هەر کارا نەبێت گرنگ کوردستانە (کوردستان) .
ماڵێکت هەبێت لە قوڕ، بێ کارەبا و ئاو زۆر باشترە کرێچی بیت لە کۆشکێکدا
کوردینە، کوردپەروەرینە، کوردستانییەکان : ئەگەر گوڵە ڕۆشتەوە بەخوا داپیرە لە برس و تینودا دەمان کوژێت.

Top