پلانی B بارزانی ئاشکرا دەبێت

پلانی B بارزانی ئاشکرا دەبێت
ئەگەر پلانی (A)سەربازی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بریتیبێت لە ئازادکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی ژێر دەستی داعش، ئەوە دەتوانین بلێن پلانێکی یەکجار سەرکەوتووبوو، بە جۆرێک لە ماوەیەکی کەم و بەقارەمانی ھێزی پێشمەرگە توانرا سەرجەم ئەو ناوچانەی کەلە ژێر دەستی داعش بوون بگەرێنرێنەوە، لە کاتێکدا سنوورێکی یەکجار زۆری ناوچەکە لەداعش پاکرایەوە کە ڕووبەرێکی زۆر لەوە زیاتر بوو داعش پێشڕەوی کردبوو، لێرەوە دەکرێت بەپێی لێکدانەوەی سەربازی پیلانی (B)بارزانی ئاشکرابکرێت کە بریتییە لە جێبەجێکردنی داخوازی خەڵکی دەشتی نەینەوا و شەنگال، چونکە واباس دەکرێت کە چیتر دەشتی نەینەوا و شەنگال بەشێک نابن لەسەر پارێزگاری موسڵ و راستەوخۆ بەھەرێمی کوردستان دەبەسترێنەوە، لەم ڕوەوە دەکرێت پیلانی سەربازی داھاتووی ھێزی پیشمەرگەی کوردستان کە بارزانی فەرماندەی دەکات ئەوە بێت کە پلانی ئازادکردنەوەی دەشتی نەینەوا و تەواوی شەنگال وابەستەی ئازادکردنەوەی موسڵ نەکرێت، بۆ ئەمەش داواکاری فەرمی گەیەنراوەتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرجەم پێکھاتەکانی ئەو شارەش لەگەڵ ئەوەدان کە بەھاوکاری ھێزی پیشمەرگەی کوردستان ناوچەکانیان ئازادبکەنەوە.
لەماوەی رابردوو چەند فەوجێک بۆ پێکھاتە جیاوازەکان لە چوار چێوەی ھێزی پیشمەرگەی کوردستان لە دەشتی نەینەوا و شەنگال دامەزراوە ئامانج لەم فەوجانە پارێزگاریکردنی خەڵکە لەشوێنەکانی خۆیان، کە ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین دەردەکەوێت کە تاکە ھێزێک بارگاوی نەبێت بەبیرۆکەی ئاینی و توندرەوی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانە، کەوایە لەم ڕووەوە پلانی داھاتووی بارزانی زۆر ئاسان دەبێت یەکەم: سەرجەم ئەو ھێزانەی بەشداری لە ئازادکردنەوەی دەشتی نەینەوا دەکەن خەڵکانێکن لەسەرجەم پێکھاتەکان و خۆیان بە خاوەنی ناوچەکانی خۆیان دەزانن، دووەم: سەرجەمیان فەرمان لەیەک کەسەوە وەردەگرن ئەویش سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە کە لەچوار چێوەی ھێزی پیشمەرگەی کوردستان، کەوایە بەو شێوەیە پلانی ئازادکردنەوەی دەشتی نەینەوا بەتەواوەتی جیادەکرێتەوە لە پلانی ئازادکردنەوەی موسڵ کە ئەمەش ھەنگاوی ئازادکردنەوەکە خێراتر دەکات، چونکە واپێشبینی ناکرێت بەم ئاسانییە موسڵ ئازاد بکرێتەوە، ئیرادەیەکی بەھێزی سیاسی لە دەرەوەی عێراق ئاراستەی ئازادکردنەوەی شارەکە دەکات واتە ئازادکردنەوەی موسڵ بۆتە ململانێیەکی سیاسی گەورە لەنێوان وڵاتە زلھێزەکان بۆیە باشترین ھەنگاو جێبەجێکردنی پلانی (B)بۆئەوەی درێژە بە سەرکەوتنەکانی پلانی (A)بدرێت.
ئەوەشی کەپێشبینی دەکرێت حکوومەتی عێراق ھیچ ئامادەکاریەکی پێویستی نەبێت بۆ ئازادکردنەوەی شاری موسڵ چونکە ئەگەر ھاتوو موسڵ ھاوشێوەی فەلوجە و ئەنبار و روومادی ئازاد بکرێتەوە دوورنییە شەڕێکی تایفەگەری گەورە دروست نەبێت چونکە لە ئێستاوە پێکھاتە جیاوازەکانی ناو موسڵ لەگەڵ ئەوەدا نین کە حەشدی شەعبی یان ھێزێک کە حکوومەتی عێراق بەسەریان بسەپێنێت شارەکەیان ئازاد بکەنەوە بۆیە باشترین ھەنگاو لەو ڕوەوە پارچە کردنی موسڵە و دواتر ئازادکردنەوەی.
Top