فینلەنداتان بیرنەچێ

فینلەنداتان بیرنەچێ
ناوە ناوە گوێبیست دەبین، هەندێ لایەن و كەسایەتی دەڵێن، بەڵێ لەگەڵ ریفراندۆمین، بەڵام رەنگە هەلومەرجەكە لەبارنەبێ!. ئەمە ڕێك وەكو ئەو پاساوە مێژووییانەیە كە بەردەوام دەهۆڵی بۆ دەكوترێ و لە پێناو بە ئاكام نەگەیاندنی هەر ڕێگایەك بێتە پێش و پەی پێ ببەن دەیگرنە بەر. لێرەدا حەز دەكەم نموونەیەك بهێنمەوە كە لە ئەوجی قۆناغی دكتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا روویداو تەنانەت خودی لینینیش نەیتوانی یاخود نەیویست پێشی پێ بگرێ.
❊ دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەر زۆربەی وڵاتانی دەوروبەری رووسیا هاتنە ژێر قەڵەمڕەوی ئامێزی یەكێتی سۆڤیەت و لەو فۆڕمەدا یەكێتییەكیان پێكهێنا. رێك دوای شۆڕش، فینلەندا وڵاتێك بوو كە گوتی، نا بۆ بەشداری لە یەكێتی سۆڤیەت. ئەوسا پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەزۆرینەی رەهای دەنگەكان رەتیكردەوە بچێتە ژێر رەشماڵی شۆڕشی ئۆكتۆبەر. لینین دەڵێ: بەرچاوم تاریك بوو، بەڵام چونكە ئەمە ئیرادەی گەل و میللەتی فینلەند بوو، گوتم لێگەڕێن، مادام نایانەوێ بەشداربن، خۆیان ئازادن چۆن بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن.
❊ ئەم نموونەیەم بۆ ئەوە بوو لە قۆناغی ئەوسای ژیانی پڕ لە خوێن و قۆڕخكاری ئیرادەی گەل سەركەوتبێ، ئاخۆ بۆ دەبێ ئەمڕۆ لەوە سڵ بكەینەوە ئەم هەنگاوە هەڵبێنین. من دەزانم ئەو قسانە پاساون، دەشزانن مەحاڵە بەرەو دواوە بگەڕێینەوە، وەلێ بەرچاو تاریكی و كاریگەری دەرەكی بە دەق وڵاتێكی هەرێمایەتی وای لێ كردوون خاوەن بۆچوونی راشكاوانە و سەربەخۆی تایبەت بەخۆیان نەبن. بەس دەبێ بزانن مەسەلەكە بڕاوەتەوە، گەر بیانەوێ لەگەڵ باهۆزەكە بڕۆن شوێنیان پارێزراوە و هاوشانی گەلی فینلەندا مێژووی داهاتووی نەوەكان بە فەخر باسیان دەكا، گەر نا با خەریكی یاری هەرێمایەتی بن و شكست و شەرمەزاریش بۆ ئایندەی خۆیان بچننەوە.
Top