یەکێتی نەوشیروان مستەفا وەک براگەورە قبوڵ دەکات؟
May 23, 2016
وتار و بیروڕا
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، هەندێک ڕوونکردنەوەی پێویست هەیە، یەکەم هۆکاری جیابونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەناو یەکێتی ئەوەبوو کە نەوشیروان مستەفا قەناعەتی بەوە هێناوە کە تاڵەبانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بکات، بەمەرجێک یەکێتی بکەوێتە ژێر دەستی ئەوەوە، لێرەوە ناکۆکی لەنێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا دروست بوو چونکە تاڵەبانی راستە دوور بوو لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لەبەغدابوو، بەڵام هیچ کاتێک دەستبەرداری یەکێتی نەبوو، بڕیار بریاری خۆی بوو، لەهەمان کاتدا تاڵەبانی نەیدەویست چارەنووسی یەکێتی بداتە دەست نەوشیروان مستەفا، چونکە لەلایەک رێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی هەبوو، لەلایکی دیکە تاڵەبانی ئارەزووی هەندێک میژوو نەدەکرد، چونکە تاڵی لەگەڵ ئەو مێژوانە هەبوو، ئیتر کاتێک نەوشیروان مستەفا بێ هیوا بوو لەیەکێتی ئەوەبوو لەدوای رێکەوتنی ستراتیژی پارتی و یەکێتی ناوبراو لە ٢٠٠٦ دەستی لەکارکێشایەوە.
هۆکاری دووەمی، دروستبوونی گۆڕان بۆ جێگرەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو لەهەمان کاتدا پەیوەندی بە ململانێیەکی مێژوویانە هەبوو لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە نەوشیروان مستەفا باوەڕی بەوە هەبوو کە دەبێت هەمیشە جەمسەرێک لەبەرانبەر پارتی هەبێت، چونکە بەبڕوای ئەو یەکێتی لەژێر کۆنترۆڵی لایەنێکدایە کە نایەوێت بگەرێتەوە بۆ ململانێی سیاسی کە بەلای نەوشیروان مستەفاوە دەبوو ئەو ململانێ بکرێت، هەڵبەتە ئەنجامی دا بەڵام دەرکەوت گەرانەوەی بۆ ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باشتر دەتوانێت رۆڵی خۆی تێدا ببینێت، نەک بەشێوەی یەک جەمسەری کە لە چوار چێوەیەکی سیاسی گۆشەگیر بووبوو وەک نمونەی بزووتنەوەی گۆڕانی ئێستا.
ئێستا لە ئاستی سیاسی هەنگاوی جددی هەیە بۆ ئەوەی گۆڕان و یەکێتی یەکبگرنەوە، هەڵبەتە هەردەبوو ئەم دووهێزە یەکبگرنەوە، چونکە بەتەنیا نەیان دەتوانی ڕووبەڕووی واقیعی هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان ببنەوە، بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵی جددی دا بۆ ئەوەی کە سیتسەمی سیاسی کوردستان بەویستی خۆی لە سەرۆکایەتییەوە بگۆرێت بۆ پەرلەمانی، لەهەمان کاتدا دەستووری کوردستان بەشێوەیەکی دیکە بنوسرێتەوە، چەندین بابەتی دیکە، بەڵام دەرکەوت کە گۆڕان توانی ئەوەی نییە بە تەنیا ڕووبەڕووی ئەو واقیعە ببێتەوە باشترین دەرچە بۆ ئەمە یەکگرتنەوەیەکی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەڵام پرسیاری جددی ئەوەیە کە ئایا یەکێتی براگەورەی نەوشیروان مستەفا قبوڵ دەکات؟ کە ئەمە گریمانەی زۆر لەخۆی هەڵدەگرێت.
گریمانەی یەکەم: لەڕووی ئەزموون و تەمەنەوە ئێستا هیچ سەرکردەیەکی یەکێتی بەقەد نەوشیروان مستەفا لە بنەرەتی یەکێتی نەگەیشتووە، بۆیە دەکرێت نەوشیروان مستەفا لەم واقیعەوە بتوانێت لەناو یەکێتی خۆی بکاتەوە، بەڵام ئەمەش ئاسان نییە چونکە کەسێک دەتوانێت شوێتی تاڵەبانی بگرێتەوە کە بتوانێت هەموو سەرکردەکانی یەکێتی رازی بکات، هەروەک ئەوەی تاڵەبانی دەیکرد ئەگەر ئەمە بەشێوەیەکی سادە لێکدانەوەی بۆ بکرێت لەوە دەچێت نەتوانێت ئەم گریمانەیە سەرکەوێت، چونکە لە مەراسمی رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی چەندین سەرکردەی یەکێتی هەبوون بەشداریان نەکرد وەک نارەزاییەک لەدژی ئەو رێککەوتنە لەوە دەچێت یەکێک لە ئاستەنگەکانی داهاتووی نەوشیروان مستەفا سەرکردە نارازییەکاین ئێستا یەکێتی بێت چونکە ئەوانە بەهاتنەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ ناو یەکێتی لەوە دەچێت ئەو ڕۆڵ و پێگەی پێشوویان نەمێنێت، ئایا پرسیاری جددی ئەوەیە نەوشیروان مستەفا دەتوانێت سەرکردەکانی یەکێتی لەژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە؟.
گریمانەی دووەم: ئەگەر هاتوو هەموو یەکێتییەکان رازی بوون بە براگەورەی نەوشیروان مستەفا ئەوە دەکرێت یەکێتییەکان بە هەموو باڵەکانییانەوە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە ئەوان هاوبەشی دەسەڵاتی پارتین لە کوردستان لە دروست بوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشکیان هەبووە بەڕێوەیان بردووە تائێستا، ئایا قەدەری یەکێتی دەدرێتە دەست نەوشیروان مستەفا کە هەرکاتێک نەیتوانی لەگەڵ پارتی رێککەوێت یان گفتووگۆ بکات ئەوە ناوچەی سەوز دووبارە بکاتەوە بە زۆنگی جیاواز؟؟ ئایا یەکێتییەکان ئەم جارە لەخۆیان دەپرسن ئەگەر هاتوو ئایندەی حزبەکەیان بکەوێتە بەردەست نەوشیروان مستەفا دەتوانن وەک جاران مامەڵە لەگەڵ پارتی بکەن؟؟ ئەگەر نەیان توانی وەک ئەزموونی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە ئەو کاتە یەکێتی دەکەوێتە کوێوەی سیاسیەتی ناوچەکە گۆڕانکاریەکان هەروەک ئێستا دەمێننەوە یان شتی دیکە ڕوودەدات؟؟؟.