عەقڵی قفڵدراو !

عەقڵی قفڵدراو !
ئەوەی ڕۆشنبیرەكانی نەوشیروان مستەفا دەیكەن، تەنیا داخستنی دەرگاكانی مەعریفە نییە بە سەر كۆمەڵگەی كوردستاندا، بەڵكو فریودانی عەوام و شەرعیەتدانیشە بە سیاسەتی ئەنارشیستانەی نەوشیروان و ئەو فەرهەنگە پڕ لە ڕقوكینەی كە لە كۆتایی شەستەكانەوە دەستی داوەتێ و ئێستا خەریكی لە پەلوپۆكەوتنە.

ئێستا كە ڕێبەرە رۆحیەكەیان بە تەواوی تێك شكاوە و خراوەتە دەرەوەی بڕیار و ناوەندی سیاسیی كوردستانەوە، نووسەرەكانیشی هیچ شتێكیان پێ نەماوە بیڵێن، جگە لە زیندووكردنەوەی فەرهەنگی جنێو و ڕەشكردنی هەموو شتێكی ئەم وڵاتە لە بەرچاوی خەڵك و، دڵساردكردنەوەی خەڵك لە كاروانی سەربەخۆیی كوردستان. . نووسەرە مەعریفەدزەكان دەقە هاوردەكراوەكانیان هەر جارەو بە میتۆدێكی جیاواز و، بە قەپێلكی نوێگەریی و بەرهەمی خۆیان بە عەوام دەفرۆشنەوە، كە لە بنەمادا هێندە ڕووقایمن تێكستەكانیان بێ بەڵگەن و بێ ئەوەی ئاماژەیەك هەبێت كە ئەوە زادەی بیركردنەوەی خۆیانە بڵاوی دەكەنەوە. كاتێك لە ناوەڕۆكی وتارەكانیشیان ورد دەبیتەوە هەست دەكەیت دەقی نووسەرگەلێكی عەقڵ قفڵدراو دەخوێنیتەوە، چونە كوێرانە بەدوای كەسێك كەوتوون كە خۆی شیری تا ئەمڕۆی پیری تەنها كار و كردەوە و پەیڕەوكردنی بەرنامەی تێكدان و پیلانگێڕانی بووە لە دژی كوردستانێكی ئازاد و ئارام و سەقامگیردا. جووتە نووسەرە دڕێژدادڕەكان خۆیان وەك كۆیلەی مەرجەعیەتی نەوشیروان وێنا كردوە، لاسایی ئەو دەكەنەوە، كتومت وەك ئەو بیردەكەنەوەو مامەلە لەگەڵ ڕووداوە سیاسییەكان دەكەن، وەك ئیمامی خۆیان سەیری دەكەن و بەیعەتیان پێداوە، لە كاتێكدا ئایدۆلۆژیای و سیاسەتی مەرجەعیەتەكەیان تەواو سوواو بەسەرچووە، هیچی بۆ كورد و سیاسەتی كوردی تێدا نەماوە، چونكە نەوشیروان شتێكی پێ نەماوەو بە تەواوی پەكی كەوتووە، ناتوانێ هیچ ڕۆڵێكی ئیجابی لە ئایندەی كوردستان ببینێ، جگە لەوەی كۆمەڵێك قەڵەم كۆ بكاتەوە و تیژیان بكات بۆ ئەوەی دژی پێشمەرگە و سەربەخۆیی كوردستان بنووسن و راوەستن.
Top