سەربەخۆیی كوردستان و بازنەی داخراوی نوسەرانی نەوشیروان!
May 22, 2016
وتار و بیروڕا
ڕەچەڵەكی ئەم دەردە ئایدۆلۆژیەی بەشێك لەم ڕۆشنبیرانە بڕوابوونیانە بەوەی گوایە، ئەوان خاوەنی بیروباوەڕی پیرۆزن، هەقیقەتی ڕەها و ڕوانگەی كۆتاییش تاكوتەنێ لای ئەوانە، ئەم نوخبەیە لە بن سێبەری سیاسەتی پۆپۆلیستانەی نەوشیروان مستەفادا گەورە بوون و هەر لە بناری گردەگەشەوە خەویان لێ كەوتووەو، خەون بەوەوە دەبینن ئەوان ببنە پێشەنگی هزر و بیری خەڵك و لە خەونە بەتاڵەكەشیاندا لایان وایە پیر و لاوی ئەو كوردستانە شوێن هزرە سەقەتەكەی ئەوان كەوتوون.
كارەساتەكە لێرەدایە ئەو ڕۆشنبیرانەی كە بە نووسەری (وتاردرێژ و وتارنووسی دەستەجەمعی) و بە تاڵانبردنیی میتۆدو ئایدیاو تیۆرییەكانی فارسی و بیانییەكانی دی دەناسرێنەوە و ناوبانگیان دەركردووە..! بە سەر ئەم بڕوا هەڵبژاردەخوازییە نەرجسییەدا كەوتوون، ناتوانن لێی دەرباز بن، پێیان وایە ئەوانن باشترین نووسین و كتێب بڵاو دەكەنەوە و ئایدیاكانیان وەك شەریعەت وایە دەبێ بەسەر هەموو میللەتدا بسەپێنرێ، چونكە بە لای ئەوانەوە وەڵام و چارەسەری هەمووو ئەو پرسیار یان كێشانەی تێدایە، كە هەموو بوارەكانی ژیانی نوێ دەریان دەبڕێت، بەڵام سەرئەنجامی فكر و پەیامی ئەوان سەراپا لە جۆگەی گردەكەوە ئاو دەخۆنەوە، بۆیە هەموو هەوڵەكانیان بریتیە لە شكاندنی شكۆی پێشمەرگەو پەیامی سەربەخۆیخوازانەی سەرۆك بارزانی.
لەبەرانبەردا بۆ شكاندنی ئەو بازنە داخراوە، پێویستە ئەو نوسەر و ڕۆشنبیرانەی هەڵگری پەیامی سەربەخۆیی كوردستانن، بتوانن هەڵمەتێكی فراوانی پەیوەندییە گشتییەكان بۆ ناساندنی سەربەخۆیی و مانا گەورەكانی دەست پێ بكەن. ئەویش بەگوێرەی ستراتیژێكی نەتەوەیی خاوەن ڕەهەندی جیاجیا و پلەبەندكراو.