هه‌ستكردن به‌كه‌مى له نوسینه‌كانى ئاراس و قانع دا!
May 22, 2016
وتار و بیروڕا
"له هه‌ر وڵاتێك سوكایه‌تی به پارێزه‌رانى وڵات بكرێ كه له لاى ئێمه پێشمه‌رگه‌یه ئه‌وه كه‌سه‌كه به نۆكه‌رى بێگانه داده‌نرێت و ده‌درێته ده‌ستى یاسا"
هه‌ر له سه‌رده‌مى ره‌هه‌ندیه‌كان و نوسینه‌كانى كۆنى ئاراس فه‌تاح و مه‌ریوان وریا قانع جۆرێك له بێ‌ئومێدى و ره‌شبینى له نوسینه‌كانى ئه‌و دوو نوسه‌ره به‌دی ده‌كرێ، كه ئه‌وه‌ش ره‌نگه بووبێته هۆى كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌وان له یه‌كجۆر نوسیندا كه زۆرجار خوێنه‌ر پرسیارى ئه‌وه‌ى له‌لا دروست ده‌بێ ئاخۆ چۆن ده‌بێ دوو نوسه‌ر خاوه‌نى یه‌ك وتاربن، راستیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه ئه‌و دوانه یه‌ك وتار نانوسن چونكه هه‌ر كه‌چۆن قه‌ڵه‌م یه‌ك نوكى هه‌یه ئاواش شوێن په‌نجه‌كانى كیبۆردى كۆمپیوته‌ر شوێنى یه‌ك په‌نجه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه ئه‌و دوانه‌ى كۆك و هاوبه‌ش كردوه بڵاوكردنه‌وه‌ى بیرى ره‌شبینى و ره‌تكردنه‌وه‌ى هه‌ر جوانییه‌كه كه ئه‌وان حه‌ز به بینینى ناكه‌ن.
له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌م ئه‌و به‌رنامانه‌ى ئه‌نجامیانداوه له تیڤیه‌كان و هه‌م ئه‌و نوسینانه‌ى به دووقۆڵى بڵاویانكردونه‌ته‌وه ده‌رخه‌رى ئه‌و راستیه‌ن كه ئه‌و دووانه توشى هستریایه‌كى باش بینى بوون، ئه‌وان ته‌نیا له گۆشه‌یه‌كى زۆر بچوكه‌وه سه‌یرى ژیانى خه‌ڵكى كوردستان و دۆخى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌ویش ئه‌و گۆشه‌یه‌یه كه ته‌نیا خراپیه‌كانى تیادایه، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وان خه‌ریكه ده‌ست بۆ موقه‌ده‌سات و پارێزه‌رى خه‌ڵك درێژ ده‌كه‌ن، كه هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه و ده‌یانه‌وێ حه‌كایه‌ته‌كه‌ى میلیشیابوونه‌كه‌ى گۆڕان ده‌یووت، له‌و سه‌رده‌مه زێرینه‌ى پێشمه‌رگه به‌ده‌ستى هێناوه له شه‌ڕى داعشدا، دیسان ده‌ست به گێڕانه‌وه‌ى بكه‌نه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر له هه‌ر وڵاتێكى دیكه بوونایه به‌تۆمه‌تى ده‌ستبردن بۆ پارێزه‌رانى وڵات و ژیانى خه‌ڵكى ده‌بوو ئه‌و دوانه رووبه‌ڕووى دادگا كرابوونایه‌وه.
كێشه‌ى ئه‌و جوته له زۆربه‌ى نوسینه‌كانیاندا ئه‌وه‌یه به خراپبینى و ره‌شبینیه‌وه عه‌قڵیان به‌كارده‌هێنن، هه‌ربۆیه‌ش له‌و روانگه‌وه به خه‌ڵكى ده‌ڵێن "ده‌وڵه‌تى كوردستان كه ئێستا بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرێ درۆیه‌كى گه‌وره‌یه"، له كاتێكدا ناتوانن ئه‌و هه‌موو هۆكاره له‌به‌رچاوى خه‌ڵكى لابده‌ن كه رۆژ به رۆژ روونده‌بێته‌وه ئه‌و ده‌وڵه‌ته حه‌تمییه و له ئان و ساتى له دایكبووندایه.
له‌راستیدا ئه‌وان به‌و گوتار‌و نوسینانه موماره‌سه‌ى ده‌روونى نه‌خۆشى خۆیان ده‌كه‌ن به‌شێوه‌یه‌ك زۆر حه‌زده‌كه‌ن كه بێگانه‌كانى دوژمن به كورد و كوردستان به قسه‌كانیان دڵخۆش بن، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌وه‌ى ئه‌وان ده‌یڵێن سبه‌ى وه‌كو توتى ئێران و مایكڵ رۆبن و جه‌ماعه‌تى گرده‌كه‌ش بؤيان ده‌یڵێنه‌وه.
كێشه‌یه‌كى دیكه‌ى ئه‌و دوانه ئه‌وه‌یه توشى هه‌ستكردن به كه‌مى بوون ئه‌و هه‌سته‌ى مرۆڤ وا لێده‌كات ته‌نیا به كه‌مكردنه‌وه‌ى خۆى و میلله‌ته‌كه‌ى تام له ژیان بكات به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وان تام له‌وه ده‌كه‌ن به قسه‌كانیان دوژمنانى كوردستان له قۆناغى ئێستا ئێران و داروده‌سته‌كه‌ى دڵخۆش بكه‌ن، هه‌ربۆیه‌ش كه ده‌نوسن قیاسى ئه‌وه به باشى ده‌كه‌ن كه نوسینه‌كانیان چه‌ند خزمه‌ت به‌و ئه‌جێندایه دژ به نه‌ته‌وه‌ییه‌ى گه‌لى كوردستان ده‌كا.
له‌وه‌ته‌ى ئه‌و جوته‌ش گه‌ڕاونه‌ته‌وه كوردستان و لێره‌وه وتار بڵاوده‌كه‌نه‌وه به‌رده‌وام هه‌وڵیانداوه كار له‌سه‌ر گه‌نجانى وه‌كو خۆیان تاریكبین و نارۆشنفكر بكه‌ن، تا ئه‌و ئاسته‌ى بیان كه‌ن به شه‌مشه‌مه كوێره‌و ته‌نیا رق و كینه و ناخۆشى و ئاژاوه بخه‌نه دڵنیانه‌وه.
كێشه‌یه‌كى دیكه‌ى هه‌ره گه‌وره‌ى دیكه‌یان ئه‌وه‌یه كه هه‌ردوكیان خۆیان خاوه‌نى پڕۆژه‌یه‌كى فكرى نین، كه هه‌ڵقوڵاوى دیدى خۆیان بێت، ته‌نیا سه‌رسامن به‌و بیركردنه‌وانه‌ى كه به تاریك و ره‌شه‌وه سه‌یرى دۆخى سیاسى كوردستان ده‌كات و ده‌یه‌وێ لێیه‌وه خۆی سه‌ربخات ئه‌وه‌ش روونه كه ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فا و پۆلێك گه‌نجى دڵ پڕ له قین له گرده‌كه‌وه رابه‌رایه‌تى ئه‌و ره‌وته ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه هه‌رچى ئه‌وانه ده‌ینوسن به هیچ جۆرێك ناڕواته خانه‌ى كوردایه‌تى و هه‌وڵدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، ته‌نیا ده‌چێته قاڵبى خیانه‌ت و نۆكه‌ریه‌وه هه‌ر بۆیه‌ش له روانگه‌ى ئه‌وانه‌وه ئه‌وه راسته ده‌وڵه‌تى كوردى درۆیه‌كى گه‌وره‌یه.