پرۆسەی پەرەپێدان تەنها رێگەیە بۆ دەربازبوون لەقەیرانی ئابووری

پرۆسەی پەرەپێدان تەنها رێگەیە بۆ دەربازبوون لەقەیرانی ئابووری
زۆربەی ئابووریناسانی كوردستان پێشبینی ئەوەیان دەكرد ئەو قەیرانە داراییەی كە ماوەی زیاتر لە 2 ساڵە رووبەرووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە ئاڵۆزترو قورستر دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی بڕینی بودجەی كوردستان لەلایەن بەغدا كە هاوكاتە لەگەڵ شەڕی داعش و ناسەقامگیری بەهای پێترۆڵ و بێ پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەوەتا تا دێت حكومەتی هەرێمی كوردستان توانای جێبەجێكردنی پرۆژەكان و پێدانی مووچەی لاوازتر دەبێت. دیناری عێراقیش لەئاكامی ئەو نائارامی و ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی عێراق تێی كەوتووە ئەوەندەی تر ئەم دراوەی بێ بەها كردووە.
ئەو پرسیارەی كە دەبێت كاربەدەستانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتە سیاسیەكانی هەرێم وەڵامی بدەنەوە، ئایا تاكەی چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەقامگیری بەغدا و بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی پێترۆڵ و كۆتایهاتنی شەڕی داعش بین، لەكاتێكدا هەموو پێشبینی و پێشهاتەكان بەو ئاراستەیەدا دەچن كە ئەم كێشەو گرفتانە هەڵقوڵاوی ئێستاو رووداوێكی ئانی نین بگرە بەقەیرانی درێژخایەن دادەنرێن. تەنانەت پرۆسەی كەمكردنەوەی خەرجیەكان و زیادكردنی داهاتەكان كەحكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتاكانی ئەمساڵەوە جێبەجێی كرد بەئاراستەیەكی ئابوورییانە پەیڕەونەكرا هەربۆیە دەرئەنجامێكی ئەوتۆی لێكەوتەوە لەگەڵ كەمكردنەوەی خەرجیەكان داهاتەكانیشی بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر كەمكردەوە. لەئاست ئەم قەیرانەو ئاڵۆزبوونی گرفت و كێشە دارایی و ئابوورییەكان و گەیشتن بەلێواری دۆخی بێبازاڕی مەترسییە چاوەڕوانكراوەكان زیاتر دەبێت، تەنانەت هەندێك پارتی سیاسی و سیاسەتمەداران نەهامەتی و بێزاری خەڵكیان كردووە بەهەلێكی زێڕین بۆ لێدانی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان ، لەكاتێكدا لەم دۆخە دژوارەدا رۆژانە رۆڵەكانی نەتەوەیەك بەتابووتی خوێناوی لەبەرەكانی شەڕەوە دێتەوە دەبووایە ئەو سیاسەتمەدارانە لێدوان و كارەكانیان بۆ خەمخۆری یەكریزی و تەبایی نێوماڵی كورد بووایەو باشكردنی گوزەرانی خەڵكیان لە پێشەنگی مەبەست و مەرامەكانیان دابنایە، ئەوان ئەوەیان لەبیرچووە ئەگەر هەرێمی كوردستان دەوڵەت بووایە لەرێگەی سیاسەتی دارایی و نەختینەیی و چاپكردنی دراوو وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتیەوە دەیتوانی ئەم قۆناغە دژوارە تێپەڕێنێت، چونكە بەبێ بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ توانای یاسایی و شەرعی نێودەوڵەتیمان نییە بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی دارایی و نەختینەیی تەنانەت توانای ئەنجامدانی گرێبەستی نێودەوڵەتیشمان بەپێی دەستووری عێراق نییە، ئەوەی دەتوانین كاری لەسەر بكەین تەنیا كۆمەڵێك رێوشوێنی ئیداری و داراییە بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان و زیادكردنی داهات نەك وەكو ئێستا كە تەنیا رێگەیەك بۆ كەمكردنەوەی شوێنەواری قەیرانەكە، بەهێزكردنی دامەزراوەكان و ئاراستەكردنیانە بەرەو بەرهەمهێنان و زیاتر پشت بەستن بەبەرهەمی خۆماڵی، بەتایبەتی لەبوارەكانی خواردەمەنی و كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دواتر ئاراستەكردنیانە بەرەو پیشەسازی خۆراكی، واتا ووردە ووردە كار بۆ داڕشتنەوەی هەیكەلی ئابووری كوردستان بكرێت و بخرێتە سەر سكەی سەربەخۆیی ئابووری دوور لەپاشكەوتەیی ئابووری. ئەمەش بەبێ ژینگەیەكی سیاسی ئارام جێبەجێ ناكرێت ئەو ژینگەیەی لە مێژووی نەتەوەكاندا پارتە سیاسییە بەهێزەكان دروستیان كردووە كە حكومەت و هەمووان پابەند بەو یاساو رێسایانەوە دەكەن كە نەتەوە دەگەیەنێتە كەناری ئارامی.
Top