كێ چه‌ته‌یه و چه‌ته‌گه‌ریشی داهێنا؟!
May 21, 2016
وتار و بیروڕا
له ڕاستیدا چه‌ته‌گه‌ری ئه‌و چه‌مكه‌یه كه له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكاندا له نێو په‌كه‌كه‌دا ده‌ستیپێكردوه، پێشمه‌رگه‌كانی ڕۆژئاوا چه‌ته نین، ئه‌و هێزه خاوه‌ن ئیراده و ڕه‌سه‌نی نێو گه‌ل و خه‌باتگێڕی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رخاك و خاكه‌رایی كوردستانی ڕۆژئاوان، له ڕۆڵه‌كانی كۆبانێ و سه‌رێكانی و قامشلۆ و عه‌فرین جزیرێ پێكهاتوون، هێزه‌كانی ڕۆژئاوا له كورده خودانهه‌ڵوێست و خۆڕاگری كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتوون.
چه‌ته‌كانیش، ئه‌وانه‌ن كه ناوی پێشمه‌رگه ده‌شێوێنن و به بوونی پێشمه‌رگه گیانبازه‌كانی ڕۆژئاواوه به قه‌د داگیركه‌رانی كوردستان تووشی هێستریا و بێتاقه‌تی بوون. ئێوه شه‌رمتان به‌م ناوه پیرۆزه‌یه، بۆیه هه‌ر ڕۆژه و له سه‌ر میزاجی جه‌میل بایك و خواستی ده‌زگا موخابه‌راتییه‌كانی دوژمنان، ناوێكی نامۆ به خه‌بات و كوردایه‌تی ده‌كه‌نه پێناسی چه‌كداره‌كانی خۆتان، ڕۆژێك گه‌ریلا و جارێ شه‌ڕڤان (مقاتل).!!!
به‌ڵێ، پێشمه‌رگه ئه‌و هێزه مرۆڤدۆست و خاوه‌ن به‌ها و گیانفیدا مێژووییه‌یه، ئه‌مڕۆش وه‌ك هێزی پێشه‌نگی شه‌ڕی تیرۆریزم و پارێزه‌ری ئاسایشی جیهان و خاوه‌ن مۆڕاڵ و كه‌لتووری به‌ها ئینسانییه‌كان، چاوی لێ ده‌كرێ.
چه‌ته‌كانیش، ئه‌و جه‌ماعه‌ته‌ن كه به پاسه‌وانی داگیركه‌رانی كوردستان ناسراون و، بوونه‌ته مه‌قاش و گوێله‌مستی ئێران و به‌شار ئه‌سه‌د. چه‌ته‌كان، ئه‌وانه‌ن هه‌زاران منداڵی كوڕوكچی دایك و باوكی هه‌ژار و گوندنشینیان له هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان دزیوه و له پێناوی خه‌باتی هیچ و دروشمی بریقه‌دار و به‌رژه‌وه‌ندی و كوێخایه‌تیی جه‌میل بایكدا، به كوشتیان داون و گۆڕغه‌ریبكران.
بۆیه، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت به هێزگه‌لێكی كوردی بوترێت چه‌ته، ده‌بێ به به‌شێك له په‌كه‌كه و شه‌خسی جه‌میل بایكه‌وه ده‌ست پێ بكرێت، چونكه هه‌موو سیفاتێكی چه‌ته‌گه‌ریی تیایه و ده‌مێكه زه‌مینه‌ی بۆ خۆشكردووه، هه‌موو ته‌دبیره‌كانی بایك ، جۆشدانی كره‌وه‌ی چه‌ته‌گه‌ری بووه، هه‌ر له بازرگانی تلیاك و حه‌شیش و سه‌رانه‌سه‌ندن له خه‌ڵكی كۆڵبه‌ر و هه‌ژار و گوندنشین و ده‌وڵه‌مه‌ند و پاره‌دارانی كورده‌وه بیگره، تا ده‌گاته ته‌سفیه‌كردنی نه‌یارانی خه‌ته‌كه‌ی خۆی له نێو په‌كه‌كه‌دا.
بایك، یه‌كه‌م مامۆستا و داهێنه‌ری چه‌ته‌گه‌رییه له نێو بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كوردیدا،
پێشمه‌رگه‌كانی ڕۆژئاوا شایسته‌ی ڕێز و ستایشن، كه خۆبه‌خشانه به‌رگری له شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی میلله‌تێك ده‌كه‌ن. ئه‌و میلله‌ته‌ی كه ئێوه چه‌ندین ساڵه بازرگانی به خوێنیانه‌وه ده‌كه‌ن و به ناوی كانتۆن و كارتۆنی سیاسی، له خشته‌یان ده‌به‌ن. پێویسته ئێوه داوای لێبووردن له ڕۆڵه گیان له سه‌رده‌سته‌كانی ڕۆژئاوا بكه‌ن، كه پتر له چوار هه‌زار كچ و كوڕ به ئه‌خلاق و باوه‌ڕی كوردایه‌تی و نیشتمانی له سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و له سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕو ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نه‌مر گۆش كراون و، له ئاینده‌یه‌كی نێزیك‌دا ئاودیوی كوردستانی ڕۆژئاوا ده‌بن و ئێوه و ته‌واوی خه‌ڵكی کوردستان له داعش و هێزه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌پارێزن.
ئه‌وانه‌شی، پێیانده‌ڵێن چه‌ته، ته‌نها ڕیسواییان بۆ ده‌مێنێته‌وه.!