کاک نەوشیروان خۆت بدۆزە

کاک نەوشیروان خۆت بدۆزە
ژیانی ھیچ سیاسەتمەدارێک ئەوەندەی ژیانی نەوشیروان مستەفا بە گرێ و گۆڵ نییە، ژیانی سیاسی لێوانلێوە لە مانگرتن و مانشکاندن, تۆران و ئاشت بوونەوە, تۆران و روو وەرگێڕان لە ڕابردوو, مانگرتن و بەگژدا چوونەوەی داھاتوو ژیانی نەوشیروان مستەفای پڕکردوە لە کارو کاردانەوە, ھەموو مانگرتنێکی مانشکاندنێکی بێ مەرجی بەدوادا ھاتوە, ھەموو تۆرانێکیشی فڕێی داوەتە باوەشی ئاشت بونەوەیەکی ترەوە, بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە خودی خۆشی نازانێ مان لە ڕابردووی خەڵک دەگرێ یان لە ڕابردووی خۆی, لە داھاتوی خەڵک دەتۆرێ یان لە داھاتوی خۆی.
نەوشیروان مستەفا لە ڕابردووی خۆیەوە داھاتووی نەتەوەیەک دەداتە بەر نەشتەری رق و کینە, ھەر بۆیەش تۆفانی بێزاری ھەڵیگرتوەو ھیچ پەنایەکی سیاسی شک نابات خۆی پێوە بگرێتەوە, ئەوەش وایکردوە لەو مێژوەش یاخی ببێ کە خۆی لە دروست کردنیدا کاراکتەرێکی سەرەکی بووە, دەکرێ مرۆڤ کارێک بکاو دوای ئەنجام دانی دەربکەوێ کە ھەڵەیە, لەو کاتەشدا دان پێدانان و پەشیمان بوونەوە لەو جۆرە ھەڵانە گەورەیی و ئازایەتییە, بەڵام ناکرێ مرۆڤ کارێک بکاو بەر لە ئەنجام دانی بڕوای پێ نەبێ و بە ھەڵەی بزانێ و ئینکاریش بێ لە سەر کردنی و دەیان ساڵیش لەناو تونێڵی ھەڵە و خراپەکاریدا بازبازێن بکات، ڕۆژێ لە ڕۆژانیش فریشتەی ئاشتی لە خەوی ئینکار و سیاسەتی قیڕوسیا راینەچڵەکێنێ و لە ھزر و بیریدا شوێنی دێوەزمەی شەڕانگێزی نەگرێتەوە.
کاک نەوشیروان مستەفا لەو سیاسیە بێباکانەیە کە بە درێژایی ژیانی لەسەر ھەڵە ژیاوەو لە دەستپێکی ھەر ھەڵەیەکیش زانیویەتی ھەڵەیە و سووریش بووە لەسەر ئەنجام دانیان, سەیر لەوەشدایە گەرەکیەتی دەستی چەوری خۆی بە سەری خەڵکی تر بسڕێتەوە, ڕەخنە لە خەڵک دەگرێ وەک ئەوەی خۆی ھیچ شتێکی شایانی ڕەخنەی نەکردبێ, خەڵک بە ناپاک دەزانێ وەک ئەوەی خۆی شوختی ناپاکی پێوە نەبێ, لەوەش کارەساتاویتر ئەوەیە ئێستاش دان بە ھەڵەکانیدا نانێ و دەیەوێ جارێکی ترو بە ئاراستەیەکی تردا ئەو ئەزمونەی کوردستان ئاڵودەی ئەو ژەھرە بکاتەوە کە پێشتر بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردی پێ ئاڵودە کردبوو، ئەوەتا لە کتێبی ( لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ ) لە لاپەڕە (١٧٢)دا دەڵێ:( من باوەڕم بە کۆمۆنیزم نییە), دواتر لە ھەمان لاپەڕەدا دەڵێ:( قسەکانی من ھیچ سودێکی نەبوو, سور بون لەسەر ئەوەی بۆ ڕاستکردنەوەی نابەرامبەری لە گەڵ بزوتنەوە (مەبەستی بزووتنەوەی سۆشیالیستە) من یەکێ بم لە نوێنەرەکانی کۆمەڵە لە سەرکردایەتی یەکێتیدا, مام جەلالیش ھەمان ڕەئی ھەبوو, لای وابو کە پێویستە من لە ناو کۆمەڵەدا بمێنمەوە, بۆ ئەوەی بە باری باشەدا کاریان تێ بکەم, زۆر بە نابەدڵی وتم: باشە). ئەو گوتنانەی سەرەوە بیرو بۆچونی نەوشیروان مستەفا بوون لە ساڵی ١٩٧٧و لە یەکەمین کۆبونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا باسی لێوە کردوون.
دیارە کۆمەڵە ڕێکخراوێکی کۆمۆنیزمی بوەو کاک نەوشیروانیش باوەڕی بە کۆمۆنیزم نەبوەو سکرتێری ئەو ڕێکخراوە کۆمۆنیزمەش بوە کە کۆمەڵەیە, ئەوەیە مونافیق و دووڕووی سیاسی و فێڵ کردن لەو گەنجانەی بۆ سەربەخۆیی کوردستان خۆیان دەکردە قوربانی، وەک لە گوتنەکانیدا دەردەکەوێ نەوشیروان باوەڕی بە کۆمەڵە نەبووەو لە بەر خاتری مام جەلال پۆستی سکرتێری کۆمەڵەی وەرگرتوە.
بەڕاستی سەیرە کاک نەوشیروان باوەڕی بە کۆَمەڵە نەبوەو لە کۆمۆنیزم بونیش پەشیمان بۆتەوە, کەچی ھەزاران کەسی کوشتوە لەسەر کۆمەڵە نەبون و وەک کاک نەوشیروانیش لە کۆمۆنیزم بێ بەری بوون, ھەزاران کەسیشی بە تێزی کۆمەڵە پەروەردە کردوەو بەلای کۆمۆنیزمدا شکاندونیەوەو لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجەکانی کۆمەڵە بەکوشتی داون و خۆیشی باوەڕی بە کۆمەڵەو مارکسی بوون نەبووە, بەو گەمە و یاسایەی کاک نەوشیروان لە نێوان کۆمەڵە و دژە کۆمەڵەکاندا کردوویەتی کەس لە کوشتن ڕزگاری نەبوە, کۆمەڵە بوون و کۆمەڵە نەبوون وەک یەک تاوان بوون، ھەر کەسێک باوەڕی بە کۆمەڵە بوبێ لە پێناو بەدیھێنانی ئامانجەکانی کۆمەڵە بە کوشتی داوە, ھەر کەسێکیش باوەڕی بە کۆمەڵە نەبوبێ بە ناوی ڕێگر لە بەردەم بەدیھێنانی ئامانجەکانی کۆمەڵە کوشتویەتی, دەبێ لەوناوەدا ئەوەی لە دۆزەخی نەوشیروان مستەفادا نەسوتابێ بە خوا پێداوی ناوبەرین!
وەک خۆی دەڵێ باوەڕی بە کۆمەڵە نەبوەو لەبەر خاتری مام جەلال ئەو پۆستەی وەرگرتوە کە پۆستی قەسابخانەی دوو لایەنە بوە, ئەی خێرە ئێستا لە مام جەلال ھەڵگەراوەتەوەو بانگەشەی گۆڕان دەکات! بە ھەموو پێوەرەکان کەوانی سیاسی نەوشیروان مستەفا تیری دوو سەرەی ھاویشتوەو بۆ ھەر لایەک ئاڕاستە کرابێ بە خەسار نەچوە, یان کۆمەڵەکان یان دژە کۆمەڵەکانی ئەنگاوتوەو پەیڕەوی ئەو پەندە کوردیەی کردوە کە دەڵێ: شەلم, کوێرم کەس نابوێرم.
ھەر وەکو گوتمان نەوشیروان ھەزاران کەسی کوشتوەو ھەزارانی تریشی بە کوشت داوە لە سەر کۆمەڵە بوون و کۆمەڵە نەبوون, لە کاتێکدا وەک خۆی دەڵێ لە سەرەتاوە بڕوای بە کۆمەڵە نەبووە, گرەنتی چییە ئەو گۆڕانخوازیەی ئێستا بانگەشەی بۆ دەکات باوەڕی پێیەتی؟! کێ دەڵێ دوای چەند ساڵێکی تر ناڵێ باوەڕم بە گۆڕان و گۆڕانخوازی نەبووە؟ لێرەدا پێویستە بەر لە خەڵکی تر ھەڵسووڕاو و گۆڕانخوازەکان بپرسن: ئەو گۆڕانخوازیەی ئێستا بانگەشەی بۆ دەکات و ئاشتی سیاسی و کۆمەڵاتی پێ خستۆتە بەردەم ھەرەشە لەبەر خاتری کێ دەستی داوەتێ.
نەوشیروان مستەفا لە کتێبی ( خەون یان مۆتەکە ) دا کە تیایدا یاداشتی شەڕی ناوخۆ لە ئایاری ١٩٩٤ تا ئەیلولی ١٩٩٨ دەگێڕێتەوەو باس لە ھەڵگیرسانی و ھەوڵەکانی کوژانەوەی دەکات, خۆی زۆر پاک پیشان ئەدا وەک ئەوەی ھیچ دەورێکی خراپی تێدا نەگێڕابێ, لە گەڵ ئەوەشدا کە ھیچ رۆڵێکی خێری لە کوژانەوەی ئەو شەڕەدا ن ەگێڕاوە، بە پێویستی دەزانم ھەندێ شتی لە سەر دەوری خراپ و ئاژاوەگێڕی لە خۆشکردن و گەورە کردنی شەڕەکەدا بیر بخەمەوە.
لەگەڵ ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بە ھەوڵی ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی و سەرۆک بارزانی و کەسانی خەمخۆرو بە پەرۆش, لە ھەولێر پێش بە ھەڵگیرسانی شەڕ گیرا, ئەوەش لە ئێش و ئازاری شەڕەکەی کەم کردەوەو دەرفەتێکێشی ڕەخساند بۆ زاڵ بون بەسەر تەشەنە سەندنی شەڕەکەدا, کاکە (نەوە)لە بیرتە کاتێک لە گەڵ جەنابی مام جەلال بە فڕۆکەیەکی تورکی گەڕایتەوە ھەولێرو کۆسرەت ڕەسوڵ ھاتە پێشوازیتان، وەک سزادانێکی ناوبراو لە داخی ئەوەی لە ھەولێر شەڕی ھەڵنەگیرساندوە رووت لێوەرگێڕا و تەقەت لەگەڵ نەکرد, بەڵگەشم بۆ ئەو ڕاستییە ئەوەیە کە لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆنەوە بە زمانێکی پان ھاوارت کرد: ھەولێر کوێی پیرۆزە, لە گوندێکی گەورە دەچێ بۆ شەڕی تێدا ڕوو نەدات, بە ھەڵوێستە رقاویەت جەگە لەوەی سووکایەتی بە ھەولێریەکان کرد, بە بچوک بوونەوەی جوغزی شەڕ قەڵس و تەنگاو بووی و دەتخواست شەڕ سەرتاپای کوردستان بگرێتەوە, کە دواتر ئامانجەکەی ھاتە دی.
دوای ئەوەی بەھەوڵی خەمخۆران لە ھەردوو لاو خەڵکانی تریش جەولەی یەکەمی شەڕ کۆتایی ھات, دەستی ئاشتی دەستی شەڕی بڕی, بارو دۆخەکە بەرەو ئارامی ڕۆیشت, لە بیرتە ( ٧ ) پرسیاری پڕ لە ئیھانەت ئاڕاستەی پارتی کرد کە بۆنی شەڕ و خوێن بارینیان لێ دەھات و داوای وڵامیشت کرد, پرسیار ئەوەیە بۆ لە سەر شاشەی تەلەفزیۆن پرسیارەکانت بە ناو خەڵکدا بڵاو کردنەوە؟ بۆ لە دانیشتنێکدا پرسیارەکانت ئاڕاستەی پارتی نەدەکرد؟ ئەوەش بارودۆخەکەی ئاڵۆز کردەوەو جەولەی دووەمی شەڕی لێکەوتەوە, جەولەی یەکەمی شەڕ بە ھەر ھۆکارێک ھەڵگیرسابێ چەند مانگێکی خایاند, بەڵام جەولەی دوەمی شەڕ کە لە ئەنجامی(٧) پرسیارە پڕلە ئیھانەکەی تۆی خۆ بە فریشتەزان دروست بوو چەندساڵێکی خایاند و خەسارەکەشی چەندقات لەخەسارەی جەولەی یەکەمی شەڕ گەورە تر بوو, کەچی یاداشتەکانیشت وەک توانج پێشکەش بەوانە کردوە کە بە ئەندازیاری شەڕی ناوخۆت دەزانن, لەوە دڵنیابە یاداشتەکانت پێشکەش بە ھەموو خەڵکی کوردستان کردوە, چونکە ھەموو خەڵکی کوردستان بەو ئەندازیارەت دەزانن کە خۆت ناوت بردوە.
کاک نەوشیروان لە یاداشتەکەیدا باس لە شەڕی ناوخۆ دەکات لە ساڵی ١٩٩٤ تا ساڵی ١٩٩٨, بیکە خاتری ئەو شتەی باوەڕت پێیەتی کە دڵنیام باوەڕت بە ھیچ شتێکی پیرۆز نییە, چونکە باوەڕت بە کۆمەڵە نەبوو کە خۆت سکرتێری بووی, بە ڕاستگۆیی باسێک لە شەڕەکانی ساڵانی ھەشتای سەدەی ڕابردووش بکەو بزانە کێ لەو شەڕانەدا تفەنگی ئاڵتوونی شەڕانگێزی و نەخشەسازی شەڕی ناوخۆ دەباتەوە.
ھەر لەو یاداشتەدا باس لە دیل کوشتن ئەکات, گوایە پارتی دیلەکانی شەڕی ناوخۆی کوشتوە, (سڵا لەوەی فیرعەون پێی دەڵێ کافر), ئەی لە بیرت چوو؟! لە شەڕی (پشتئاشان و قڕناقاو ) کە بە ڕاستی شەڕی (قڕکردنی) دیلەکانی شەڕو قڕ کردنی ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵ بوو, وەک ماڕشاڵێک دەردەکەوتی و ھێزەکەی خۆت ھان دەداو دەتقیژاند ( قوربانتان بم, پەرێزتان پاک بێ دیلم ناوێ ).
ئەم دروشمە ئەوەندەی کاریگەری لە سەر شەڕوانەکانت ھەبوو ئافرەتە دیلەکانیش لە پەلامارە دیل کوژیەکەت دەرباز نەبوون, ئافرەتی ئەم کوردە چەند بەدبەختە! سەردەمانێک نەوشیروان لە سەر ئایدۆلۆژیا پەرستی دەیکوشتن, لە کاتێکدا باوەڕیشی بە ئایدۆلۆژیاکە نەبوە, ئێستاش بە ناوی ناموس پەرستی دەکوژرێن. کاک نەوشیروان گلەیی لە خەڵک دەکات کە بە ئەندازیاری شەڕی ناوخۆ ناوی دەبەن, ئەی کێ بوو لە شەڕی ناوخۆ بە دیل گیراو بە ناوبژیوانی حیزبی شیوعی ئازاد کرا؟ کاکە ھێواش ھێواش خۆت بدۆزە, ئەو کاتەی دیلەکانی قڕناقاوت قڕ دەکردن, تازە لە دیلێتی ئازاد کرابوی, ھێشتا ڕەنگ و ڕوخساری دیلێتیت بەرنەدابوو, ھێشات سوپاسی حیزبی (شیوعی)ت نەکردبوو کە بۆ ئازاد کردنت بۆت بونە مانگی سوری کوردی, جا ئەگەر پێت وایە بەو نازناوەی پێیان داوی کە ئەندازیاری شەڕی ناوخۆیە غەدرت لێدەکەن, ئەوا یەک چالاکی! تەنھا یەک چالاکیم پێ بڵێ کە لە ڕووی ڕژێم ئەنجام درابێ و تۆ ڕاستەوخۆ سەرکردایەتیت کردبێ و دوو سەرباز! تەنھا دوو سەربازی ڕژمی بەعسی تێدا کوژرابێ! جگە لە بردنی پاسدار بۆ سەر بیرە نەوتەکانی کەرکوک و ھەڵەبجە کە کارەساتی ئەنفال و کیمیا بارانیان لێکەوتەوە ئەوا دەلێم تۆ لە سەر ھەقی, ئەگەر نا من یەک ملوانکە چالاکی شەڕی ناوخۆت بۆ دەھۆنمەوە کە تۆ ڕاستەوخۆ سەرکردایەتیت کردوون.
سەیرە بە ڕاستی سەیرە! کاک نەوشیروان پێی وایە بە ھەڵدانەوەی مێژووی خۆی غەدری لێدەکەن, کاکە ئەوە مێژووی خۆتەو بڕیار لەسەر غەدر دەداو بە لێکدانەوەی ئەو مێژووەش تۆ غەدرت لە ھەموو کورد کردوە, بەڵام دیارە دەتەوەێ بەر لەوەی خاوەن ماڵ بە دزت دەربێنێ, تۆ خاوەن ماڵ بە دز دەربێنی.
کاک نەوشیروان دەڵێ دژی گەندەڵیم و ڕیفۆرم دەکەم, ڕاستە گەندەڵی ھەیە, بەڵام دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی سەرھەڵدانی, ئەگەر پێت وابێ لەو کاتەوەی خۆت لە گردەکەدا مەڵاس داوەو لە نەبوونی تۆوە گەندەڵی سەرچاوەی گرتوە, ئەوا بە ھەڵەچوی, گەندەڵی لەو کاتەوە ڕاوکەی بۆ دانرا و شوێن پێی خۆی قایم کرد کە تۆ وەک بازرگانێکی سیاسی ئایدۆلۆژیای ماوە بەسەرچووت بۆ تەزویر دەکردین و بە گران پێت دەفرۆشتینەوە, ئەگەر لە ھیچدا لە گەڵتدا نەبم لەوەیاندا لەگەڵتدام و دواڕۆژ و چارەنووسی ( گۆڕان ) پاک و پیس لە چرا دەدا و خوار و خێچیت دەردەخا و وەک ھەی دەتخاتە ڕوو, بەوەش بەختی بەستراوی کورد دەکرێتەوە, ئەو کاتەش دەستت لە یەخەی کورد بەردەبێ و ھیچ کەس و لایەنێک فریوی دروشمبازی و گەندەڵکاری سیاسیانەی تۆ ناخوات, ھەر وەکو چۆن مانگرتن و مانشکاندن, تۆران و ئاشت بوونەوە, ھەڵنەکردن لە گەڵ ھیچ بیروبۆچنێکی سیاسی بەوەی کۆمەڵەش کە خۆت سکرتێری بووی بەشێکن لە مێژووت, ئەوا گۆڕان و دۆڕان دەبنە دوا بەشی مێژووت, بە ڕاستی کاک نەوشیروان خڵەفاوی, ئەگەر پێت وایە بە بەگژداچونەوەی ڕابردووی خۆت داھاتووت جوان دەکەی, بێگومان ئەو ھەوڵەشت چروک دێنێ, چونکە ئەوەی ڕابردووی خاوێن نەبێ داھاتوشی ترسناک دەبێ.
کاک نەوشیروان بەسە واز لە دۆزینی خەڵک بێنە و بەرلەوەی خەڵک بدۆزی جارێکیش خۆت بدۆزە, چونکە ئەو قل قلە مۆریانەی بە خەڵکەوە دەیانبینی, ھی ئەوەیە رۆژێک لە رۆژان بە لێفەی تۆ خەوتون.
Top