هۆكاره‌كانی مانه‌وه‌م له‌ناو پارتیدا

هۆكاره‌كانی مانه‌وه‌م له‌ناو پارتیدا
كاتێك پارتیم هه‌ڵبژارد ته‌مه‌نم (17) ساڵ بوو، ئه‌وكات هیچم له‌ كاری سیا‌سی و ئه‌ركی گرانی خه‌بات و شۆڕشگێڕی نه‌ده‌زانی، ئه‌وه‌ی منی هاندا پارتی هه‌ڵبژێرم ته‌نها خۆشه‌ویستی پێشمه‌رگه‌ و بوونی بارزانی نه‌مر وه‌ك رابه‌ری ئه‌و حزبه‌ بوو، به‌ڵام كاتێ ده‌رگای جیهانه‌ جه‌نجاڵه‌كه‌ی سیاسه‌تم به‌ روودا كرایه‌وه‌ و له‌ رووداوه‌كانی مێژووه‌وه‌ بۆ داهاتووم رووانی، ئه‌وجار جوانی و پیرۆزی پێشمه‌رگه‌ و گه‌وره‌یی بارزانی نه‌مرم زیاتر بۆ ده‌ركه‌وتن، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد هه‌م شه‌ره‌فی پێشمه‌رگایه‌تیم به‌ربكه‌وێ و هه‌میش رێبازی بارزانی نه‌مر بكه‌مه‌ چرای ده‌رباز بوونم له‌ شه‌وه‌زه‌نگی ژێرده‌سته‌یی.
له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕ بوونی كات و شرۆڤه‌ بۆ رووداوه‌كان و هه‌ڵمه‌تی چه‌واشه‌كاری هه‌ندێ كه‌س و ده‌سته‌ و گرووپ وایان ده‌كرد بڕیاری دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پارتی بده‌م، به‌ڵام كاتێ به ‌دواداچوونم ده‌كرد و رووداو و پێشهاته‌كانم له‌ چرای مێژوو ده‌دان، جارێكیتر وزه‌ی به‌رده‌وامی پێ ده‌به‌خشیمه‌وه‌، ئێستاش به‌ راشكاوی ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌و چوار هۆكاره‌ی خواره‌وه‌ نه‌بن بۆ یه‌ك خوله‌كیش پارتی نامێنم.
1ــ له‌و پرسانه‌ی ره‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیان هه‌یه‌ و بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، پارتی له‌ژێر بڕیار و راسپارده‌كانی سه‌رۆك بارزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێبازی بارزانی نه‌مر، له‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی نێوان خواست و داواكانی كورد و به‌رگری له‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵپه‌ی سیاسه‌تی داگیركاری دوژمنانیش هێز له‌ هه‌مان رێباز وه‌رده‌گرێ.
2ــ تا بارزانی نه‌مر له‌ ژیاندا بوو داگیركارانی كوردستان و دوژمنانی كورد بۆ له‌ناو بردنی و پێشگرتن به‌و رابوونه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی رابه‌رایه‌تی ده‌كرد، سڵیان له‌ هیچ نه‌كرده‌وه‌ و هه‌موو رێگاكانی وه‌ك په‌نا بردن بۆ تیرۆر كردنی و پیلانی موخابه‌راتی و به‌كارهێنانی زه‌بروزه‌نگیان تاقی كردنه‌وه‌، دوای كۆچ كرنیشی دوژمنان (پارتی)یان وه‌ك رێبازه‌كه‌ی به‌ ئامانج گرتووه‌ و هه‌وڵه‌ ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوه‌ده‌وڵه‌تیه‌كانیان له‌سه‌ر دژایه‌تی كردنی پارتی چڕ كردوونه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ترسی دوژمنان له‌و حزبه‌ وه‌ك رێبازی بارزانی نه‌مر‌، نه‌ك وه‌ك حزبه‌ درووشمبازه‌كان، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ هیچ له‌ قایمی رێبازی بارزانی نه‌مر وه‌ك سه‌نگه‌ری كوردایه‌تی تێنه‌گه‌م، ده‌بێ له‌ دیدی دوژمنانه‌وه‌ له‌ پیرۆزی و كوردپه‌روه‌ری ئه‌و رێبازه‌ تێبگه‌م و له‌ رقی ئه‌وانیشه‌وه‌ خۆشم بوێ.
3ــ كاتێك مێژووی كوردكوژی و یاخی بوون له‌ خواستی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵوێسته‌ راڕاكانی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌بینم و له‌گه‌ڵ ئه‌و رق و كینه‌یه‌ی له‌ بارزانی نه‌مر و پارتی وه‌ك رێبازه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه‌ و به‌راوردیان ده‌كه‌م، هیچ گومانم له‌وه‌دا نامێنێ كه‌ دوا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد و گه‌یشتن به‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ناو رێبازی بارزانی نه‌مر دایه‌.
4ــ بوونی سه‌رۆك بارزانی وه‌ك سه‌رۆك و بڕیار به‌ده‌ستی پارتی، تا ئێستاش بۆ زۆرنه‌ی ره‌های جه‌ماوه‌ری پارتی له‌ باشوور و كوردی پارچه‌كانی تریش، ده‌روازه‌ی ئومێد به‌خشن بۆ زاڵبوونی رێبازی بارزانی نه‌مر به‌سه‌ر هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانی ئه‌و حزبه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ راشكاوی ده‌ڵێم: ئه‌و چوارهۆكاره‌ن كه‌ وایانكردووه‌ نه‌توانم له‌ پارتی دوور كه‌ومه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا بێباكی و گه‌نده‌ڵی به‌شێك له‌ به‌رپرسان وایكردووه‌ كه‌سانی دڵسۆز و كوردپه‌روه‌ر و نیشتیمان دۆست وه‌ك حزبه‌كانی ترسێ به‌رده‌ له‌ ئه‌نگوچكی پارتیش ببه‌ستن.
Top