(ئاڵای ناو سندوقەکە بارزانی)

(ئاڵای ناو سندوقەکە بارزانی)
جارێکیان مامۆستا فەلەکەدین کاکەیی لە هاوینەهەواری سەلاحەدین پێی گووتم، (ئەو ئاڵایەی کە پێشەوا قازی محەمەد، رادەستی ژەنەراڵ مستەفا بارزانی کرد ئێستا بەئامانەت لەلای مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پارێزراوە و لە شوێنێکی تایبەت لە سندوقێکدا وەک سیمبول ماوەتەوە)،کاکەیی وای نیشان دەدات کە دەبێت کەی بێت ئەو رۆژەبێت بارزانی ئەو ئاڵایە بکاتە دیاری بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و چارەنووسی کورد لەدوای سەدان هەزار ساڵ بێتە دی!!، لە کوردستان هەندێک جار وانیگەران دەبین کە پێیمان وایە هیچ ئومێدێک نییە بۆ ئەوەی کورد بگاتە ئاواتی خۆی، چونکە پێکدادانی سیاسی و بەریەکەوتنی سیاسی وای کردووە کە هەندێک جار خۆیان لە ئامانجە پیرۆزەکە لابدەین و بیکەنە دەسکەوتی حزبی، لەو قسانەی کاک فەلەکەدینەوە گەرامەوە بۆ مێژوو قازی پێشەوا، ئاواتی دەوڵەتی کوردی کردە دیاری بۆ گەلی کورد بەڵام بەپیلانێک هەرزوو ئەو ئاواتە سەری نایەوە، بەڵام بێ هیوا نەبوو قازی ئامانەتی گەلی کوردستانی ئاڵایەک بوو دایە دەستی بارزانی نەمر، بارزانیش دوای دەیان پیلان و موئامەرەی دەرەکی توانی شۆرشی گەلی کوردستان درێژە پێ بدات تا ئەو کاتەی کە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق هەتا توانیان بەئاگرو ئاسن ڕووبەڕووی بوونەوە، بارزانی ئەوەندەی پێکرا بۆ گەلی کوردستان کردی ئەویش دواجار ئاڵای پیرۆزی کوردستانی دایە دەستی مەسعود بارزانی.
ئێستا وەک تاکێکی کورد لەناخی خۆمدا هەموو جارێک دەپرسم ئێمە کورد بەسەرجەم هێزە سیاسییەکانەوە خۆمان دەزانین لەناو چ هاوکێشەیەکی ناوخۆی و دەرەکین، لەلایەک کوردستان ڕووبەڕووی گەورەترین هەڕەشەی تیرۆرستی و لەناو بردون بۆتەوە، ڕۆژانە پێشمەرگەمان شەهید دەبێت، مامەڵەی حکوومەتی عێراقی هاوشێوەی حکوومەتەکەی سەدام خراپتر دەبێت، لە ئاستی هەرێمایەتیش هەر جارە و پیلانێکمان بۆ دەگێڕدرێت، کەس نازانێت دوای داعش چ پیلانێکی دیکە لەدژی گەلی کوردستان دەکرێت، لەهەمان کاتدا ئێمە لەناو هەنگاوێکی گەورەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتین کە سەرجەم گەلانی جیهان و وڵاتە زلهێزەکان پشگیری پێشمەرگە و کوردستان دەکەن، ڕۆژ نییە گەورە بەرپرسانی ولاتان و سەرۆکی وڵاتان سەردانی کوردستان نەکەن ئێستا کوردستان بۆتە لانکەی پارێزگاری لە جیهان ڕۆژێک لە خۆمان پرسی کێ مان بەرپرسیار دەبێت بەرانبەر بە لەدەست دانی ئەم هەلە گەورانە بۆ گەلی کوردستان؟؟.
چەند ساڵە بیر لەو قسەیەی کاک فەلەکەدین دەکەمەوە دەبێت کورد بۆ ئەوەندە بێ باک بێت لەبەرانبەر هەندێک پیرۆزی کە وەک سەروەری بۆی ماوەتەوە، لەهندستان تائێستا سەدان ملیۆن کەس شانازی بە (پێڵا و جل و بەرگ و قاپ و کەوچەکەکەی غاندی)دەکات کەی ئێمەش پیرۆزترین سەروەریمان ئاڵای کوردستانە کە لە قازیەوە بۆ بارزانی و بارزانی کوڕ ماوەتەوە نەتوانین دەست لەدەست بکەین و پشگیری یەکتری بکەین بۆ ئەوەی ئەو ئاڵایە لەو سندوقە بێتە دەرەوەی و ببێتە ئامانجی ڕزگاری خوازی گەلی کوردستان، ڕۆژێک لە خۆمان پرسیووە گەلێکی دەیان ملیۆن کەسی ئاوارەی چوار دەوڵەت بووە کەچی خۆی باوەڕی بەخۆی نەماوە کە دەوڵەتی هەبێت، هەموو جارێک دەپرسم تۆ بڵێت ئیرادەری تاکی کورد ئەوەندە شکێنرابێت باوەڕی بەوە نەبێت کە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.
ئێستا لە باشووری کوردستان سیاسەتێکی هەڵە بەرێوە دەچێت خەریکە لە ململانێی سیاسییەکانەوە سەروەریەکان پشتگوێ خراوون کاممان ڕۆژانە خەم خۆرانە کاردەکەین بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیا بکرێتەوە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بۆیە هەرچی زووە داوا لە بەڕێز کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان بکاتە نامەیەکی فەرمی و ئاگاداری سەرجەم وڵاتانی جیهانی پێ کاتەوە، بارزانی باش لەم پەیامانە تێدەکات، چونکە کاتی خۆی ژنەراڵ مستەفا بارزانی لە شەستەکانی سەدەی رابردوو نامەی بۆ چەند سەرۆک وڵاتێک نارد بەڵام نەک نامەکەیان قبول نەکرد بگرە وەک پەیام وەریشیان نەگر کەچی ئێستا هەر ئەو وڵاتانە لە کۆشکی کۆماریان ئاڵای کوردستان بەرز دەکەنەوە ئەی بۆ دەبێت لەناو خۆماندا وابیر بکەینەوە ؟؟. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئەو ئاڵایە لەو سندوقە دەربهێنرێت و بکرێتە دیاری بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان.
Top