دەبوو یەکێتی چی بکردبایە؟؟

دەبوو یەکێتی چی بکردبایە؟؟
پێشووتر لە زنجیرە گوتارێکدا بەڕوونی تیشکم خستەسەر ئەوەی کە یەکێتی بیەوێت یان نەیەوێت بەرێککەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت چاوەڕوانی کاردانەوە لە پارتی بکات، چونکە پارتی باش دڵنیابوەتەوە لەوەی کە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران لە ئاستی سیاسی گەیشتوەتە بن بەست، بۆیە پارتی پێی وایە کە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی بەم شێوە خێرایە جۆرێگە لە گوشاری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی دۆخی سیاسی کوردستان بگەرێتەوە بۆ پێش ١٢ی مانگ، قسە دروستەکە ئەوەبوو کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەلایەک رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی دیمورکراتی کوردستان هەبوو ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان لەلوتکەی ناکۆکیی دایە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، دەبوو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەم رێککەوتنەی واژۆ نەکردبایە تا ئەو کاتەی کە گۆڕان و پارتی دەگەیشتنە دەرئەنجامی یەکلاکەرەوە، چونکە ئێستا یەکێتی باجی پەیوەندی پارتی و گۆڕان دەدات، لەلایەک پارتی دەڵێت لەگەڵ شاندی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان دانانیشین، بەڵام گفتووگۆ بەتەنیا لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی لاریمان نییە، دەی ئێستا یەکێتی و گۆڕان هاوپەیمانی یەکن و کۆمیتەی هاوبەشیان دروست کردووە بۆ گفتووگۆکان، کەوایە یەکێتی چۆن خۆی لەنێوان دوو هاوپەیمانی یەکلابکاتەوە ئایا دەستبەرداری گۆڕان دەبێت بە تەنیا لەگەڵ پارتی گفتووگۆ بکات ؟؟؟.
لەهەمان کاتدا دەکرا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێش ئەوەی کە رێککەوتن لەگەڵ گۆڕان بکات بابەتی رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی یەکلا بکردبایەتەوە، چونکە لەلایەک هەموارکردنەوەی رێککەوتنەکەی بەنیوە چڵی بەجێ هێشتووە لەلایەکی دیکە رێککەوتنی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، ئەگەر هاتباو لەگەڵ پارتی بەپێی رێککەوتنی ستراتیژی رێککەوتنەکەی گۆڕانی ئاوا بکردبایە، ئەوە ئەم پێکدادانەسیاسییە لەگەڵ پارتی دروست نەدەبوو، چونکە دەیتوانی لەناو خاڵی رێکەوتنی ستراتیژی کە باسی رێککەوتن لەگەل لایەنەکانی دیکە دەکات خۆی ساغ بکردبایەتەوە بە جۆرێک دەیتوانی لە رێگای ئەو خاڵەوە، هاوسەنگی لەگەڵ پارتی و گۆڕانیش بپارێزێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە جۆرێک لە جۆرەکان سڵ لە شێوەی رێککەوتنەکە دەکاتەوە، چونکە هێشتا پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و گەرانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان و پرسی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، پارتی تا نیوەی ڕێگا لەگەڵ یەکێتی و گۆڕانی هێناوە بەم سەنگەری ئێستایانەوە کە یەکێتی بە ١٨ کورسی و گۆران بە ٢٤ کورسی ئەگەر بێت و گۆڕان و یەکێتی نیییەتی ئەوەشیان نەبێت ئەوە پارتی بەو نییەتە لێکی دەداتەوە کە یەکگرتنەوەی ئەم دوو هێزە بەم شێوە خێرایە لەم کاتە دژوارە سیاسییە بۆ ئەوەیە کە ئەم پرسانە لەلایەن هەردوو هێزەوە تێپەڕێنرێت، لە کاتێکدا لێکدانەوەی پارتی ئەوەیە کە ناتوانێت یان ناکرێت بەنیوە چڵی گفتووگۆکان لەگەڵ لایەنەکان تەواو نەکات بێت لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی لە خاڵی سفرەوە دەست بەگفتووگۆکان بکەنەوە، بۆیە دەبوو یەکێتی پێش رێککەوتنەکە پرسی نیوە چڵەکانی لەگەڵ پارتی یەکلابکردبایەتەوە.
Top