رۆژەكان بۆ گەیشتن بە لوتكە ئەوەندەیان نەماوە

رۆژەكان بۆ گەیشتن بە لوتكە ئەوەندەیان نەماوە
رێباز عوسمان

كوردستان ئەمڕۆ مایەی سەربەرزی هەموو تاكێكی كوردە، چونكە هێزێكی وەك پێشمەرگە بەرگریكاریەتی كە هەموو جیهانی تووشی سەرسوڕمان كردووە. پێشمەرگە بە هێز و تواناكانیەوە وڵاتە زلهێزەكانی تووشی ركابەری كردووە بۆ خزمەتكردن و بە دەنگەوە هاتن و راهێنان و مەشق پێكردنی لە لایەن راوێژكار و پسپۆڕانی شارەزای سەربازییەوە كە لە ئەمریكی و ئەوروپی پێكدێن. ئەوان بە رەچاوكردنی ئەو هێزە خاوەن بیروڕا پتەوە كە بەرگری لە خاك و نیشتمانەكەی دەكات، دەزانن كورد خاوەنی كلیلی گەورەترین دەرگای سەروەرییە بۆ چوونە ناو (ناتۆ) كە دەرگایەكی پارێزگاری پتەوە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی.
پێشمەرگە بۆ جیهانی سەلماند هێز و توانای سوپایەكی دامەزراوەی هەیە كە ئەوەش بۆ جیهانیان بنەمایەكی سەرەكییە بۆ ئەوەی دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا بنێن. بێگومان هەر هەرێمێك خاوەن سوپای بەهێز نەبێ بۆ بەرگریگردن لە نەتەوە و پاراستنی خاكەكەی ناتوانێت سەربەخۆیی بەدەست بێنێت و دەوڵەت رابگەیەنێت. ئەمڕۆ ئێمەی كورد خاوەنی ئەو سوپا بەهێزەین كە نەتەوە یەگرتووەكان و ئەمریكا و ئەوروپا پێش هەموو وڵاتە دراوسێكان متمانە بە سەربەخۆبوونمان دەكەن .
ئێمەی كورد چیتر ناتوانین لەگەڵ عێراقێكی داڕووخاو لە رووی سیاسی و دارایی و سەربازییەوە بین، كە بە هەموو شێوەیەك لە هاوبەشی بێبەشمان دەكەن و مووچە و بودجەمان دەبڕن. بەو غەدرەوە كوردستانییەك لەگەڵ عێراقییەك ناتوانن هەڵگری یەك ناسنامە و پاسپۆرت بن. جگە لەوەش شەڕی مەزهەبی و تایفی لە عێراق وایكردووە لە جیهاندا و بە چاوی كەم و ناشیرین تەماشای ناسنامە و پاسپۆرتی عێراقی دەكرێت، بۆیە هەر تاكێكی كورد زۆر لەوە گەورەترە كە هەڵگری ناسنامەی عێراقی بێت، كە ئەو ناسنامەیە بووەتە هێمای توندوتیژی و شەڕی مەزهەبی!
گەلی كورد خاوەنی خەباتە و لە مێژوودا سەرفرازە و خەباتەكەی رەوا بووە و تێكەڵی توندوتیژی و شەڕی مەزهەبی نەبووە، بۆیە ئێستاش ناكرێ لەگەڵ عێراق و شەڕی شیعە و سوننەدا بژین و پێكەوە یەك ناسنامە و یەك ئاڵامان هەبێت، ئەوە شتێكە بەراوردیش ناكرێ.
ساڵانی پێشوو جگە لەوەی كە بارودۆخی سیاسی گونجاو نەبوو بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، دوو هۆكاری دیكە هەبوون بۆ مانەوە لە عێراقێكی یەكگرتوودا كە وای لێدەكردین ئەو مافەمان دوابخرێت، یەكێك لەو هۆكارانە موسڵمان بوونمان بوو، بە بێ جیاوازی مەزهەبی، دووەمیان رێزگرتن لە ساڵانی پێكەوە ژیانمان بوو، بەڵام عەرەبە عێراقییەكان هیچ كاتێك رەچاوی هیچ مافێكی ئێمەیان نەكرد. ئایینیان بە زمانی عەرەبی بەسەرماندا سەپا، ئێمەی كورد پەیڕەومان كرد و رێزمان گرت، ئەوان نە پەیڕەویان كرد و نە رێزیان لە ئایینەكەی خۆیان گرت، گەڕاشن بە دوای سوورەت و ئایەتەكاندا تا بەهانەیەك بدۆزنەوە چۆن لەناومان ببەن و ئەنفالمان بكەن. ئەمە لە رووی ئایینەوە، لە رووی ساڵانی پێكەوە ژیانیش ئێمەی كورد لەگەڵ عێراقییەكان لە ژێر یەك ئاسمان و لەسەر یەك خاك كە خاكی خۆشمان بووە و بەش كراوە و داگیر كراوە، بۆ ساڵانێكی زۆر پێكەوە ژیاوین، بەڵام ئەوان رەچاوی ئەمەشیان نەكرد. تا ئێستاش عێراقییەكان كە ئاوارەی شەڕن لە خاكی كوردستاندا دەژین و لەلایەن هەر تاكێكی كوردەوە ئەوپەڕی رێزیان لێدەگیرێت، بەڵام ئەوان هێشتا بە هەموو شێوەیەك دژایەتی گەلی كورد دەكەن، بۆیە ئێستا هیچ هۆكارێك، هیچ مانایەك و هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ بەردەوامبوون لە ژیان لەگەڵ عێراق و عێراقییەكان .
لە ئێستادا تەنیا رێگە بۆ گەیاندنمان بە لوتكەی رزگاری، سەربەخۆییە و ئەو سەربەخۆییەش یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی هەموو كوردی پێویستە كە بتوانین هەموو پێكەوە دژی هەر رێگرییەك لە بەردەم دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بوەستین.
دەبێت هەموومان ئەوە بزانین كە ناسناوی كورد و ناسنامە و پاسپۆرتی كورد لە جیهاندا لە پاش راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان زۆر زۆر جیاوازە بە بەراورد لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و رێز و حورمەتی تایبەتی دەبێت لە رووی پێشوازیكردنەوە لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپاوە بۆ ئێمەی كورد، چونكە گەلی كورد سەلماندی كە راستگۆیە لە پەیماندا لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا و جەنابی سەرۆك بارزانی بناغەیەكی زۆر پتەوی لە سەروەری و سەربەرزی بۆ كوردستان و هەموو كوردێك داناوە، بۆ ئەوەی هەموومان سەربڵند بین لە هەر كوێیەكی ئەم دنیایە كە بڵێین كوردین. سەرۆك بارزانی تەنیا سەرۆكی هەرێم نییە، بەڵكو پێشمەرگەی خەباتكار و سیاسەتمەدارێكە لەسەر ئاستی جیهان كە بەتایبەت گوێی لێدەگیرێت و پرسی پێدەكرێت و كار بە نەخشەسازییەكانی دەكرێت، بۆیە پاڵپشتیمان بۆ جەنابی سەرۆك پاڵپشتییە بۆ سەربەرزی و سەربەخۆییەكی هەتا هەتایی، پێشمەرگەی كوردستانیش سەلماندوویەتی كە هێزێكی خاوەن ئیرادە و بیروڕای پتەوە بۆ بەرگریكردن لە خاك و شەرەفی هەموو تاكێكی كورد و لە ئێستاشدا لە بری هەموو جیهان شەڕی دژی تیرۆریستان دەكات. پێشمەرگە بە درێژایی مێژوو چاوی لە خاكی وڵاتان نەبووە، تەعەددای لە كەس نەكردووە و تەعەدداش لە كەس قبوڵ ناكات. هەر ئەو خەسڵەتانەی پێشمەرگەن كە كوردیان لە لای گەلانی جیهان خۆشەویست كردووە.

* مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی

Top