پارتیش لەو خاڵە گەیشتووە!!

پارتیش لەو خاڵە گەیشتووە!!
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەوە تێگەیشتووە کە ئەگەر هاتوو رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی بۆ راستکردنەوەی لاسەنگەی سیاسەتی هەردوو هێزەکەبێت گرفتی نییە و پێشوازی لێدەکات، چونکە لەڕووێکەوە مامەڵەکردن لەگەڵ یەک هێزی سیاسی باشترە و ئاسانترە تا لەگەڵ دووهێزی سیاسی، بۆ پارتیش ئێستاش رێک ئەو سیناریۆیەیە واتە مامەڵەکردنی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی بە شێوەی هێزێکی سیاسی، خۆشترە تا بەجیا جیا مامەڵەیان لەگەڵ بکات، بەڵام پارتی لەوە دەچێت ڕووداوەکانی پشت ریککەوتنی هەردوولای خوێندبێتەوە، بەو واتایەی کە ئەگەر هاتوو بزووتنەوەی گۆڕان بیەوێت لەپەنای ئەو رێککەوتنە دۆخی هەرێمی کوردستان بگەرێنێتەوە بۆ ١٢ی مانگ، بە جۆرێک لەجیاتی ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بکەوێتە ژێر کاریگەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەپێچەوانەوە یەکێتی بکەوێتە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی گۆڕان، دۆخەکە ئاڵۆزدەکات، چونکە بەشێکی بەرچاوی لایەنگرانی یەکێتی لەگەڵ بیرۆکەکەی بزووتنەوەی گۆڕانن، تەنانەت بەشێک لە یەکگرتوو و کۆمەڵیش، بۆیە تێگەیشتنی پارتی لە گەرانەوەی دۆخی کوردستان بۆ ئەو قۆناغەی کە کوردستانی گەیاندە ئەمرۆ واقیعیانەیە چونکە، لەناو رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی خاڵێک هەیە تێدا هاتووە، (لەدەرەوەی ئەم رێککەوتنە هیچ رێککەوتنێک ناکرێت لەگەل لایەنێکی دیکە)کە ئەمە گومان دروست دەکات بەوەی یەکێتی سنووری سیاسی بەرتەسک بکرێتەوە، بۆیە ئەگەر هاتوو یەکێتی و گۆڕان پێکەوە رێککەوتن لەسەر گەرانەوەی ١٢ی مانگ ئەوە دەبێت دووبارە شەری پەرلەمان و حکوومەت و پرۆژەکان سەرهەڵبداتەوە.
بەشێکی دیکەی تێگەیشتنی پارتی بۆ ریککەوتنی گۆڕان و یەکێتی لەوە دەچێت لەوە سەرچاوە بگرێت کە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دەرکەوت کە بەتەنیا ناتوانێت ڕووبەڕووی پارتی دیموکراتی کوردستان ببێتەوە، بەتایبەتی لەپرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و گەرانەوەی وەزیرەکان، بۆیە پێی وایە ئەگەر هاتووە هەردوو فراکسیۆن یەکبگرنەوە ئەوە بەهەردووکیانەوە (٢٤+١٨=٤٢)کورسیان دەبێت، ئەو کاتە لەگەڵ بەشێکی یەکگرتوو و کۆمەڵ دەتوانن بە ئاسانی پەرلەمان کارابکەنەوە، لە کاتێکدا پەیامی ئەمرۆی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوە بوو کە هیچ بریارێکی یەکلاکەرەوە بەبێ پارتی لە کوردستان نادرێت، چونکە لە راستیدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە دەتوانرێت بەبێ گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە خاوەنی ٣٨ کورسییە بریار بدرێت؟ بێ گومان نەخێر، چونکە ئەگەر هاتوو شتێکی وا ڕوویدا، دەبێت ڕووداوەکەی پەرلەمان بهێنینە بەرچاوی خۆمان کە گۆڕان و یەکێتی بەبێ ویستی پارتی هەوڵیان دا یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەمواربکەنەوە کە دواتر بەهۆی نارەزای پارتی و چەند فراکسیۆنێکەوە پەرلەمان بەودەردەی ئێستا چوو.
لەوە دەچێت بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی باش لەوە گەیشتنبن بەڵام لە ئێستادا ئاراستەی بەهێز لەناو گۆڕان و یەکێتی ئەوەیە کە بەم شێوەی ئێستا بێت، چونکە بەشێک لە میدیاکانی نزیک لە یەکێتی پێیان وایە چەند سەرکردەیەکی یەکێتی کە دژی رێککەوتنەکە بوون بوونەتە تەنێکی نامۆ لە سلێمانی، لە کاتێکدا ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی یەکێتی ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ دۆخی کوردستان هەبووە کە لەساڵانی رابردوو بەهۆی شەڕی ناوخۆیەوە بینیویانە بۆیە هەرئەوان لەو روانگەوە پێیان وایە ناکرێت رێککەوتنەکە لەسەر بنەمایەک بنووسرێتەوە کە دواجار دووئیدارەی دروست بکاتەوە.
خۆئەگەر بەشێکیش لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێیا وابێت کە بەیەکگرتنەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆمەلێک پرسی یەکلابکاتەوە ئەوە ئەو کاتە پارتیش بەدیلی دیکەی دەبێت کە دواجار لەوە دەچێت بەسەرجەم ئەو رێککەوتنانەدا بچێتەوە کە پێشووتر ئەنجام دراوون لەناویشیاندا رێککەوتن لەسەر پێکهانی حکوومەت و رێککەوتنی ستراتیژی.
Top