په‌رده‌ی دوا به‌شی شانۆگه‌ریه‌كه‌ لادرا

په‌رده‌ی دوا به‌شی شانۆگه‌ریه‌كه‌ لادرا
هاتنی داعش و گه‌رم بوونی شه‌ڕی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ و ده‌ركه‌وتنی ناكۆكیه‌ سیاسیه‌كانی ناو ماڵی شیعه‌ و شڵه‌ژانی بارودۆخی سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌منی و ئابووری و ئیداری ناو پرۆسه‌ی سیاسی عێراق له‌ لایه‌كو، مه‌ترسی به‌هێز بوونی هیلالی شیعی به‌ رابه‌رایه‌تی ئێران و كۆمه‌ڵێ هۆكاری تری هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی (سایكس بیكۆ)و گۆڕانكاری نه‌خشه‌ی سیاسی ناوچه‌كه‌یان كردۆته‌ ئه‌مری واقع، ئه‌و ئه‌مری واقعه‌ش به‌ جۆرێك هه‌نگاوه‌كانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی خێراتر كردوون، كه‌ ئێران هه‌ست به‌ مه‌ترسی سه‌ر سیاسه‌تی فراوانخوازی خۆی بكات و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ كوردیه‌ له‌به‌رده‌م خواستی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ پێگه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆری سه‌فه‌وی به‌ به‌ربه‌ست بزانێ، ئه‌وه‌ش وایكرد ئێران له‌ پشت په‌رده‌وه‌ بێته‌ سه‌ر خه‌ت و بۆ پێشگرتن به‌ هه‌نگاوه‌كانی ره‌وتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و درووست كردنی ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی شانۆگه‌ریه‌كی مه‌ترسیدار ساز بكات، مه‌به‌ستی ئێران له‌ سازكردنی ئه‌و شانۆگه‌ریه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا كه‌ دابه‌شكردنی هه‌ڵوێست و روانینی هاوبه‌شی كورد بوو بۆ رووداوه‌كان و له‌و قۆناغه‌شدا توانی سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ست بێنێ.
سیاسه‌تی فروانخوازی و خواستی گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ سه‌ڵته‌نه‌ت و باڵاده‌ستی ئیمپراتۆری سه‌فه‌وی، وای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران كرد وه‌ك ده‌رهێنه‌ری پشت په‌رده‌ی شانۆگه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ره‌وتی سه‌ربه‌خۆخوازانی كوردستان كه‌ سه‌رۆك بارزانی رابه‌رایه‌تی ده‌كات، ره‌و‌تێكی نامۆ به‌ خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد قوت بكه‌نه‌وه‌، ئه‌و ره‌وته‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و باڵی ده‌ست رۆیشتووی ناو یه‌كێتی و عه‌لی باپیری ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی بوون، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێران ئاراسته‌ی ده‌كردن هه‌ر رۆژه‌و بیانوویه‌كیان به‌ ره‌وتی سه‌ربه‌خۆخوازان ده‌گرت و به‌رده‌وام ئاسته‌نگیان له‌به‌رده‌م هه‌نگاوه‌كانی گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی درووست ده‌كردن، به‌ڵام به‌ هۆی پێداگری ره‌وتی سه‌ربه‌خۆخوازان و خوێندنه‌وه‌ی درووستی سه‌رۆك بارزانی بۆ رووداوه‌كان و سیاسه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و گه‌یاندنی دوا خواست و ئامانجی كورد به‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌، وایكرد ره‌وتی دژه‌ سه‌ربه‌خۆیی یان راستتر بڵێین: ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی ئێران ده‌وری دژایه‌تی كردنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و به‌ ده‌وڵه‌تبوونی كوردی پێ ده‌بینین له‌ شكستی به‌رده‌وامدا بن، ئه‌و شكستانه‌ ئێرانی وه‌ك ده‌رهێنه‌ری راسته‌خۆی شانۆگه‌ریه‌كه‌ ناچار كرد دوا په‌رده‌ی دژایه‌تی كردنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌سه‌ر خۆی لابدا.
هاتنه‌ سه‌ر خه‌تی راسته‌وخۆی ئێران له‌ شانۆگه‌ری دژایه‌تی ده‌وڵه‌تی كوردی و ته‌نگاوبوونی به‌و شێوه‌یه‌، جگه‌ له‌ نزیك بوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌كی تر هه‌ڵناگرێ، بۆیه‌ پێویسته‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌وه‌ بگات كه‌ چه‌ند هۆكارێك له‌ پشت په‌رده‌ لادان و هاتنه‌ سه‌رخه‌تی ئێرانه‌وه‌ هه‌ن، كه‌ ده‌كرێ له‌م خاڵانه‌ی خواروه‌دا پوخته‌كه‌یان بخه‌ینه‌ڕوو.
1ــ شڵه‌ژانی بارودۆخی ناوخۆی عێراق تا ئاستێك كه‌ هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ری مانه‌وه‌ی به‌ یه‌كپارچه‌یی به‌ بنبه‌ست گه‌یاندووه‌.
2ــ نزیك بوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌ركه‌وتنی زیاتری نیشانه‌كانی.
3ــ پێشه‌نگی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعش و ده‌وری كارای سه‌رۆك بارزانی له‌ فه‌رمانده‌یی كردنی ئه‌و هێزه‌ی كه‌ سه‌رنجی دونیای به‌لای خۆیدا راكێشاوه‌.
4ــ كاریگه‌ری كاروچالاكیه‌ سیاسی و دیبلۆماسیه‌كانی سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی.
5ــ شكستخواردنی ئه‌و سێ كاراكته‌ره‌ی كه‌ پێشتر ناومان بردن و ئێران ده‌وری دژایه‌تی كردنی سه‌ربه‌خۆیی و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی پێ ده‌بینین.
دیاره‌ كه‌ لێكه‌وته‌ی رێككه‌وتننامه‌ی سایكس بیكۆ بۆ كورد دابه‌ش بوونی كوردستان و ژێرده‌سته‌یی و بێده‌وڵه‌تی و كۆمه‌ڵكوژی و كاولكاری وڵاته‌كه‌ی بوون، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ و له‌ نوێ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی ناوچه‌كه‌، ئایا كورد ده‌توانێ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌تننامه‌یه‌ لێی سه‌ندووه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یدا وه‌ریبگرێته‌وه‌ و ته‌وقی ژێرده‌سته‌یی بشكێنێ و سه‌ربه‌خۆیی بۆ خۆی دابین بكات؟ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ لای سه‌ركردایه‌تی حزب و لایه‌نه‌كانه‌ و پێویسته‌ به‌رپرسیارانه‌ وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌.
Top