کێ دەڵێ پەیوەندیی لەگەڵ "ئیسرائیل"ـدا حەرامە؟

کێ دەڵێ پەیوەندیی لەگەڵ
بەڕێزان ئەم بابەتەی پێشتر لە ڕۆژنامەی هەولێردا بڵاوم كردۆتەوە گەرچی كەمێك درێژە بە داوای لێبوردنەوە، هیوادارم بەرچاو ڕۆشنییەكی تیدا بێت بۆ ئێوەی بەڕێز لە كاتێكدا كە ئێمە لە ئاسۆیەكی تر دەڕوانین و دوورتر بیر لە بابەتە گرنگەكەی هەموان دەكەین خەڵكانێك بە كاری ترەوە سەرقاڵن.
کێ دەڵێ پەیوەندیی لەگەڵ "ئیسرائیل"ـدا حەرامە؟

حوكمی پەیوەندی مرۆڤایەتی و بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتی "ئیسرائیل"، كە زۆرجار كراوەتە بنێشتەخۆشەی سەر زار و، لە کوردستان و دەرەوەی كوردستانیشدا، جاروبار نان و پیازی پێوە دەخورێت و كڵاوی پێ دەنرێتە سەر ساویلكەسەر و خەریكە دەكرێتە خاڵێك، كە لێیەوە ڕەوایەتیی شەڕفرۆشتن بە دەوڵەتی باشووری كوردستانی پێ‌ حەڵاڵ بكرێت!
با هەر لە سەرەتاوە لەسەر ئەوە ڕێک بكەوین، كە بە ئەقڵ و هۆشێكی دروستی ئیسلامی و كراوە، وەك شارەزایانی زانستی "فیقهـ و ئوسووڵ"، لە مەسەلەكان بنۆڕین و بگەڕێینەوە بۆ دەقە پیرۆزەكان و سەرچاوەكانی فەرموودە و مێژووی ژیانی پێغەمبەر خۆی (دروود و سڵاوی خوای لێ بێ) تا بزانین لەوێڕا چ باسە؟
مەگەر لەو مێژووە پیرۆەزەدا، ناخوێنینەوە كە هەر لە سەرەتای هاتنی پێغەمبەرەوە (دروود و سڵاوی خوای لێ بێ) بۆ شاری مەدینەی منەوەرە، چەندین پەیمان و رێككەوتنی مۆر كرد لەگەڵ سەرجەم خێڵە دژمنەكانی ئەو دەوروبەرە، تەنانەت، سێ‌ خێڵە سەرەكییەكەی جوولەكەیش كە لە مەدینەدا نیشتەجێ بوون (بنو النضیر و بنو قریضە و بنو قینوقاع)؟
گەرچی لێرەدا هەندێك دەڵێن: بێگومان ئەو پەیوەندییانەی ئەوكات مۆر كراون، زۆر سنووردار بوون، ئێمەیش دەڵێین: مەگەر کەس گوتوویەتی با خەڵكی تر بێسنوور پەیوەندی ببەسن؟
باشە بۆچی ئەبێ كورد داوای شتێكی لێ بكرێت كە عەرەب خۆیان دەمێك بێت نەجاتیان بووبێت لێی؟
یان بۆچی لێمان دەخوازن بایەخ بدەین بە مەسەلەیەكی وا كە عەرەب خۆیان فەرامۆشیان كردووە؟
خۆ لە "پاشا" پاشاتر نیین!
باشە گەورەترین كێشەی ڕەوا، بە لای عەرەبەكانەوە كێشەی فەلەستین نییە؟ هاوكات بەوە ڕازی نابن، كە كەسێك بە ناوی عوروبەوە نەبێت داكۆكی لێ‌ بكات و لێی بدوێ!
باشە وتمان مەسەلەی فەلەستین مەسەلەیەكی هەق و ڕەوایە، بەڵام كە قەبووڵیان نییە كێشەكە، ئایینی بێت، بۆ داوا لە كورد و فارس و نەتەوەكانی تر دەكەن پشتگیرییان لێ بكەن و فرمێسكیان بۆ بڕێژن؟
باشە پێویست بەوە دەكات، كە كوردەكان دووڕوو بن و بە دوومەن بپێون؟
ئیشی عەرەبەكان بە پیرۆز دابنێن و بە ڕەوای بزانن كە هەر پەیوەندییەك مۆر بكەن، لەگەڵ هەر تاك و لایەن و حكوومەتێكدا، كە لە ئەنجامی ئەو پەیوەندیە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانیانی تێدا بێت، بەڵام بۆ خۆیان حەرام بێت؟
من هیچ كارێكی هەڵە، بە هەڵەیەکی دی پاساو نادەمەوە، گەر بێت و بڵێم: پەیوەندی نێوان گەلان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی هەڵە بێ ـ كە بە هەڵەیشی نازانم ـ كەوابوو ڕێگر و ئاستەنگ چییە گەلان لەسەر بنەمای ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی پەیوەندی ببەسن؟
لەگەڵ ڕەچاوكردنی پاراستنی نەبەزاندنی سنوورە ئایینییەكان و نەدۆڕاندنی ناسنامە؟
باشە بۆ دەبێ‌ عەرەب بە هەر بیست و ئەوەندە وڵاتەكەیانەوە بە شێوازێكی كەم یان زۆر، دیار و نادیار بۆیان هەبێت پەیوەندی لەگەڵ جوولەكە ببەسن، بەڵام بۆ خەڵكی تر نەبێت؟
تا كەی درۆ و دووڕوویی و دووفاقی؟
ڕوونكردنەوەیەك لە سەر بەكارهێنانی وشەی ئیسرائیل:
بەكارهێنانی وشەی (ئیسرائیل) خۆی لە خۆیدا لە ڕووی شەرعەوە هیچ سەرپێچییەكی تێدا نییە، چونكە وشەی (ئیسرائیل) ناوێكە لە ناوەكانی یەعقووبی كوڕی ئیسحاقی كوڕی ئیبراهیمی بابی پێغەمبەران (س)، وشەكە بە زمانی عیبریە و بە كوردی واتە: بەندەی خوا.
وەك چۆن وشەی (بەنو ئیسرائیل)ـیش، واتە: نەوەو نەژادی (ئیسرائیل) یانی كوڕانی بەندەی خوا، جا ئەمە لەم ڕوانگەوە، هیچ تاوانێكی تێدا نییە، چونكە ئینتیمابوون بۆ ڕەگەز، یان تیرە و هۆزو نەتەوە، تەنانەت بۆ ئایینیش، هیچ حوكمێكی شەرعی ناگەیەنێت و نابێتە بەڵگە لەسەر چاك و خراپێتی هیچ تاكێك لە كۆمەڵدا، تا بە كردەوە باشێتی دەرنەكەوێت.
قورئان لە 105 هەمين ئايەتي سورەتي"بەرائە"دا دەفەرمێت:
(وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ وَالْمُؤْمِنُونَ وَسَتُرَدُّونَ إِلَى عَالِمِ الْغَيْبِ وَالشَّهَادَةِ فَيُنَبِّئُكُمْ بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ)105التوبة).
واتە: (ئەی پێغەمبەری ئێمە، بەو خەڵكە بڵێ‌: با كردەوەی چاك بکەن و بزانن خوا و پێغەمبەر و مسڵمانان كردەوەكانتان دەبینن)(1).
دەبێ‌ لەوەیش بە ئاگا بین، كە وەك زاراوەیەكی تایبەت، كاتێك قورئانی پڕ لە بەخشش وشەی (بنو ئیسرائیل) بەكار دەهێنێت باسی خراپكارییەکەیان ناکا، بەڵام كە باسی كار و ئەتوارە بەدەكانیان دەكات، وشەی (یەهود)یان بۆ بەكار دەهێنێت، جا هەركەسێك لەو نەتەوەیە بێت و كارێكی بەد بکا، ئەوا بە پێی بەدییەکەی ناوزەد دەكرێت و بەس، وەك چۆن كەسێكی شوێنكەوتەی مەسیح (س)، ئەگەر كارێكی بەدی کرد، بە پێی كارەكەی ناوزەد دەكرێت، ئەو مسڵمانەیش وا توندوتیژییەکی نابەجێ‌، یان كارێكی خراپ دەکات، بە پێی كارەكەی ناوزەد دەكرێت و نابێ‌ حوكمی سەر هیچ تاكێك، گشتگیر بكرێت و بدرێت بەسەر كۆدا. لەلایەكی تریشەوە هیچ ڕەوا نییە، شێوەی ڕوخسار و رەنگوڕوو، یان كورتی و درێژی، یاخود قەڵەوی و لاوازی، بكرێتە بەڵگەی هەڵسەنگاندنی كەسایەتی نەخاسمە بكرێتە بەڵگەی چاكی و خراپێتی! با هەندێ‌ لە زانایانی دەروونناس، جۆری كەسایەتی بگێڕنەوە بۆ ئەو شتانەیش، قورئان لە 13 هەمين ئايەتي سورەتي"ئيسرا"دا دەفەرمێت:
(وَكُلَّ إِنْسَانٍ أَلْزَمْنَاهُ طَائِرَهُ فِي عُنُقِهِ) الاسراء13).
واتە: "مرۆڤ هەر چییەک بکا، دوایی دەیدەینەوە بە ئەستۆیدا.".
سەرباری ئەوەی، كە، ئەگەر، پابەندنەبوونی جوولەكەكان بە تەوراتەوە بە كەموكوڕی دابنرێت و پابەندنەبوونی دیان و گاورەكان بە ئینجیلەوە كەمتەرخەمی بێت، ئەی خۆ‌ ئێمەی مسڵمانیش وەنەبێت لە ئاكار و گفتار و رەفتارماندا، زۆر پابەندبووبێتین بە شەرعەوە! ئەگەر گازندەمان لێیان لەبەر ئەوەیە، كە ئەوان ئایینەكەیانیان دەستكاری كردووە، با ئاوڕێك لە خۆمان بدەینەوە وا بزانین مسڵمانانیش دەست و دەم و كردەوەیان نەپاراستووە لە بیدعە و زیادكردن لە دین و لادان لە دەقە پیرۆزەكان! ئاخرقسە، هیوام وایە هەر خوێنەرێك بە وردی ئەم ڕستانە بخوێنێتەوە:
(عن ثابت عن أنس رضي الله عنه قال:(كان غلام يهودي يخدم النبي، صلى الله عليه وسلم، فمرض فأتاه النبي، صلى الله عليه وسلم، يعوده فقعد عند رأسه فقال له: أسلم، فنظر إلى أبيه، وهو عنده، فقال له: أطع أبا القاسم، صلى الله عليه وسلم، فأسلم فخرج النبي، صلى الله عليه وسلم، وهو يقول: الحمد لله الذي أنقذه من النار)(1)
واتە:) پێغەمبەر خوڵامێكی جوولەكەی هەبوو لە ماڵەكەیدا خزمەتی دەكرد، جارێكیان نەخۆش كەوت، پێغەمبەر (دروود و سڵاوی خوای لێ بێ)، چووە سەردانی و، داوای لێ كرد كە بڕوا بهێنێت، ئەویش تەماشای باوكی كرد و بابیشی پێی گوت: بە گوێی بابی قاسم بكە، (پێغەمبەر (دروود و سڵاوی خوای لێ بێ) كە لێرەدا دەكرێ‌ بزانین تا چ ئەندازەیەك تێكەڵیی هەبووە و تەنانەت لاوێكی جوولەکە خزمەتی ناوماڵی پێغەمبەری کردووە؛ دیارە خوڵامی خانەزاد، مانای خۆی هەیە و هەڵوەستەی دەوێت بە دیاریەوە).
پەراوێز (1) (فتح الباري شرح صحيح البخاري، . ج/3 ص 278كتاب الجنائز، باب إذا أسلم الصبي فمات هل يصلى علية ؟ وهل يعرض على الصبي الاسلام؟،الحديث برقم /1356).
ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2361 لاپەڕە 19 سيَ شەممە 3 ی "مايس"ی 2016).
Top