کورد لە سەدیەکی ڕەشی چەپەڵدا

کورد لە سەدیەکی ڕەشی چەپەڵدا
زۆر هۆمان لەبەر دەستدایە سەدەی بیست بە سەدەیەکی ڕەش و پڕ درۆ، پڕ خیانەت و پڕ کوشتار لە قەڵەم بدەین بۆ کورد، ئەمەش هەر لەو ڕۆژە ڕەشەوە دەستی پێکرد کە بەریتانیا و فەرەنسا لە بەرواری ١٠/٥/١٩١٦ دا بە نهێنی ڕێکەوتنێکیان واژوو کرد.
ئەم ڕێککەوتنە کە بە دەستە چەپەڵەکانی سایکس و پیکۆ واژوو کرا، بۆ دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بەسەر هەردوولایاندا، ئەمەش وایکرد هەتا ئەمڕۆ کورد ووڵاتی خۆی نەبێت.
زۆر هەن ڕەخنەی لێدەگرن لەبەر ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە ئامێرێکی داگیرکەر بوو، بە نهێنی دامەزرا و بەزۆر سەپێنرا بەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەرچی فێل و تەڵەکەی سیاسی و هەموو ڕوداوە مێژوییەکانی ئەو سەردەمە بوونە هۆی ئەم ڕێککەوتنە، لەبەر ئەوە زۆر ئاڵۆزە ئەگەر بمانەوێت پێناسەیەک بۆ سایکس-پیکۆ بکەین، بەڵام هیچ نەبێت ئەتوانین تۆزێک شیبکەینەوە.
هێشتا گەرمەی شەڕی جەنگی جیهانی یەکەم بوو، هێشتا سێ ساڵی مابوو کۆتایی بێت کاتێک هەر یەک لە بەریتانیا و فەرەنسا لە ژێر چاودێری ڕوسیادا بڕیاریاندا ئیمبراتۆرێتی عوسمانی لەتوکوت بکەن و دابەشی بکەن لەناو خۆیاندا.
لێرەدا ئەوەی بەلای منەوە گرنگە دۆخی کوردە.
هەرچەندە پەیمانیان بە کورد دابوو کە دوای جەنگی جیهان سەربەخۆ بێت یان فیدرالی بێت، بەڵام لە ساڵی ١٩١٥ بڕیاردرا کە بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەش بکرێت لە تورکیا و ئێران، پاش ڕێکەوتننامەی سایکس-پیکۆ بڕیاردرا دابەشی بکەن بەسەر چەند پارچەیەکیتریش لە عێراق و سوریا .
هەرچەندە سایکس و پیکۆ دوو دیپلۆماتکاری بە‌هێز بوون، زۆر شارەزای ناوچەکە و خەڵکەکەی بوون، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش هێڵی لەتکردنیان کێشا، کەچی وەک دیبینین دوای سەد ساڵ فەشەلی هێنا.
لە ساڵی ١٩١٨ سەرۆکی ووڵاتە یەکگرتووەکان (وودرۆ ویڵسۆن) بەرنامەیەکی بە ناوبانگی دانا بە ناوی ( بەرنامەی چواردە خاڵ) کە بەرنامەیەک بوو بۆ هەڵسوکەوتی دوای جەنگ، بۆ دووپاتکردنەوە لەسەر سەربەخۆیی بۆ کورد و هەموو ئەو نەتەوانەی لەژێر چەتری ئیمبراتۆرێتی عوسمانیدا بوون.
بەیاننامەکەی ویلسۆن تێیدا هاتبوو: ناوچەکە و گەلی ناوچەکە نابێت گۆڕانکاریان تێدا بکرێت و ئەمدەست و ئەودەستی پێ بکرێت وەک گەمەیەک یان ئەفسەرێکی شەترەنج، بەڵکو دەبێت هەر چارەسەرێک بکرێت لە بەرژەوەندی گەل و هەرێمەکانی ناوچەکە بێت.
بەڵام ئەم بەرنامە باشەی وێڵسۆن هیچ جێگای خۆی نەگرت و پشت گوێ خرا.
ئاشکرا بوو ووڵاتە زلهێزەکانی ڕۆژاوا یارمەتی کورد نادەن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە دژی ویستی ڕوسیا، کاتێ بەریتانیا و فەرەنسا دانوستانێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە تێیدا هاتبوو ئەو گەلانەی لەژێر چەتری ئیمبراتۆرێتی عوسمانیدا بوون، ناتوانن حکومەتی خۆیان هەبێت و سەربەخۆ بن.
لێرەوە جارێکیتر کوردەکان دەنگیان بەرز کردەوە. لە کۆنفرانسەکەی سان ڕیمۆ لە مانگی چواری ساڵی ١٩٢٠ بانگەوازێکیان پێشکەش کرد و داوای دەوڵەتەکەی خۆیان کردەوە.
ئەم بانگەوازە پشتگیرییەکی بەهێزی هەبوو لەلایەن هاوپەیماننانەوە، لەبەر ئەوە لە پەیمانەکەی سیڤەردا لە ١٠/٨/١٩٢٠دا بەشێکی کوردستان لە تورکیا وەرگیرایەوە و درایەوە بە کوردستان.
لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانکاریانەی بەسەر تورکیادا هات و سەرکەوتنە گەورەکەی ئەتاتورک بۆ سەربەخۆیی تورکیا، هەروەها هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا کە شەکەتی دەستی جەنگی جیهانی یەکەم بوون و تازە لە ژێر ئەو بارە هەڵدەستانەوە و نەیان دەویست دڵی دەوڵەتێکی بەهێزی یەکگرتووی وەک تورکیا بڕەنجێنن و دەوڵەتی کوردان بدەنەوە دەست خۆیان، بەم جۆرە خەونی کورد بۆ درووست بوونی دەوڵەت بە با چوو.
هەر لەبەر ئەوەش بوو بڕیار درا کە جارێکیتر بە پەیمانەکەی سیڤەردا بچنەوە و پەیمانێکیتر واژوو بکەن لە بەرواری ٦/١٩٢٣ بە ناوی پەیمانی لۆزان.
هەرچی پەیمانێک بە کورد درابوو لە بار برا، ئەو ووڵاتەی لە سەدەی دوانزەوە هەبوو دابەش بوو بەسەر چوار پارچەدا و نەما.
ئەم کارە لەو زەمانەوە هەتا ئەمڕۆ گەورەترین خیانەت بوو لە گەلی کورد کرا لە لایەن ئەوروپاوە.
ئێستا کە ١٠٠ ساڵ بەسەر ئەو ڕێکەوتننامە و پەیمانە چەوتانەدا تێپەڕ بوو ، سەردەمی سایکس-پیکۆ کۆتایی هات و جیهان لە دۆخێکیتردایە، ئێستا کە کورد لە بری هەموو جیهان دژی تێرۆر وەستاوە، ئێستا کە بۆ هەموو جیهان دەرکەوت کە کورد گەلێکن شایەنی لەت لەت کردن نین، ئێستا دەبێت ئەو ڕێکەوتننامەیە هەڵبوەشێتەوە و ڕۆژئاوا ئەم کارە قێزوینە پەردەپۆش بکات.
Top