کوردستان لەبەردەم جەولەیەکی دیكه‌ی نا ئارامیدا!

کوردستان لەبەردەم جەولەیەکی دیكه‌ی نا ئارامیدا!
وەکو بڵێی ھێشتا شەڕی داعش و ئەو ھەموو قوربانییەی رۆژانە لەم شەڕە دەکەوێتەوە، قەیرانی ئابووری و ئەو ھەموو کێشانەی کورد لەگەڵ بەغدا و لەناوخۆ لەناو حزبەکان ھەیە، بەکەم دەزانرێت، وا بەجدی ھەوڵ بۆ جەولەیەکی دیكه‌ نائارامی لە کوردستان دەکرێت.

ناخوازم خەڵکی بخەمە دڵەڕاوکێ و ترس، بێگومان رەشبینیش نیم، بەڵام جموجۆڵەکانی نەوشیروان مستەفا پاش گەڕانەوەی، ئاماژەن بۆ گەڕێکی دیكه‌ی نائارامی.

وەستاندی گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی، لەکاتێکدا لە سێ مانگی رابردوو، ئاستی گفتوگۆکان گەیشتبووە ئاستێک کە پێشبینی دەکرا رێککەوتنێکی دوو قۆڵی لێبەکەوێتەوە، بەڵام چەند ھەفتەیەک پێش گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا و سەردانی سەرکردەکانی یەکێتی بۆ لەندەن و دیداریان لەگەڵ ناوبراو، گفتوگۆ دوو قۆڵییەکانی پارتی و یەکێتی وەستاند، کە ئومێدێکی خەڵک بوون بۆ ئاشتەواوی زیاتر و رەواندنەوەی نائارامی و تێپەراندنی قەیرانەکان و خۆشگوزەرانی ژیانی خەڵکی.

هاونيشتمانيان ھەقیانە لە ھەنگاوەکانی نەوشیروان مستەفا بەگومان بن، ھەروەک چۆن بە لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی خۆشحاڵ بوون، چونکە مێژووی ژیانی نەوشیروان مستەفا پڕە لە شەڕ و دووبەرەکی و ھەرکاتێکیش بە کردەوە نەیتوانی بێت شەڕ لەناو لایەنەکانی کوردستان بەرپا بکات، بەراگەیاندنی سێبەر و ئاڕاستەکراو، یان بە نووسینەکانی ئەم ئەجندایەی جێ بەجێ کردووە.

ئەوەی ئێستا لەمیدیاکان لەسەر رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان دەوروژێت و بەردەوام باسی دەکرێت، ئەگەرچی بەکردەوە زەحمەتە بگاتە رێکكەوتن و یەکگرتنەوەی تەواوی ئەم دوو حزبە، بەڵام بەجدی خەڵکی لە جموجۆڵ و ھەنگاوەکانی نەوشیروان مستەفا بەگومانن و بەدووری نازانن ئەو پیاوە جارێکی دیكه‌ لەپەنای یەکێتیەوە جەولەیەکی دیكه‌ی پشێویی و نائارامی بۆ کوردستان بگەرێنێتەوە.

Top